عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
تاقیكردنه‌وه‌ی عیسا 
1
پاشان عیسا به‌هۆی ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ بردرایه‌ چۆڵه‌وانی، تاكو له‌لایه‌ن ئیبلیسه‌وه‌ تاقی بكرێته‌وه‌.
2
دوای چل شه‌و و چل ڕۆژ به‌ڕۆژوو بوون، برسی بوو.
3
تاقیكه‌ره‌وه‌ لێی هاته‌ پێش، پێی گوت: «ئه‌گه‌ر تۆ كوڕی خودایت[a] ، به‌م به‌ردانه‌ بڵێ با ببن به‌ نان.»
4
به‌ڵام عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «نووسراوه‌: {مرۆڤ ته‌نها به‌ نان ناژیێت، به‌ڵكو به‌ هه‌ر وشه‌یه‌ك كه‌ له‌ ده‌می خوداوه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌.}[b] »
5
ئینجا ئیبلیس بردییه‌ شاری پیرۆز و له‌سه‌ر گوێسه‌بانه‌ی[c] په‌رستگا ڕایگرت و
6
پێی گوت: «ئه‌گه‌ر تۆ كوڕی خودایت خۆت هه‌ڵبده‌ خواره‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسراوه‌:
«{سه‌باره‌ت به‌ تۆ فه‌رمان به‌ فریشته‌كانی ده‌دات،
له‌سه‌ر ده‌ستیان هه‌ڵتده‌گرن،
تاكو پێت به‌ر به‌ردێك نه‌كه‌وێت.}[d] »
7
عیساش پێی فه‌رموو: «هه‌روه‌ها نووسراوه‌: {یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان تاقی مه‌كه‌نه‌وه‌.}[e] »
8
دیسان ئیبلیس بۆ سه‌ر شاخێكی زۆر بڵندی برد و هه‌موو شانشینه‌كانی جیهان و شكۆی ئه‌وانی پیشان دا و
9
پێی گوت: «هه‌موو ئه‌مانه‌ت ده‌ده‌مێ ئه‌گه‌ر كڕنۆش ببه‌یت و بمپه‌رستی.»
10
ئینجا عیساش پێی فه‌رموو: «شه‌یتان لێم دووربكه‌وه‌! چونكه‌ نووسراوه‌: {كڕنۆش بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت ده‌به‌یت و ته‌نها ئه‌و ده‌په‌رستیت.}[f] »
11
ئینجا ئیبلیس وازی لێ هێنا و فریشته‌ش هاتن و خزمه‌تیان كرد.
مژده‌به‌خشین له‌ جه‌لیل 
12
كاتێك عیسا بیستی یه‌حیا گیراوه‌، خۆی گه‌یانده‌وه‌ جه‌لیل.
13
ناسیره‌ی به‌جێهێشت و هات له‌ «كه‌فه‌رناحوم» نیشته‌جێ بوو، كه‌ له‌سه‌ر ده‌ریاچه‌یه‌، له‌ سنووری زه‌بولون و نه‌فتالی[g] ،
14
تاكو ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی پێغه‌مبه‌ر ئیشایاوه‌ گوتراوه‌ بێته‌ دی:
15
{خاكی زه‌بولون و خاكی نه‌فتالی،
ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگای ده‌ریایه‌، ئه‌وبه‌ری ڕووباری ئوردون،
جه‌لیلی نه‌ته‌وه‌كان[h] ،
16
ئه‌و گه‌له‌ی له‌ تاریكیدا دانیشتووه‌،
ڕووناكییه‌كی گه‌وره‌ی بینی،
دانیشتووان له‌ خاكی سێبه‌ری مه‌رگ
ڕووناكی به‌سه‌ریاندا هه‌ڵات.}[i]
17
له‌و كاته‌وه‌ عیسا ده‌ستی به‌ جاڕدان كرد و ده‌یفه‌رموو: «تۆبه‌ بكه‌ن، چونكه‌ پاشایه‌تی ئاسمان نزیك بووه‌ته‌وه‌.»
عیسا قوتابییه‌كانی هه‌ڵده‌بژێرێت 
18
كاتێك عیسا له‌ كه‌ناری ده‌ریاچه‌ی جه‌لیل ده‌ڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن كه‌ پێی ده‌گوترێ په‌ترۆس له‌گه‌ڵ ئه‌ندراوسی برای، تۆڕیان فڕێده‌دایه‌ ده‌ریاچه‌كه‌، چونكه‌ ماسیگر بوون.
