عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - داواکردنی نیشانەی ئاسمانی
 - 1
 - فەریسی و سەدوقییەکان هاتنە لای عیسا بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوایان لێکرد نیشانەیەکی ئاسمانییان پیشان بدات.
 - 2
 - عیسا وەڵامی دایەوە: «کە ئێوارە دادێت، دەڵێن، ”ساماڵ دەبێت، چونکە ئاسمان سوور هەڵگەڕاوە،“
 - 3
 - سەر لە بەیانیش، ”ئەمڕۆ باوبۆران دەبێت، چونکە ئاسمان سوور هەڵگەڕاوە و هەورە.“ ئێوە دەزانن ڕووی ئاسمان بخوێننەوە، بەڵام ناتوانن نیشانەکانی زەمانە لێکبدەنەوە!
 - 4
 - نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس داوای نیشانە دەکات، نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونس.» ئینجا بەجێی هێشتن و ڕۆیشت.
 - هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان
 - 5
 - کاتێک قوتابییەکان گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بینییان لەبیریان چووە لەگەڵ خۆیان نان ببەن.
 - 6
 - عیسا پێی فەرموون: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان بن.»
 - 7
 - لەناو خۆیاندا گفتوگۆیان کرد و گوتیان: «ئەوە بۆیە وا دەڵێت، چونکە نانمان لەگەڵ خۆمان نەهێناوە.»
 - 8
 - عیسا زانی و پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی لەنێو خۆتان دەڵێن نانمان نییە؟
 - 9
 - ئایا هێشتا تێنەگەیشتوون؟ نایەتە بیرتان پێنج نانەکەی پێنج هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟
 - 10
 - یان حەوت نانەکەی چوار هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟
 - 11
 - چۆن تێناگەن من باسی نانم بۆ نەکردن؟ ئاگاداری هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان بن!»
 - 12
 - ئینجا تێگەیشتن کە ئەو لە هەویرترشی نان ئاگاداریان ناکاتەوە، بەڵکو لە فێرکردنی فەریسی و سەدوقییەکان.
 - پەترۆس دان بە عیسادا دەنێت کە مەسیحەکەیە
 - 13
 - کە عیسا گەیشتە ناوچەی قەیسەرییەی فیلیپۆس، لە قوتابییەکانی پرسی: «ئایا خەڵک دەڵێن کوڕی مرۆڤ کێیە؟»
 - 14
 - وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێشە، هەندێکی دیکە دەڵێن ئەلیاسە، هەندێکیش یەرمیا یان یەکێک لە پێغەمبەران.»
 - 15
 - پێی فەرموون: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟»
 - 16
 - شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت، کوڕی خودای زیندووی.»
 - 17
 - عیساش وەڵامی دایەوە: «شیمۆنی کوڕی یۆنا، خۆزگەت پێ دەخوازرێت، چونکە گۆشت و خوێن ئەمەیان بۆت ئاشکرا نەکرد، بەڵکو ئەو باوکەم کە لە ئاسمانە.
 - 18
 - منیش پێت دەڵێم، تۆ پەترۆسی[a] و لەسەر ئەم بەردە کۆمەڵەی[b] خۆم بنیاد دەنێم کە دەروازەکانی دۆزەخ[c] پێی ناوێرێت.
 - 19
 - کلیلەکانی شانشینی ئاسمانت دەدەمێ، ئەوەی تۆ لەسەر زەوی دایبخەیت، لە ئاسماندا داخراو دەبێت، ئەوەی تۆ لەسەر زەوی بیکەیتەوە، لە ئاسماندا کراوە دەبێت.»
 - 20
 - ئینجا قوتابییەکانی ڕاسپارد کە بە کەس نەڵێن ئەو مەسیحەکەیە.
 - یەکەم باسی مردنی عیسا
 - 21
 - لەو کاتەوە عیسا دەستی کرد بە ڕوونکردنەوە بۆ قوتابییەکانی کە دەبێت بچێتە ئۆرشەلیم، لەوێ بە دەستی پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات زۆر ئازار بچێژێت و بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە.
 - 22
 - پەترۆس عیسای هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی: «خودا نەکات گەورەم! هەرگیز ئەمەت بەسەرنەیەت!»
 - 23
 - عیسا ئاوڕی دایەوە و بە پەترۆسی فەرموو: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ کۆسپی لەبەردەمم، چونکە بیر لە کاروبارە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو کاروباری مرۆڤانە.»
 - خۆ ئامادەکردن بۆ مردن
 - 24
 - ئینجا عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت.
 - 25
 - ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، بەدەستی دەهێنێت.
 - 26
 - چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان کەسێک لە بەرامبەر ژیانیدا چ بەهایەک دەدات؟
 - 27
 - کوڕی مرۆڤ بە شکۆی باوکیەوە لەگەڵ فریشتەکانی خۆی دەگەڕێتەوە، ئەوسا پاداشتی هەرکەسێک بەپێی کرداری دەداتەوە.
 - 28
 - «ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن هەتا کوڕی مرۆڤ نەبینن وەک پاشا دێتەوە.»
 
- a. 16:18 پەترۆس بە زمانی یۆنانی واتا بەرد.
 - b. 16:18 یۆنانی: کڵێسا.
 - c. 16:18 مەبەست لەوەیە کە دوژمن لە بەهێزترین بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ کڵێسادا، هەرگیز ناتوانێت کڵێسا لەناوببات.
 

