عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
عیسا دوازده‌ نێردراوه‌كه‌ ده‌نێرێ 
1
كاتێك دوازده‌كه‌ی[a] بانگكرد، هێز و ده‌سه‌ڵاتی پێدان بۆ ده‌ركردنی هه‌موو ڕۆحه‌ پیسه‌كان و چاككردنه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كان،
2
ناردنی تاكو مزگێنی پاشایه‌تی خودا بده‌ن و نه‌خۆش چاك بكه‌نه‌وه‌.
3
پێی فه‌رموون: «بۆ ڕێگا هیچ هه‌ڵمه‌گرن، نه‌ گۆچان و نه‌ تووره‌كه‌، نه‌ نان و نه‌ پاره‌، كه‌سیش دوو كراسی نه‌بێت.
4
چوونه‌ هه‌ر ماڵێك له‌وێ بمێننه‌وه‌ هه‌تا ئه‌و كاته‌ی له‌و شوێنه‌ به‌ڕێ ده‌كه‌ون.
5
ئه‌گه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی پێشوازییان لێ نه‌كردن، له‌ شارۆچكه‌كه‌یان بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ و تۆزی پێتان بته‌كێنن، بۆ شایه‌تی له‌سه‌ریان.»
6
جا به‌ڕێكه‌وتن و به‌ گونده‌كاندا ده‌گه‌ڕان، مزگێنییان ده‌دا و له‌ هه‌موو لایه‌ك خه‌ڵكیان چاكده‌كرده‌وه‌.
7
هێرۆدسی ئه‌نتیپاسی فه‌رمانڕه‌وای جه‌لیل هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بیسته‌وه‌ كه‌ ڕوویده‌دا و سه‌ری سوڕما، چونكه‌ هه‌ندێك ده‌یانگوت: «یه‌حیا له‌ناو مردووان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌.»
8
هه‌ندێكیش ده‌یانگوت: «ئه‌لیاس ده‌ركه‌وتووه‌.» كه‌سانی دیكه‌ش: «یه‌كێك له‌ پێغه‌مبه‌رانی كۆن زیندووبووه‌ته‌وه‌.»
9
هێرۆدسیش گوتی: «خۆم سه‌ری یه‌حیام لێكرده‌وه‌، ئه‌ی ئه‌مه‌ كێیه‌ شتی وای لێ ده‌بیستم؟» له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌وڵی ده‌دا بیبینێت.
تێربوونی پێنج هه‌زار كه‌س 
10
نێردراوان گه‌ڕانه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی كردبوویان بۆ عیسایان گێڕایه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وانی برد و به‌ ته‌نها بۆ شارۆچكه‌یه‌ك چوون ناوی بێت‌سه‌یدا بوو.
11
به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ زانییان و دوای كه‌وتن، ئه‌ویش پێشوازی لێكردن و باسی پاشایه‌تی خودای بۆ كردن، ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌ چاكبوونه‌وه‌ بوو چاكیكردنه‌وه‌.
12
كاتێك ڕۆژ به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چوو، دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ هاتن و پێیان گوت: «خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێبكه‌ با بڕۆنه‌ گوند و كێڵگه‌كانی ده‌وروبه‌ر، تاكو له‌وێ بمێننه‌وه‌ و خواردنیش په‌یدا بكه‌ن، چونكه‌ ئێمه‌ لێره‌ له‌ شوێنێكی چۆڵداین.»
13
پێی فه‌رموون: «ئێوه‌ شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن.»
وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «له‌ پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییه‌، مه‌گه‌ر بڕۆین نان بۆ هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ بكڕین،»
14
چونكه‌ نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو ده‌بوون.
ئینجا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: «به‌ كۆمه‌ڵ دایاننیشێنن، هه‌ر كۆمه‌ڵێك نزیكه‌ی په‌نجا كه‌س بێت.»
15
جا به‌م جۆره‌یان كرد و هه‌موویان دانیشاندن.
