عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - شێوە گۆڕانی عیسا
 - 1
 - دوای شەش ڕۆژ، عیسا بە تەنها پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای لەگەڵ خۆی برد و بۆ سەر چیایەکی بەرز ڕێبەریی کردن.
 - 2
 - پاشان لەپێشیان شێوەی گۆڕا، ڕووی وەک ڕۆژ دەدرەوشایەوە و جلەکانی وەک ڕووناکی سپی هەڵگەڕان.
 - 3
 - لەناکاو موسا و ئەلیاسیان بۆ دەرکەوت و لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.
 - 4
 - ئینجا پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. ئەگەر حەز دەکەیت لێرە سێ کەپر دروستدەکەم، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.»
 - 5
 - کاتێک قسەی دەکرد، هەورێکی ڕۆشن باڵی بەسەریاندا کێشا و دەنگێک لە هەورەکەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی پێی دڵشادم. گوێی لێ بگرن!»
 - 6
 - کاتێک قوتابییەکان گوێیان لەو دەنگە بوو، بەدەمدا کەوتن، زۆر ترسان.
 - 7
 - بەڵام عیسا هات، دەستی لێدان و فەرمووی: «هەستن، مەترسن!»
 - 8
 - ئینجا چاویان هەڵبڕی و لە عیسا زیاتر کەسیان نەبینی.
 - 9
 - کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان و فەرمووی: «ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێنرێتەوە.»
 - 10
 - قوتابییەکانی لێیان پرسی: «باشە بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت؟»
 - 11
 - عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە.
 - 12
 - بەڵام پێتان دەڵێم: ئەلیاس هات و نەیانناسی، چییان ویست پێیان کرد. هەروەها کوڕی مرۆڤیش بە دەستیانەوە ئازار دەچێژێت.»
 - 13
 - ئەوسا قوتابییەکان تێگەیشتن کە باسی یەحیای لەئاوهەڵکێشی بۆ کردن.
 - دەرکردنی ڕۆحی پیس لە کوڕێکدا
 - 14
 - کاتێک گەیشتنە لای خەڵکەکە، کابرایەک هات و لەبەردەمی چۆکی دادا و
 - 15
 - گوتی: «گەورەم، بەزەییت بە کوڕەکەمدا بێتەوە، فێدارە و ئازارێکی زۆر دەچێژێت. زۆر جار دەکەوێتە ناو ئاگر و زۆر جاریش ناو ئاوەوە.
 - 16
 - هێنامە لای قوتابییەکانت، بەڵام نەیانتوانی چاکی بکەنەوە.»
 - 17
 - جا عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ ئەو کوڕە بهێننە ئێرە بۆ لام.»
 - 18
 - عیسا لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و لە کوڕەکە هاتە دەرەوە، لەو کاتەوە کوڕەکە چاک بووەوە.
 - 19
 - پاشان قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»
 - 20
 - ئەویش پێی فەرموون: «لەبەر کەمی باوەڕتان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر ئەوەندەی دەنکە خەرتەلەیەک باوەڕتان هەبێ، بەو کێوە دەڵێن ”لەوێ بڕۆ،“ دەڕوات و هیچ شتێک بۆتان مەحاڵ نابێت. {
 - 21
 - بەڵام ئەم جۆرە ڕۆحانە دەرناکرێن، بە نوێژ و ڕۆژوو نەبێت.}»
 - دووەم باسی مردنی عیسا
 - 22
 - کاتێک قوتابییەکان لە جەلیل کۆبوونەوە، عیسا پێی فەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و
 - 23
 - دەیکوژن، لە ڕۆژی سێیەم هەڵدەستێنرێتەوە.» قوتابییەکانیش بەمە زۆر دڵگران بوون.
 - باجی پەرستگا
 - 24
 - کاتێک عیسا و قوتابییەکانی گەیشتنە کەفەرناحوم، باجگرانی دوو درهەمەکەی پەرستگا[a]  هاتنە لای پەترۆس و گوتیان: «ئەرێ مامۆستاکەتان باجی پەرستگا نادات؟»
 - 25
 - گوتی: «بەڵێ.»
کاتێک پەترۆس هاتە ماڵەوە، عیسا پێشی کەوت و فەرمووی: «ڕات چییە شیمۆن؟ پاشایانی زەوی سەرانە و باج لە کێ وەردەگرن؟ لە هاوڵاتییانی خۆیان یان لە خەڵکی بیانی؟» - 26
 - پەترۆس گوتی: «لە بیانی.»
عیساش پێی فەرموو: «کەواتە هاوڵاتییان ئازادن. - 27
 - بەڵام تاکو بۆیان نەبینە کۆسپ، بڕۆ دەریاچەکە و قولاپ هەڵبدە، یەکەم ماسی کە دەیگریت، دەمی بکەرەوە، دراوێکی ستاتیر[b]  دەبینیتەوە، بیبە و لە جیاتی خۆم و خۆت بیاندەرێ.»
 
- a. 17:24 باجی تایبەت بووە بە پەرستگا، ساڵانە کۆدەکرایەوە. بڕوانە دەرچوون 30:13.
 - b. 17:27 ستاتیر جۆرە دراوێک بووە کە دەیکردە چوار درهەم.
 

