عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - عیسا دوازدە نێردراوەکە دەنێرێ
 - 1
 - کاتێک عیسا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، هێز و دەسەڵاتی پێدان بۆ دەرکردنی هەموو ڕۆحە پیسەکان و چاککردنەوەی نەخۆشییەکان،
 - 2
 - ناردنی تاکو مزگێنی پاشایەتی خودا بدەن و نەخۆش چاک بکەنەوە.
 - 3
 - پێی فەرموون: «بۆ ڕێگا هیچ هەڵمەگرن، نە گۆچان و نە توورەکە، نە نان و نە پارە، کەسیش کراسی زیادەی پێ نەبێت.
 - 4
 - چوونە هەر ماڵێک لەوێ بمێننەوە هەتا ئەو کاتەی ئەوێ بەجێدەهێڵن.
 - 5
 - ئەگەر خەڵکەکەی پێشوازییان لێ نەکردن، لە شارۆچکەکەیان بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.»
 - 6
 - جا بەڕێکەوتن و بە گوندەکاندا دەگەڕان، مزگێنییان دەدا و لە هەموو لایەک خەڵکیان چاک دەکردەوە.
 - هێرۆدس یەحیا دەکوژێت
 - 7
 - هێرۆدسی ئەنتیپاس کە فەرمانڕەوای جەلیل بوو، هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە ڕوویدەدا و سەری سوڕما، چونکە هەندێک دەیانگوت: «یەحیا لەناو مردووان هەستاوەتەوە.»
 - 8
 - هەندێکی دیکەش دەیانگوت: «ئەلیاس دەرکەوتووە.» کەسانی دیکەش: «یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆن زیندووبووەتەوە.»
 - 9
 - هێرۆدسیش گوتی: «خۆم سەری یەحیام لێکردەوە، ئەی ئەمە کێیە شتی وای لێ دەبیستم؟» لەبەر ئەوە هەوڵی دەدا بیبینێت.
 - تێرکردنی پێنج هەزار کەس
 - 10
 - نێردراوان گەڕانەوە و ئەوەی کردبوویان بۆ عیسایان گێڕایەوە، ئەویش ئەوانی برد و بە تەنها چوون بۆ شارۆچکەیەک کە ناوی بێتسەیدا بوو.
 - 11
 - بەڵام خەڵکەکە زانییان و دوای کەوتن، ئەویش پێشوازی لێکردن و باسی پاشایەتی خودای بۆ کردن، ئەوانەی پێویستییان بە چاکبوونەوە بوو چاکیکردنەوە.
 - 12
 - کاتێک ڕۆژ بەرەو ئاوابوون دەچوو، دوازدە قوتابییەکە هاتن و پێیان گوت: «خەڵکەکە بەڕێبکە با بڕۆنە گوند و کێڵگەکانی دەوروبەر، تاکو لەوێ بمێننەوە و خواردنیش پەیدا بکەن، چونکە ئێمە لێرە لە شوێنێکی چۆڵداین.»
 - 13
 - پێی فەرموون: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.»
وەڵامیان دایەوە: «لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە، مەگەر بڕۆین نان بۆ هەموو خەڵکەکە بکڕین،» - 14
 - چونکە نزیکەی پێنج هەزار پیاو دەبوون.
ئینجا بە قوتابییەکانی فەرموو: «بە کۆمەڵ دایاننیشێنن، هەر کۆمەڵێک نزیکەی پەنجا کەس بێت.» - 15
 - جا بەم جۆرەیان کرد و هەموویان دانیشاندن.
 - 16
 - ئینجا عیسا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن، دایە قوتابییەکان تاکو لەبەردەمی خەڵکەکەی دابنێن.
 - 17
 - هەموو خواردیان و تێر بوون. لەو پەلکەنانەی لێیان مایەوە دوازدە سەبەتە هەڵگیرایەوە.
 - پەترۆس دان بەوەدا دەنێت کە عیسا مەسیحەکەیە
 - 18
 - کاتێک عیسا بە تەنها نوێژی دەکرد، قوتابییەکان لەگەڵی بوون، لێی پرسین: «خەڵکەکە دەڵێن من کێم؟»
 - 19
 - وەڵامیان دایەوە: «یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش ئەلیاس، خەڵکی دیکەش دەڵێن کە یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆنە زیندووبووەتەوە.»