19
عیسا پێی فه‌رموون: «وه‌رن دوام بكه‌ون، ده‌تانكه‌م به‌ ڕاوكه‌ری مرۆڤ[j]
20
ده‌ستبه‌جێ تۆڕه‌كانیان به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن.
21
كه‌ له‌وێ ڕۆیشت، دوو برای دیكه‌ی بینی، یاقوبی كوڕی زه‌بدی و یۆحه‌نای برای، له‌ به‌له‌مێكدا له‌گه‌ڵ زه‌بدی باوكیان تۆڕه‌كانیان چاكده‌كرده‌وه‌، ئه‌وانیشی بانگكرد.
22
ده‌ستبه‌جێ به‌له‌مه‌كه‌ و باوكیان به‌جێهێشت و دوای عیسا كه‌وتن.
عیسا نه‌خۆش چاك ده‌كاته‌وه‌ 
23
ئینجا عیسا به‌ هه‌موو جه‌لیلدا ده‌گه‌ڕا، له‌ كه‌نیشته‌كان[k] خه‌ڵكی فێر ده‌كرد و مزگێنی[l] پاشایه‌تییه‌كه‌ی ڕاده‌گه‌یاند، هه‌رچی نه‌خۆشی و هه‌رچی نه‌ساغی نێو خه‌ڵك هه‌بوو، چاكی ده‌كردنه‌وه‌.
24
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌نگوباسی ته‌واوی سوریای گرته‌وه‌، ئه‌وانیش هه‌موو نه‌خۆشێكیان ده‌هێنایه‌ لای، به‌ جۆره‌ها ده‌رد و ئازاره‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕۆحی پیسیان تێدا بوو و فێدار و ئیفلیج بوون چاكیكردنه‌وه‌.
25
جا خه‌ڵكێكی زۆر له‌ جه‌لیل و ده‌ شاره‌كه‌[m] و ئۆرشه‌لیم و یه‌هودیا و ئه‌وبه‌ری ئوردون دوای كه‌وتن.
  1. a. 4‏:3 بڕوانه‌ لستی زاراوه‌كان له‌ پاشكۆ.
  2. b. 4‏:4 \+xt دواوتار 8‏:3‏\+xt*.
  3. c. 4‏:5 سوانده‌.
  4. d. 4‏:6 \+xt زه‌بووره‌كان 91‏:11‏-12‏\+xt*‏
  5. e. 4‏:7 \+xt دواوتار 6‏:16‏\+xt*
  6. f. 4‏:10 \+xt دواوتار 6‏:13‏\+xt*
  7. g. 4‏:13 دوو ناوچه‌ی بچووكن ده‌كه‌ونه‌ باكووری فه‌له‌ستین و ڕۆژئاوای ده‌ریاچه‌ی جه‌لیل، به‌ ناوی دووان له‌ كوڕه‌كانی حه‌زره‌تی یاقوب ناونراون.
  8. h. 4‏:15 مه‌به‌ست له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانه‌ جگه‌ له‌ جوله‌كه‌، بڕوانه‌ \+xt مه‌تا 10‏:5‏\+xt*‏.
  9. i. 4‏:16 \+xt ئیشایا 9‏:1‏-2‏\+xt*‏
  10. j. 4‏:19 مه‌به‌ست له‌ هێنانی خه‌ڵكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببه‌ن به‌ قوتابی مه‌سیح.
  11. k. 4‏:23 كه‌نیشت: به‌و شوێنه‌ ده‌گوترێت كه‌ جوله‌كه‌كان نوێژ و خواپه‌رستی و خوێندنی ته‌وراتی لێ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
  12. l. 4‏:23 یۆنانی: \+tl ئیوانجیلیۆن\+tl*، له‌ زمانی عه‌ره‌بی بووه‌ به‌ ئینجیل. له‌ زمانی یۆنانی به‌ واتای مژده‌ دێت، به‌ تایبه‌تی ڕاگه‌یاندنی هاتنی پاشا، لێره‌دا بۆ هاتنی مه‌سیح به‌كارهاتووه‌.
  13. m. 4‏:25 ده‌ شاره‌كه‌: دیكاپۆلیس، ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری ئوردون.