16
ئینجا عیسا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ته‌ماشای ئاسمانی كرد، سوپاسی خودای كرد و له‌تی كردن، دایه‌ قوتابییه‌كان تاكو له‌به‌رده‌می خه‌ڵكه‌كه‌ی دابنێن.
17
هه‌موو خواردیان و تێر بوون. له‌و په‌لكه‌نانه‌ی لێیان مایه‌وه‌ دوازده‌ سه‌به‌ته‌ هه‌ڵگیرایه‌وه‌.
په‌ترۆس دان به‌ مه‌سیحدا ده‌نێت 
18
كاتێك عیسا به‌ ته‌نها نوێژی ده‌كرد، قوتابییه‌كان له‌گه‌ڵی بوون، لێی پرسین: «خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ڵێن من كێم؟»
19
وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێش، هه‌ندێكیش ئه‌لیاس، خه‌ڵكی دیكه‌ش ده‌ڵێن كه‌ یه‌كێك له‌ پێغه‌مبه‌رانی كۆنه‌ زیندووبووه‌ته‌وه‌.»
20
پێی فه‌رموون: «ئه‌ی ئێوه‌، ده‌ڵێن من كێم؟»
په‌ترۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «مه‌سیحی[b] خودا.»
21
ئه‌ویش ئاگاداری كردنه‌وه‌ و ڕایسپاردن ئه‌مه‌ به‌ كه‌س نه‌ڵێن.
باسی مردن و هه‌ستانه‌وه‌ی عیسا 
22
هه‌روه‌ها فه‌رمووی: «كوڕی مرۆڤ ده‌بێت زۆر ئازار بچێژێت و پیران و كاهینانی باڵا و مامۆستایانی ته‌ورات ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌، بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ستێنرێته‌وه‌.»
23
ئینجا به‌ هه‌مووانی فه‌رموو: «ئه‌گه‌ر یه‌كێك ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و ڕۆژانه‌ خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت،
24
چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت ژیانی خۆی ڕزگار بكات ده‌یدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری ده‌كات[c] .
25
چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌، به‌ڵام خۆی بدۆڕێنێت یان خۆی له‌ ده‌ست بدات؟
26
ئه‌وه‌ی شه‌رمی به‌ من و به‌ وته‌كانم بێت، كوڕی مرۆڤیش شه‌رمی پێی ده‌بێت، كاتێك به‌ شكۆی خۆی و باوك و فریشته‌ پیرۆزه‌كانه‌وه‌ دێته‌وه‌.
27
به‌ڵام ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، هه‌ندێك له‌وانه‌ی لێره‌ ڕاوه‌ستاون مردن ناچێژن تاكو شانشینی خودا ده‌بینن.»
شێوه‌ گۆڕانی عیسا 
28
نزیكه‌ی هه‌شت ڕۆژ له‌دوای ئه‌م وتانه‌، عیسا په‌ترۆس و یۆحه‌نا و یاقوبی برد و سه‌ركه‌وته‌ سه‌ر چیایه‌ك تاكو نوێژ بكات.
29
كاتێك نوێژی ده‌كرد، ڕوخساری گۆڕا و جله‌كانی سپی بریسكه‌دار هه‌ڵگه‌ڕان.
30
دوو پیاویش له‌گه‌ڵی ده‌دوان، موسا و ئه‌لیاس بوون.
31
به‌ شكۆوه‌ ده‌ركه‌وتن و له‌باره‌ی به‌جێهێشتنی جیهان كه‌ ده‌بووایه‌ به‌م نزیكانه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم ڕووی بدایه‌، گفتوگۆیان كرد.
32
به‌ڵام په‌ترۆس و هاوڕێیانی خه‌و چاوی قورس كردبوون، كاتێك به‌ ته‌واوی خه‌به‌ریان بووه‌وه‌ شكۆی ئه‌و و دوو پیاوه‌كه‌یان بینی كه‌ له‌گه‌ڵی ڕاوه‌ستابوون.
