عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - یەحیای لەئاوهەڵکێش
- 1
- لە ساڵی پازدەمینی[a] حوکمڕانی تێباریۆس قەیسەر، کاتێک پیلاتۆسی پۆنتی فەرمانڕەوای یەهودیا بوو، هێرۆدسی ئەنتیپاس[b] فەرمانڕەوای[c] جەلیل بوو، فیلیپۆسی براشی فەرمانڕەوای ئیتۆریە و تەراخۆنیتس بوو، لیسانیۆس فەرمانڕەوای ئەبیلینە بوو،
- 2
- لە سەردەمی سەرۆک کاهینیێتی حەنا و قەیافا، لە دەشتودەر پەیامی خودا بۆ یەحیای کوڕی زەکەریا هات.
- 3
- ئیتر بە هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردوندا دەگەڕا، جاڕی لەئاوهەڵکێشانی[d] تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین.
- 4
- وەک لە پێشبینییەکانی پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە:
 ﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
 «ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
 ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»
- 5
- هەموو دۆڵێک پڕ دەبێتەوە و
 هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت،
 ڕێگا خواروخێچەکان ڕاست دەبنەوە و
 سەختەکانیش ئاسان دەبن،
- 6
- هەموو مرۆڤایەتی ڕزگاریی خودا دەبینن!﴾[e] 
- 7
- یەحیا بەو خەڵکانەی دەگوت کە دەهاتن تاکو لە ئاویان هەڵکێشێت: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟
- 8
- با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. بە خۆتان مەڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات.
- 9
- ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.»
- 10
- خەڵکەکە پرسیاریان لێکرد: «کەواتە چی بکەین؟»
- 11
- وەڵامی دانەوە: «ئەوەی دوو کراسی هەیە، با یەکێکیان بداتە ئەوەی کە نییەتی، ئەوەش کە نانی هەیە، با هەمان شت بکات.»
- 12
- باجگرانیش بۆ لەئاوهەڵکێشان هاتن، لێیان پرسی: «مامۆستا، ئێمە چی بکەین؟»
- 13
- پێی گوتن: «لەوەی بۆتان دانراوە زیاتر وەرمەگرن.»
- 14
- سەربازانیش پرسیاریان لێکرد: «ئەی ئێمە چی بکەین؟»
 یەحیاش وەڵامی دانەوە: «خاوە لە کەس وەرمەگرن و بوختان مەکەن، بە مووچەکانتان ڕازی بن.»
- 15
- گەل لە چاوەڕوانیدا بوون، هەموو لە دڵی خۆیاندا دەربارەی یەحیا لێکیان دەدایەوە کە لەوانەیە یەحیا خۆی مەسیح بێت.
- 16
- یەحیا وەڵامی هەمووانی دایەوە: «من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک دێت لە من بەتواناترە، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت[f] .
- 17
- شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی[g] ، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش[h] بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
- 18
- بە زۆر شتی دیکەش ئامۆژگاری گەلی دەکرد و مژدەی دەدانێ.
- 19
- بەڵام کاتێک یەحیا سەرزەنشتی هێرۆدسی ئەنتیپاسی فەرمانڕەوای جەلیلی کردبوو لەبەر ئەوەی کە هێرۆدیای براژنی خۆی هێنابوو و هەروەها لەبەر هەموو ئەو خراپانەی کردبووی،
- 20
- ئەم خراپەیەشی خستە پاڵ هەموو ئەوانە، یەحیای لە زیندان بەندکرد.
- لەئاوهەڵکێشانی عیسا
- 21
- کاتێک گەل هەموو لە ئاو هەڵکێشران، عیساش لە ئاو هەڵکێشرا. کاتێک کە عیسا نوێژی دەکرد ئاسمان کرایەوە و
- 22
- ڕۆحی پیرۆز لە شێوەی جەستەی کۆترێک لەسەری نیشتەوە و دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «تۆ کوڕی خۆشەویستمی، بە تۆ زۆر دڵشادم.»
- بنەچەی عیسا
- 23
- کاتێک عیسا دەستی بە خزمەتەکەی کرد تەمەنی نزیکەی سی ساڵ بوو. وا دەزانرا کە کوڕی یوسفی،
 کوڕی هەلی،
- 24
- کوڕی مەتسات،
 کوڕی لێڤی، کوڕی مەلکی،
 کوڕی یەننا، کوڕی یوسف،
- 25
- کوڕی مەتاسیا، کوڕی ئامۆس،
 کوڕی ناحوم، کوڕی هەسلی،
 کوڕی نەجای،
- 26
- کوڕی ماس،
 کوڕی مەتاسیا، کوڕی شیمعی،
 کوڕی یوسف، کوڕی یەهوزا،
- 27
- کوڕی یواننا، کوڕی ڕیسا،
 کوڕی زروبابل، کوڕی شەئەلتیێل،
 کوڕی نیری،
- 28
- کوڕی مەلکی،
 کوڕی ئادی، کوڕی کوسام،
 کوڕی ئەلمودام، کوڕی ئێر،
- 29
- کوڕی یەشوع، کوڕی ئەلیعەزەر،
 کوڕی یوریم، کوڕی مەتسات،
 کوڕی لێڤی،
- 30
- کوڕی شیمۆن،
 کوڕی یەهودا، کوڕی یوسف،
 کوڕی یۆنام، کوڕی ئەلیاقیم،
- 31
- کوڕی مەلیا، کوڕی مەننا،
 کوڕی مەتاسا، کوڕی ناتان،
 کوڕی داود،
- 32
- کوڕی یەسا،
 کوڕی عوبێد، کوڕی بۆعەز،
 کوڕی سەلمۆن، کوڕی نەحشۆن،
- 33
- کوڕی عەمیناداب، کوڕی ڕام[i] ،
 کوڕی حەسرۆن، کوڕی پێرێز،
 کوڕی یەهودا،
- 34
- کوڕی یاقوب،
 کوڕی ئیسحاق، کوڕی ئیبراهیم،
 کوڕی تارەح، کوڕی ناحۆر،
- 35
- کوڕی سەروگ، کوڕی ڕەعو،
 کوڕی پەلەگ، کوڕی عێبەر،
 کوڕی شالەح،
- 36
- کوڕی کێنان،
 کوڕی ئەرپەکشاد، کوڕی سام،
 کوڕی نوح، کوڕی لامەخ،
- 37
- کوڕی مەتوشالح، کوڕی حەنۆخ،
 کوڕی یارەد، کوڕی مەهلەلئێل،
 کوڕی قێنان،
- 38
- کوڕی ئەنۆش،
 کوڕی شیت، کوڕی ئادەم،
 کوڕی خودایە.
- a. 3:1 نزیکەی 25–26ی زایینی.
- b. 3:1 یۆنانی: هێرۆدس: هێرۆدسی ئەنتیپاس کوڕی شا هێرۆدسی مەزن بوو، کە لە لۆقا 1:5 باسکراوە.
- c. 3:1 یۆنانی: \+tl تیترارک\+tl*: فەرمانڕەوا لەسەر چواریەکی هەرێمێک لەژێر دەسەڵاتی ڕۆمانی.
- d. 3:3 یۆنانی: \+tl باپتسمە\+tl*، بە واتای شوشتن دێت بۆ پاکبوونەوە لە گوناه، وەک (بسمیلکردن).
- e. 3:6 ئیشایا 40:3-5.
- f. 3:16 واتا پاکبوونەوە لە گوناه بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە.
- g. 3:17 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.
- h. 3:17 قەسەڵ: قەسەر.
- i. 3:33 یۆنانی: ئارنی.