 - 20
 - پێی فەرموون: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟»
پەترۆس وەڵامی دایەوە: «مەسیحی[a] خودایت.» - 21
 - ئەویش ئاگاداری کردنەوە و ڕایسپاردن ئەمە بە کەس نەڵێن.
 - یەکەم باسی مردنی عیسا
 - 22
 - هەروەها فەرمووی: «کوڕی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە.»
 - 23
 - ئینجا بە هەمووانی فەرموو: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و ڕۆژانە خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت،
 - 24
 - چونکە ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات[b] .
 - 25
 - چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە، بەڵام خۆی بدۆڕێنێت یان خۆی لە دەست بدات؟
 - 26
 - ئەوەی شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت، کاتێک بە شکۆمەندی خۆی و باوک و فریشتە پیرۆزەکانەوە دێتەوە.
 - 27
 - «بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن.»
 - شێوە گۆڕانی عیسا
 - 28
 - نزیکەی هەشت ڕۆژ لەدوای ئەم وتانە، عیسا پەترۆس و یۆحەنا و یاقوبی برد و سەرکەوتە سەر چیایەک تاکو نوێژ بکات.
 - 29
 - کاتێک نوێژی دەکرد، ڕوخساری گۆڕا و جلەکانی سپی بریسکەدار هەڵگەڕان.
 - 30
 - دوو پیاویش لەگەڵی دەدوان، موسا و ئەلیاس بوون.
 - 31
 - بە شکۆوە دەرکەوتن و لەبارەی ڕووداوی بەجێهێشتنی جیهان کە دەبووایە بەم نزیکانە لە ئۆرشەلیم بێتە دی، گفتوگۆیان کرد.
 - 32
 - بەڵام پەترۆس و هاوڕێیانی خەو چاوی قورس کردبوون، کاتێک بە تەواوی خەبەریان بووەوە شکۆی ئەویان بینی و هەروەها ئەو دوو پیاوەشیان بینی کە لەگەڵی ڕاوەستابوون.
 - 33
 - کاتێک پیاوەکان لە عیسا جیا دەبوونەوە، پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» ئەمەی گوت بێ ئەوەی بزانێت باسی چی دەکات.
 - 34
 - کاتێک لەم قسانەدا بوو، هەورێک هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، کە کەوتنە ناو هەورەکە، ترسان.
 - 35
 - دەنگێک لەناو هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی منە، ئەوەی هەڵمبژاردووە، گوێی لێ بگرن.»
 - 36
 - کە دەنگەکە نەما، عیسا بە تەنها بینرا. ئەوانیش بێدەنگ بوون و لەو ڕۆژانەدا لەلای کەس باسی ئەو شتانەیان نەکرد کە بینییان.
 - دەرکردنی ڕۆحی پیس لە کوڕێکدا
 - 37
 - بۆ بەیانی، کە لە کێوەکە هاتنە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر بەرەوپیریان هاتن.
 - 38
 - لەنێو خەڵکەکەدا پیاوێک هاواری کرد: «مامۆستا، لێت دەپاڕێمەوە تەماشای کوڕەکەم بکە، چونکە تاقە کوڕمە.
 - 39
 - ڕۆحی پیس دەستی لێ دەوەشێنێت، کوڕەکەشم لەناکاو هاوار دەکات و فێی لێ دێت و دەمی کەف دەکات، بە زەحمەت وازی لێ دەهێنێت و شلوکوتی دەکات.
 - 40
 - لە قوتابییەکانت پاڕامەوە تاکو دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.»
 - 41
 - عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم و بەرگەتان بگرم؟ کوڕەکەت بهێنە ئێرە.»
 - 42
 - کاتێک کوڕەکە دەهات، ڕۆحە پیسەکە ڕایتەکاند و فێی لێ هێنا، عیساش لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و کوڕەکەی چاککردەوە، دایەوە دەست باوکی.
