عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سكاڵای یه‌زدان له‌ دژی ئیسرائیل 
1
گوێ بگرن له‌وه‌ی یه‌زدان ده‌فه‌رموێت:
«هه‌سته‌، بڕۆ له‌لای چیاكانه‌وه‌ سكاڵا بكه‌،
با گرده‌كان گوێیان لێبێت كه‌ چی ده‌ڵێیت.
2
«ئه‌ی چیاكان، گوێ له‌ سكاڵای یه‌زدان بگرن،
ئه‌ی بناغه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی زه‌وی، ئێوه‌ش گوێ بگرن!
چونكه‌ سكاڵای یه‌زدان له‌ گه‌له‌كه‌یه‌تی،
داواكه‌ی له‌ دژی ئیسرائیله‌.
3
«ئه‌ی گه‌له‌كه‌م، چیم لێت كردووه‌؟
به‌ چی نیگه‌رانم كردوویت؟ وه‌ڵامم بده‌وه‌!
4
من له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌رمهێنایت،
له‌ خاكی كۆیلایه‌تی تۆم كڕییه‌وه‌.
من موسام بۆ ناردی ڕابه‌رایه‌تیت بكات،
هه‌روه‌ها هارون و مریه‌میش.
5
ئه‌ی گه‌له‌كه‌م، بیهێنه‌ره‌وه‌ یادت
بالاقی پاشای مۆئاب پیلانی چی گێڕا و
به‌لعامی كوڕی به‌عۆر چی وه‌ڵام دایه‌وه‌.
گه‌شته‌كه‌ت له‌ شه‌تیمه‌وه‌ تاكو گلگال بهێنه‌ره‌وه‌ یادت،
تاكو كاره‌ ڕاستودروسته‌كانی یه‌زدان بزانیت.»
6
به‌ چی بچمه‌ به‌رده‌می یه‌زدان و
بۆ خودای پایه‌به‌رز بچه‌مێمه‌وه‌؟
ئایا به‌ قوربانی سووتاندن بچمه‌ به‌رده‌می،
به‌ گوێره‌كه‌ی ته‌مه‌ن یه‌ك ساڵه‌؟
7
ئایا یه‌زدان به‌ هه‌زاران به‌ران و
به‌ ده‌یان هه‌زار ڕووبار له‌ ڕۆن ڕازی ده‌بێت؟
ئایا نۆبه‌ره‌كه‌م له‌ جیاتی یاخیبوونه‌كه‌م بده‌م،
به‌ری له‌شم له‌ جیاتی گوناهی خۆم؟
8
ئه‌ی مرۆڤ، یه‌زدان پێی ڕاگه‌یاندیت كه‌ چی چاكه‌ و
داوای چیت لێده‌كات:
دادوه‌ری به‌جێبهێنه‌ و حه‌زت له‌ خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ بێت و
به‌ بێفیزی له‌گه‌ڵ خوداكه‌ت هاتوچۆ بكه‌یت.
تاوان و سزای ئیسرائیل 
9
ئه‌گه‌ر ئێوه‌ دانان له‌ ناوی خودا بترسن!
ده‌نگی یه‌زدان بانگه‌واز بۆ شاره‌كه‌ ده‌كات:
«ئه‌ی گه‌ل و ئه‌وانه‌ی له‌ شار كۆده‌بنه‌وه‌، گوێ بگرن!
10
ئه‌ی ماڵی خراپه‌كار، ئایا هێشتا گه‌نجینه‌ی داهاتی ناڕه‌واییتان له‌بیر ده‌كه‌م؟
ئایا ئێفه‌ی[a] ناته‌واو كه‌ نه‌فره‌ت لێكراوه‌ له‌یادی ده‌كه‌م؟
11
ئایا ئه‌وانه‌ی ته‌رازوویان درۆیه‌ بێتاوانیان ده‌كه‌م،
ئه‌وانه‌ی فێڵ له‌ تووره‌كه‌ی كێش ده‌كه‌ن؟
12
ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی سته‌مكارن،
دانیشتووانه‌كه‌شی قسه‌ی درۆ ده‌كه‌ن و
به‌ زمانیان فێڵ ده‌كه‌ن.
13
له‌به‌ر ئه‌وه‌ خه‌ریكم سزاتان ده‌ده‌م،
له‌به‌ر گوناهه‌كانتان وێرانتان ده‌كه‌م.
14
ئێوه‌ ده‌خۆن و تێر نابن،
گه‌ده‌تان هه‌رده‌م به‌تاڵ ده‌بێت.
ئه‌مبار ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ نامێنێته‌وه‌،
چونكه‌ ئه‌وه‌ی مایه‌وه‌ ده‌یده‌مه‌ شمشێر.
15
ئێوه‌ ده‌چێنن و نادورنه‌وه‌،
زه‌یتوون ده‌گوشن و به‌ ڕۆنه‌كه‌ی خۆتان چه‌ور ناكه‌ن،
ترێ ده‌گوشن و له‌ شه‌رابه‌كه‌ی ناخۆنه‌وه‌.
16
چونكه‌ فه‌رزه‌كانی عۆمری[b] و
هه‌موو نه‌ریته‌كانی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌حاڤت به‌جێهێناوه‌ و
ڕێگای ڕاوێژه‌كانی ئه‌وانتان گرتووه‌ته‌به‌ر.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ وێرانتان ده‌كه‌م و
دانیشتووانه‌كه‌ت ده‌كه‌مه‌ مایه‌ی گاڵته‌جاڕی و
تانه‌ و ته‌شه‌ری نه‌ته‌وه‌كان.»
  1. a. 6‏:10 ئێفه‌ یه‌كه‌یه‌كی كێشه‌، بیست و دوو لیتر بوو.
  2. b. 6‏:16 عۆمری باوكی ئه‌حاڤ بوو، هه‌ردووكیان گه‌لی خودایان بۆ بتپه‌رستی هاندا. بڕوانه‌ 1 پاشایان 16‏:23‏-26.