عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
تاقیکردنەوەی عیسا 
1
پاشان عیسا بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن ئیبلیسەوە تاقی بکرێتەوە.
2
دوای ئەوەی کە چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوو، برسی بوو.
3
تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش، پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت[a] ، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان.»
4
بەڵام عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: ﴿مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خوداوە دێتە دەرەوە.﴾[b] »
5
ئینجا ئیبلیس بردییە شاری پیرۆز[c] و لەسەر گوێسەبانەی[d] پەرستگا ڕایگرت و
6
پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە:
«﴿سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،
لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن،
تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.﴾[e] »
7
عیساش پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: ﴿یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.﴾[f] »
8
دیسان ئیبلیس بۆ سەر شاخێکی زۆر بڵندی برد و هەموو شانشینەکانی جیهان و شکۆی ئەوانی پیشان دا و
9
پێی گوت: «هەموو ئەمانەت دەدەمێ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی.»
10
ئینجا عیساش پێی فەرموو: «ئەی شەیتان لێم دووربکەوە! چونکە نووسراوە: ﴿کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.﴾[g] »
11
ئیتر ئیبلیس وازی لێ هێنا و چەند فریشتەیەک هاتن و خزمەتیان دەکرد.
مژدەبەخشین لە جەلیل 
12
کاتێک عیسا بیستی یەحیا گیراوە، گەڕایەوە بۆ ناوچەی جەلیل.
13
ناسیرەی بەجێهێشت و هات لە شاری کەفەرناحوم نیشتەجێ بوو، کە لەسەر دەریاچەیە، لە سنووری زەبولون و نەفتالی[h] ،
14
تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی:
15
﴿ئەی خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی،
ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون،
جەلیلی ناجولەکەکان،
16
ئەو گەلەی لە تاریکیدا دانیشتووە،
ڕووناکییەکی گەورەی بینی،
دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ
ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات.﴾[i]
17
لەو کاتەوە عیسا دەستی کرد بە جاڕدان و دەیفەرموو: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.»
هەڵبژاردنی قوتابییەکان 
18
کاتێک عیسا بە کەناری دەریاچەی جەلیلدا دەڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن کە پێی دەگوترا پەترۆس لەگەڵ ئەندراوسی برای، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون.
19
عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ[j]
20
دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.
21
کە لەوێ ڕۆیشت، دوو برای دیکەی بینی، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، لە بەلەمێکدا لەگەڵ زەبدی باوکیان تۆڕەکانیان چاک دەکردەوە، ئەوانیشی بانگکرد.
22
دەستبەجێ بەلەمەکە و باوکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.
عیسا نەخۆش چاک دەکاتەوە 
23
ئینجا عیسا بە هەموو جەلیلدا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان[k] خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی[l] پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و نەساغی نێو خەڵک هەبوو چاکی دەکردنەوە.
24
لەبەر ئەوە دەنگوباسی تەواوی سوریای[m] گرتەوە، ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای، بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو و فێدار و ئیفلیج بوون، چاکی دەکردنەوە.
25
جا خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و دە شارەکە[n] و ئۆرشەلیم و یەهودیا و ئەوبەری ڕووباری ئوردون دوای کەوتن.
  1. a. 4‏:3 بڕوانە لیستی زاراوەکان لە پاشکۆ.‏
  2. b. 4‏:4 دواوتار 8‏:3‏.‏
  3. c. 4‏:5 شاری پیرۆز: مەبەستی لە ئۆرشەلیمە.‏
  4. d. 4‏:5 سواندە.‏
  5. e. 4‏:6 زەبوورەکان 91‏:11‏-12‏‏
  6. f. 4‏:7 دواوتار 6‏:16‏‏
  7. g. 4‏:10 دواوتار 6‏:13‏‏
  8. h. 4‏:13 دوو ناوچەی بچووکن دەکەونە باکووری فەلەستین و ڕۆژئاوای دەریاچەی جەلیل، بە ناوی دووان لە کوڕەکانی حەزرەتی یاقوب ناونراون.‏
  9. i. 4‏:16 ئیشایا 9‏:1‏-2‏‏
  10. j. 4‏:19 مەبەست لە هێنانی خەڵکە بۆ ئەوەی ببەن بە قوتابی مەسیح.‏
  11. k. 4‏:23 کەنیشت: بەو شوێنە دەگوترێت کە جولەکەکان نوێژ و خواپەرستی و خوێندنی تەوراتی لێ ئەنجام دەدەن.‏
  12. l. 4‏:23 یۆنانی: \+tl ئیوانجیلیۆن‏\+tl*، لە زمانی عەرەبی بووە بە ئینجیل. لە زمانی یۆنانی بە واتای مژدە دێت، بە تایبەتی ڕاگەیاندنی هاتنی پاشا، لێرەدا بۆ هاتنی مەسیح بەکارهاتووە.‏
  13. m. 4‏:24 q سوریا لەو سەردەمەدا بە خاکی باکووری جەلیل گوتراوە سوریا، کە هەرێمێکی ژێر دەسەڵاتی ڕۆمانی بووە.‏
  14. n. 4‏:25 دە شارەکە: دیکاپۆلیس، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون.‏