 - 43
 - هەموو لە گەورەیی خودا سەرسام بوون.
کاتێک هەمووان لە تەواوی کارەکانی عیسا سەرسام ببوون، عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: - دووەم باسی مردنی عیسا
 - 44
 - «بە باشی گوێ لە قسەکانم بگرن: کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک.»
 - 45
 - بەڵام لەم قسەیە تێنەگەیشتن، لێیان شاردرابووەوە تاکو حاڵی نەبن، ترسان لەبارەی ئەم قسەیە پرسیاریشی لێ بکەن.
 - گەڕان بەدوای پلە و پایەدا
 - 46
 - دەمەقاڵەیەک لەنێوان قوتابییەکاندا دروست بوو لەسەر ئەوەی کە کامیان پایەبەرزترە.
 - 47
 - عیسا بە نیازی دڵیانی زانی، منداڵێکی هێنا و لەلای خۆی ڕایگرت،
 - 48
 - پێی فەرموون: «ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لەم منداڵە بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەش پێشوازی لە من بکات، ئەوا پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی، چونکە بچووکترینی هەمووتان پایەبەرزترە.»
 - ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە
 - 49
 - یۆحەنا گوتی: «گەورەم، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسی دەردەکرد، ڕێمان لێ گرت، چونکە لەگەڵمان دوات ناکەوێت.»
 - 50
 - عیساش پێی فەرموون: «ڕێی لێ مەگرن، چونکە ئەوەی دژتان نییە لەگەڵتانە.»
 - پێداگری عیسا لەسەر ڕۆیشتنی بۆ ئۆرشەلیم
 - 51
 - کە ڕۆژانی بەرزکردنەوەی[c] عیسا نزیک بووەوە، پێداگری کرد لەسەر ڕۆیشتنی بۆ ئۆرشەلیم.
 - 52
 - نێردراوی لەپێش خۆی نارد، ئەوانیش ڕۆیشتن و چوونە گوندێکی سامیرەییەکان تاکو شوێنی بۆ ئامادە بکەن،
 - 53
 - بەڵام پێشوازییان لێ نەکرد، چونکە بەرەو ئۆرشەلیم دەچوو.
 - 54
 - کاتێک یاقوب و یۆحەنای قوتابییانی عیسا ئەمەیان بینی، گوتیان: «گەورەم، دەتەوێ داوا بکەین لە ئاسمانەوە ئاگر بێتە خوارەوە و لەناویان ببات؟»
 - 55
 - بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەرزەنشتی کردن.
 - 56
 - ئینجا چوونە گوندێکی دیکە.
 - نرخی شوێنکەوتنی عیسا
 - 57
 - کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆیشتن، یەکێک پێی گوت: «بۆ هەرکوێ بچیت دوات دەکەوم.»
 - 58
 - عیساش پێی فەرموو: «ڕێوی کونی هەیە و باڵندەی ئاسمانیش هێلانە، بەڵام کوڕی مرۆڤ جێیەکی نییە کە سەری لەسەر دابنێت.»
 - 59
 - بە یەکێکی دیکەی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەمەیان گوتی: «گەورەم، ڕێگام بدە یەکەم جار بچم باوکم بنێژم.»
 - 60
 - عیساش پێی فەرموو: «واز لە مردووان بهێنە با مردووەکانی خۆیان بنێژن، بەڵام تۆ بڕۆ مزگێنی پاشایەتی خودا بدە.»
 - 61
 - یەکێکی دیکە گوتی: «گەورەم، دوات دەکەوم، بەڵام جارێ لێمگەڕێ با ماڵئاوایی لە خانەوادەکەم بکەم.»
 - 62
 - عیساش پێی فەرموو: «هەرکەسێک دەست لەسەر گاسن دابنێت و ئاوڕ لە دواوە بداتەوە، بەکەڵکی شانشینی خودا نایەت.»
 
- a. 9:20 مەسیح: بڕوانە زەبوورەکان 2:2
 - b. 9:24 ڕزگاربوون لە گوناه و دۆزەخی هەتاهەتایی.
 - c. 9:51 بەرزکردنەوە بۆ ئاسمان.
 

