عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سەرپێچیکردنی ڕاسپاردەی خودا 
1
ئینجا چەند کەسێک لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی:
2
«بۆچی قوتابییەکانت نەریتی پیران دەشکێنن؟ پێش نانخواردن دەستیان ناشۆن!»
3
ئەویش وەڵامی دانەوە: «ئەی بۆچی ئێوە لەبەر نەریتی خۆتان سەرپێچیی ڕاسپاردەی خودا دەکەن؟
4
چونکە خودا فەرموویەتی: ﴿ڕێزی دایک و باوکتان بگرن﴾[a] ، ﴿ئەوەی نەفرەت لە دایکی یان باوکی بکات، دەبێت بکوژرێت.﴾[b]
5
بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ’ئەوەی بەنیاز بووم بیدەمە ئێوە بۆ خودام تەرخان کردووە،‘
6
ئەوا پێویست ناکات کە ڕێزی دایک و باوکی بگرێت.“ جا لەبەر نەریتی خۆتان دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە.
7
ئەی دووڕووان! سەبارەت بە ئێوە ئیشایای پێغەمبەر پێشبینییەکی باشی کردووە کە فەرموویەتی:
8
«﴿ئەم گەلە هەر بە دەم ڕێزم لێ دەگرن،
بەڵام دڵیان لێم دوورە.
9
بەخۆڕایی دەمپەرستن،
تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.﴾»[c]
ئەوەی مرۆڤ گڵاو دەکات 
10
عیسا خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «گوێ بگرن و تێبگەن.
11
ئەوەی دەچێتە ناو دەمەوە مرۆڤ گڵاو ناکات، بەڵکو ئەوەی لە دەم دێتە دەرەوە، ئەوە مرۆڤ گڵاو دەکات.»
12
ئینجا قوتابییەکان هاتنە پێش و لێیان پرسی: «دەزانی کاتێک فەریسییەکان گوێیان لە قسەکە بوو بێزار بوون؟»
13
وەڵامی دایەوە: «هەر ڕووەکێک باوکی ئاسمانیم نەیچاندبێت، هەڵدەکەنرێت.
14
وازیان لێ بهێنن، ئەوانە کوێرن و ڕێنمایی کوێرەکان دەکەن. ئەگەر کوێر ڕێنمایی کوێر بکات، هەردووکیان دەکەونە چاڵەوە.»
15
پەترۆس پێی گوت: «ئەم نموونەیەمان بۆ ڕوون بکەوە.»
16
عیسا فەرمووی: «ئێوەش هێشتا تێناگەن؟
17
ئایا نازانن هەرچی دەچێتە ناو دەم دەڕواتە ناو سک و پاشان دەچێتە دەرەوەی جەستە؟
18
بەڵام ئەوەی لە دەمەوە دێتە دەرەوە، لە دڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەبێتە هۆی گڵاوبوونی مرۆڤ،
19
چونکە بیری خراپ لە دڵەوە دەردەچێت، کوشتن، داوێنپیسی، بەدڕەوشتی، دزی، شایەتی درۆ، کفرکردن.
20
ئەمانە مرۆڤ گڵاو دەکەن. بەڵام نانخواردن بەبێ دەست شوشتن مرۆڤ گڵاو ناکات.»
باوەڕی ژنێکی کەنعانی 
21
عیسا لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ ناوچەکانی سور و سەیدا.
22
ژنێکی کەنعانی خەڵکی دەوروبەری ئەوێ، بەرەو ڕووی هات و هاواری کرد: «گەورەم، ئەی کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە! کچەکەم بەهۆی ڕۆحی پیسەوە ئازارێکی زۆری هەیە.»
23
بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە. قوتابییەکانی هاتنە پێشی و تکایان لێی کرد: «بەڕێی بکە، وا بەدوامانەوە هاوار دەکات.»
24
وەڵامی دایەوە: «من تەنها بۆ مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل نێردراوم.»
25
بەڵام ژنەکە هات و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، یارمەتیم بدە!»
26
وەڵامی دایەوە: «ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»
27
ژنەکە گوتی: «ڕاستە گەورەم، بەڵام سەگیش لەو پاشماوەیە دەخوات کە لە خوانی گەورەکانی بەردەبێتەوە.»
28
ئینجا عیسا وەڵامی دایەوە: «خانم، باوەڕی تۆ بەهێزە! ئەوەی داوای دەکەیت با بۆت ببێت.» لەو کاتەوە کچەکەش چاک بووەوە.
تێرکردنی چوار هەزار کەس 
29
ئینجا عیسا لەوێ ڕۆیشت و هاتە لای دەریاچەی جەلیل، چووە سەر شاخێک و لەوێ دانیشت.
30
ئەوە بوو خەڵکێکی زۆر هاتنە لای، شەل و کوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیکەشیان لەگەڵ بوو، لەبەرپێی دایاننان، ئەویش چاکیکردنەوە.
31
تەنانەت خەڵکەکە سەرسام بوون کە بینییان لاڵ قسە دەکات و گۆج چاکدەبێتەوە و شەل بە ڕێکی دەڕوات و کوێر دەبینێت، جا ستایشی خودای ئیسرائیلیان کرد.
32
ئینجا عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و فەرمووی: «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. ناشمەوێت بە برسیێتی بیاننێرمەوە، نەوەک لە ڕێگا بڕ نەکەن.»
33
قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «لەم چۆڵەوانییە ئەو نانە زۆرەمان لەکوێ بوو بۆ ناندانی ئەم هەموو خەڵکە؟»
34
عیساش پێی فەرموون: «چەند نانتان پێیە؟»
گوتیان: «حەوت، لەگەڵ چەند ماسییەکی بچووک.»
35
ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن.
36
حەوت نان و ماسییەکانی لێ وەرگرتن و سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن و دایە قوتابییەکان، قوتابییەکانیش دایانە خەڵکەکە.
37
هەموو خواردیان و تێربوون، دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان کۆکردەوە.
38
نانخۆران چوار هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ.
39
ئینجا عیسا خەڵکەکەی بەڕێکرد و سواری بەلەم بوو و هاتە سنووری مەگەدان.
  1. a. 15‏:4 دەرچوون 20‏:12 و دواوتار 5‏:16‏‏
  2. b. 15‏:4 دەرچوون 21‏:17 و لێڤییەکان 20‏:9‏‏
  3. c. 15‏:9 ئیشایا 29‏:13‏‏