عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مۆغەکان سەردانی مەسیح دەکەن 
1
لەدوای لەدایکبوونی عیسا لە بێت‌لەحمی یەهودیا[a] ، لە سەردەمی هێرۆدسی[b] پاشا، هەندێک مۆغ[c] لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە ئۆرشەلیم،
2
پرسییان: «پاشای لەدایکبووی جولەکە لەکوێیە‏؟ لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەستێرەی ئەومان بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین.»
3
کاتێک هێرۆدسی پاشا ئەمەی بیست، پەشۆکا و هەموو خەڵکی ئۆرشەلیم لەگەڵی پەشۆکان.
4
هەموو کاهینانی[d] باڵا و مامۆستایانی تەوراتی[e] گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیح لەکوێ لە دایک دەبێت؟»
5
وەڵامیان دایەوە: «لە بێت‌لەحمی یەهودیا، چونکە لە ڕێی پێغەمبەرەکەوە[f] ئاوا نووسراوە:
6
«﴿بەڵام تۆ ئەی بێت‌لەحمی خاکی یەهودا،
کەمتر نیت لە شارۆچکەکانی دیکەی یەهودا،
چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت،
شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم دەکات.﴾[g] »
7
دوای ئەمە هێرۆدس بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن.
8
ئینجا بۆ بێت‌لەحمی ناردن و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم.»
9
لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، هەمان ئەو ئەستێرەیەی کە لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت و هات و لەسەر ئەو شوێنە ڕاوەستا کە منداڵەکەی لێبوو.
10
کاتێک ئەستێرەکەیان بینی، زۆر شادمان بوون،
11
چوونە ماڵەکە، منداڵەکەیان لەگەڵ مریەمی دایکی بینی، دانەوینەوە و کڕنۆشیان بۆ برد و سندوقی گەنجینەکانیان کردەوە، زێڕ و بخوور و موڕیان[h] بە دیاری پێشکەش کرد.
12
ئینجا خودا لە خەوندا مۆغەکانی ئاگادار کردەوە کە نەگەڕێنەوە لای هێرۆدس، ئەوانیش بە ڕێگایەکی دیکەدا گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.
هەڵاتن بەرەو میسر 
13
دوای ڕۆیشتنی مۆغەکان، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی یوسف و گوتی: «هەستە، منداڵەکە و دایکی ببە و ڕابکە بۆ میسر. لەوێ بمێنەوە هەتا پێت دەڵێم، چونکە هێرۆدس وا بە شوێن منداڵەکەدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بیکوژێت.»
14
یوسفیش هەستا و لە شەودا منداڵەکە و دایکی برد و بەرەو میسر ڕۆیشت،
15
هەتا مردنی هێرۆدس لەوێ مایەوە، تاوەکو ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە[i] فەرموویەتی بێتە دی، کە دەفەرموێ: ﴿من کوڕی خۆمم لە میسر بانگ کرد.﴾[j]
16
کاتێک هێرۆدس زانی مۆغەکان فریویان داوە، زۆر تووڕە بوو. بەگوێرەی ئەو کاتەی لە مۆغەکانەوە لێی کۆڵیبووەوە، ناردی و هەموو کوڕێکی تەمەن دوو ساڵ بەرەو خواری لە بێت‌لەحم و دەوروبەری کوشت.
17
ئینجا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر یەرمیا گوترابوو هاتە دی:
18
﴿دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا،
گریان و شیوەنێکی گەورە،
ڕاحێل[k] بۆ منداڵەکانی دەگریێت،
ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت،
چونکە نەماون.﴾[l]
گەڕانەوە بۆ شاری ناسیرە 
19
کاتێک هێرۆدس مرد، فریشتەیەکی یەزدان لە میسر هاتە خەونی یوسف و
20
گوتی: «هەستە، منداڵەکە و دایکی ببە و بڕۆ بۆ خاکی ئیسرائیل، چونکە ئەوانەی دەیانویست منداڵەکە بکوژن، مردن.»
21
یوسفیش هەستا، منداڵەکە و دایکی برد و گەڕایەوە خاکی ئیسرائیل.
22
بەڵام کاتێک بیستی ئەرخیلاوس لە یەهودیا لە جێی هێرۆدسی باوکی فەرمانڕەوایە، ترسا بچێتە ئەوێ. دوای ئەوەی لە خەوندا ئاگادار کرایەوە، گەڕایەوە ناوچەی جەلیل.
23
جا هات و لە شارۆچکەیەک نیشتەجێ بوو بە ناوی ناسیرە، بۆ ئەوەی ئەو فەرمایشتەی لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە گوترابوو بێتە دی: ﴿بە ناسیرەیی ناودەبردرێت.﴾
  1. a. 2‏:1 لە پەیمانی کۆن ناوی یەهودا بووە.‏
  2. b. 2‏:1 هێرۆدس: هێرۆدسی گەورە لە 37‏–4 پ. ز. پاشای یەهودیا بوو.‏
  3. c. 2‏:1 بە زمانی یۆنانی پێی دەگوترێت مەغۆس. مۆغان پیاوانی ئایینی زەردەشتی بوون کە ئەستێرەناسیش بوون.‏
  4. d. 2‏:4 کاهین: پیاوێکی ئایینی جولەکەیە کە هەڵدەستێ بە ئەرکی قوربانی کردن لەناو پەرستگا و فێرکردنی وشەی خودا و شەریعەتی پەیمانی کۆن بە خەڵکی.‏
  5. e. 2‏:4 مالم.‏
  6. f. 2‏:5 مەبەست لە پێغەمبەر میخایە.‏
  7. g. 2‏:6 میخا 5‏:2‏‏
  8. h. 2‏:11 موڕ: بەکاردەهێنرا لە ئامادەکردنی تەرم بۆ ناشتن، بڕوانە یۆحەنا 19‏:39‏‏.‏
  9. i. 2‏:15 مەبەست لە پێغەمبەر هۆشەعە.‏
  10. j. 2‏:15 هۆشەع 11‏:1‏‏.‏
  11. k. 2‏:18 ڕاحێل یەکێکە لە ژنەکانی حەزرەتی یاقوب، دایکی یوسف و بنیامینە، لێرەدا هێمایە بۆ دایکە بنیامینییەکان.‏
  12. l. 2‏:18 یەرمیا 31‏:15‏‏