33
كاتێك پیاوه‌كان له‌ عیسا جیا ده‌بوونه‌وه‌، په‌ترۆس به‌ عیسای گوت: «گه‌وره‌م، پێمان باشه‌ لێره‌ بین. با سێ كه‌پر دروستبكه‌ین، یه‌كێك بۆ تۆ، یه‌كێك بۆ موسا، یه‌كێكیش بۆ ئه‌لیاس.» ئه‌مه‌ی گوت بێ ئه‌وه‌ی بزانێت باسی چی ده‌كات.
34
كاتێك له‌م قسانه‌دا بوو، هه‌ورێك هات و باڵی به‌سه‌ریاندا كێشا، كه‌ كه‌وتنه‌ ناو هه‌وره‌كه‌، ترسان.
35
ده‌نگێك له‌ناو هه‌وره‌كه‌وه‌ هات: «ئه‌مه‌ كوڕی منه‌، ئه‌وه‌ی هه‌ڵمبژاردووه‌، گوێی لێ بگرن.»
36
كه‌ ده‌نگه‌كه‌ دوا، عیسا به‌ ته‌نها بینرا. ئه‌وانیش بێده‌نگ بوون و له‌و ڕۆژانه‌دا له‌لای كه‌س باسی ئه‌و شتانه‌یان نه‌كرد كه‌ بینییان.
ده‌ركردنی شه‌یتان 
37
بۆ به‌یانی، كه‌ له‌ كێوه‌كه‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌، خه‌ڵكێكی زۆر به‌ره‌وپیریان هاتن.
38
له‌نێو خه‌ڵكه‌كه‌دا پیاوێك هاواری كرد: «مامۆستا، لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ ته‌ماشای كوڕه‌كه‌م بكه‌، چونكه‌ تاقه‌ كوڕمه‌.
39
ڕۆحی پیس ده‌ستی لێ ده‌وه‌شێنێت، كوڕه‌كه‌شم له‌ناكاو هاوار ده‌كات و فێی لێ دێت و ده‌می كه‌ف ده‌كات، به‌ زه‌حمه‌ت وازی لێ ده‌هێنێت و شلوكوتی ده‌كات.
40
له‌ قوتابییه‌كانت پاڕامه‌وه‌ تاكو ده‌ریبكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانی.»
41
عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ئه‌ی نه‌وه‌ی بێباوه‌ڕ و خوار، هه‌تا كه‌ی له‌گه‌ڵتان بم و به‌رگه‌تان بگرم؟ كوڕه‌كه‌ت بهێنه‌ ئێره‌.»
42
كاتێك كوڕه‌كه‌ ده‌هات، ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ ڕایته‌كاند و فێی لێ هێنا، عیساش له‌ ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ی ڕاخوڕی و كوڕه‌كه‌ی چاككرده‌وه‌، دایه‌وه‌ ده‌ست باوكی.
43
هه‌موو له‌ گه‌وره‌یی خودا سه‌رسام بوون.
كاتێك هه‌موو سه‌رسام مابوون له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی عیسا كردی، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو:
44
«به‌ باشی گوێ له‌ قسه‌كانم بگرن: كوڕی مرۆڤ ده‌درێته‌ ده‌ست خه‌ڵك.»
45
به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه‌ تێنه‌گه‌یشتن، لێیان شاردرابووه‌وه‌ تاكو حاڵی نه‌بن، ترسان له‌باره‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ پرسیاریشی لێ بكه‌ن.
گه‌ڕان به‌دوای پله‌ و پایه‌دا 
46
ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ك له‌نێوان قوتابییه‌كاندا په‌یدا بوو، كامیان پایه‌به‌رزتره‌.
47
عیسا به‌ نیازی دڵیانی زانی، منداڵێكی هێنا و له‌لای خۆی ڕایگرت،
48
پێی فه‌رموون: «ئه‌وه‌ی به‌ ناوی منه‌وه‌ پێشوازی له‌م منداڵه‌ بكات، پێشوازی له‌ من ده‌كات، ئه‌وه‌ش پێشوازی له‌ من بكات، ئه‌وا پێشوازی له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناردوومی، چونكه‌ بچووكترینی هه‌مووتان پایه‌به‌رزتره‌.»
ئه‌وه‌ی دژمان نییه‌ له‌گه‌ڵمانه‌ 
49
یۆحه‌نا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «گه‌وره‌م، یه‌كێكمان بینی به‌ ناوی تۆوه‌ ڕۆحی پیسی ده‌رده‌كرد، ڕێمان لێ گرت چونكه‌ له‌گه‌ڵمان دوات ناكه‌وێت.»
50
عیساش پێی فه‌رموون: «ڕێی لێ مه‌گرن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی دژتان نییه‌ له‌گه‌ڵتانه‌.»
51
كه‌ ڕۆژانی به‌رزكردنه‌وه‌ی[d] نزیك بووه‌وه‌، پێداگری كرد له‌سه‌ر ڕۆیشتنی بۆ ئۆرشه‌لیم.
52
نێردراوی له‌پێش خۆی نارد، ئه‌وانیش ڕۆیشتن و چوونه‌ گوندێكی سامیره‌ییه‌كان تاكو شوێنی بۆ ئاماده‌ بكه‌ن،
53
به‌ڵام پێشوازییان لێ نه‌كرد، چونكه‌ به‌ره‌و ئۆرشه‌لیم ده‌چوو.
54
كاتێك یاقوب و یۆحه‌نای قوتابییانی عیسا ئه‌مه‌یان بینی، گوتیان: «گه‌وره‌م، ده‌ته‌وێ داوا بكه‌ین له‌ ئاسمانه‌وه‌ ئاگر بێته‌ خواره‌وه‌ و له‌ناویان ببات؟»
55
به‌ڵام عیسا ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌رزه‌نشتی كردن.
56
ئینجا چوونه‌ گوندێكی دیكه‌.
نرخی دواكه‌وتنی عیسا 
57
به‌ ڕێگادا ده‌ڕۆیشتن، یه‌كێك پێی گوت: «بۆ كوێ بڕۆیت دوات ده‌كه‌وم.»
58
عیساش پێی فه‌رموو: «ڕێوی كونی هه‌یه‌ و باڵنده‌ی ئاسمانیش هێلانه‌، به‌ڵام كوڕی مرۆڤ جێیه‌كی نییه‌ سه‌ری لێ دابنێت.»
59
به‌ یه‌كێكی دیكه‌ی فه‌رموو: «دوام بكه‌وه‌.» ئه‌مه‌یان گوتی: «گه‌وره‌م، ڕێگام بده‌ یه‌كه‌م جار بچم باوكم بنێژم.»
60
عیساش پێی فه‌رموو: «واز له‌ مردووان بهێنه‌ با مردووه‌كانی خۆیان بنێژن، به‌ڵام تۆ بڕۆ مزگێنی پاشایه‌تی خودا بده‌.»
61
یه‌كێكی دیكه‌ گوتی: «گه‌وره‌م، دوات ده‌كه‌وم، به‌ڵام جارێ لێمگه‌ڕێ با ماڵئاوایی له‌ خانه‌واده‌كه‌م بكه‌م.»
62
عیساش پێی فه‌رموو: «هه‌ركه‌سێك ده‌ست له‌سه‌ر گاسن دابنێت و ئاوڕ له‌ دواوه‌ بداته‌وه‌، به‌كه‌ڵكی شانشینی خودا نایه‌ت.»
  1. a. 9‏:1 دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی عیسا.
  2. b. 9‏:20 مه‌سیح: \+xt بڕوانه‌ زه‌بووره‌كان 2‏:2‏\+xt*‏
  3. c. 9‏:24 ڕزگاربوون له‌ گوناه و دۆزه‌خی هه‌تاهه‌تایی.
  4. d. 9‏:51 به‌رزكردنه‌وه‌ بۆ ئاسمان.