عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - زیندووبوونەوەی عیسای مەسیح
 - 1
 - لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا[a] ، بەیانی زوو، ژنەکان ئەو بۆنوبەرامەی ئامادەیان کردبوو هێنایان و هاتنە سەر گۆڕەکە.
 - 2
 - بینییان بەردەکە لەسەر گۆڕەکە گلۆر کراوەتەوە.
 - 3
 - چوونە ژوورەوە، بەڵام تەرمەکەی عیسای خاوەن شکۆیان نەدۆزییەوە.
 - 4
 - هێشتا لەمە سەرسام بوون، لەپڕ دوو پیاو بە جلی بریسکەدارەوە لەتەنیشتیان ڕاوەستان.
 - 5
 - ترسان و کڕنۆشیان برد و سەریان خستە سەر زەوی، پیاوەکان پێیان گوتن: «بۆچی لەنێو مردووان بەدوای زیندووەکەدا دەگەڕێن؟
 - 6
 - ئەو لێرە نییە، بەڵکو هەستایەوە! بیهێننەوە بیرتان کە هێشتا لە جەلیل بوو چۆن قسەی بۆ کردن،
 - 7
 - فەرمووی: ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بدرێتە دەست خەڵکی گوناهبار، لە خاچ بدرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێتەوە.“»
 - 8
 - ئینجا قسەکانیان هاتەوە یاد.
 - 9
 - کاتێک لە گۆڕەکە هاتنەوە، هەواڵی هەموو ئەم شتانەیان بە یازدە قوتابییەکە و هەموو ئەوانی دیکە دا.
 - 10
 - مریەمی مەجدەلی و یوەنا و مریەمی دایکی یاقوب و ئەوانی دیکەی لەگەڵیان بوون، ئەم شتانەیان بە نێردراوان گوت.
 - 11
 - قسەکەیان لەلای ئەوان وەک وڕێنە بوو، باوەڕیان پێ نەکردن.
 - 12
 - بەڵام پەترۆس هەستا و بەرەو گۆڕەکە ڕایکرد. کە دانەوییەوە، بینی کەتانەکە بە تەنها دانراوە، ئینجا ڕۆیشت و سەرسام بوو لەوەی ڕوویدابوو.
 - دووان لە قوتابییەکان عیسا دەبینن
 - 13
 - هەر لەو ڕۆژەدا دووان لەوان دەچوونە گوندێک بە ناوی ئەمواس کە شەست تیرهاوێژ[b] لە ئۆرشەلیم دوور بوو.
 - 14
 - لەگەڵ یەکتری باسی هەموو ئەو شتانەیان دەکرد کە ڕوویدابوو.
 - 15
 - کاتێک قسە و گفتوگۆیان دەکرد، عیسا خۆی لێیان نزیک بووەوە و لەگەڵیان دەڕۆیشت،
 - 16
 - بەڵام چاویان لە ناسینی بەسترا.
 - 17
 - پێی فەرموون: «ئەوە بەڕێوە باسی چی دەکەن؟»
بە ڕووێکی خەمناکەوە ڕاوەستان. - 18
 - یەکێکیان ناوی کلیۆپاس بوو وەڵامی دایەوە: «ئایا تەنها تۆ لە ئۆرشەلیم نامۆیت و ئاگات لەو شتانە نییە کە لەم ڕۆژانەدا تێیدا ڕوویداوە؟»
 - 19
 - پێی فەرموون: «چی ڕوویداوە؟»
وەڵامیان دایەوە: «باسی عیسای ناسیرەیی، کە پێغەمبەرێکی توانادار بوو لە قسە و کرداردا، لەلای خودا و هەموو گەل، - 20
 - چۆن کاهینانی باڵا و فەرمانڕەواکانمان دایانە دەست سزای مردن و لە خاچیان دا.
 - 21
 - بەڵام ئێمە هیوادار بووین کە ئەمە ئەو کەسە بێت کە ئیسرائیل دەکڕێتەوە[c] . لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژە ئەمە ڕوویداوە.
 - 22
 - کەچی هەندێک لە ژنانمان سەرسامیان کردین، بەیانی زوو لەسەر گۆڕەکە بوون و
 - 23
 - تەرمەکەیان نەبینیبوو، هاتنەوە گوتیان، فریشتەمان بینیوە دەڵێن ئەو زیندووە.
 - 24
 - هەندێک لە ئێمە چوونە سەر گۆڕەکە و بینییان وایە، وەک ژنەکان گوتیان، بەڵام ئەویان نەبینیبوو.»
 - 25
 - ئەویش پێی فەرموون: «ئەی گێل و دڵخاوەکان لە باوەڕکردن بە هەموو ئەوەی پێغەمبەران باسیان کردووە!
 - 26
 - نەدەبووایە مەسیح ئەم شتانە بچێژێت و بچێتە ناو شکۆمەندییەکەی خۆی؟»
 - 27
 - ئەوسا دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەو شتانەی دەربارەی خۆی بوو لە هەموو نووسراوە پیرۆزەکاندا، هەر لە تەوراتی موساوە هەتا هەموو پەڕتووکەکانی پێغەمبەران.
 - 28
 - کاتێک نزیکی ئەو گوندە بوون کە بۆی دەچوون، عیسا وای نیشان دا کە بۆ شوێنێکی دوورتر دەچێت.
 - 29
 - ئەوانیش زۆر لێی پاڕانەوە و گوتیان: «لەلامان بمێنەرەوە، چونکە وا ئێوارەیە و ڕۆژ لە ئاوابوونە.» جا چووە ژوورەوە تاکو لەگەڵیان بمێنێتەوە.
 - 30
 - کاتێک لەگەڵیان دانیشتبوو، نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد، پاشان لەتی کرد و پێیدان.
 - 31
 - ئینجا چاویان کرایەوە و ناسیانەوە، ئیتر لەبەرچاویان نەما.
 - 32
 - بە یەکتریان گوت: «ئەرێ کاتێک لە ڕێگا قسەی بۆ دەکردین و نووسراوە پیرۆزەکانی بۆمان ڕوون دەکردەوە، دڵمان لە ناخماندا گڕی نەگرتبوو؟»
 - 33
 - ئینجا دەستبەجێ هەستان و هاتنەوە ئۆرشەلیم، بینییان یازدە قوتابییەکە و ئەوانەی لەگەڵیاندان کۆبوونەتەوە و
 - 34
 - دەڵێن: «بە ڕاستی مەسیحی خاوەن شکۆ هەستاوەتەوە و بۆ شیمۆن دەرکەوتووە.»
 - 35
 - ئەمانیش باسی ئەو شتانەیان کرد کە لە ڕێگا بەسەریان هاتبوو، هەروەها لە کاتی نانلەتکردنەکەدا چۆن مەسیحیان ناسییەوە.
 - عیسا بۆ نێردراوان دەردەکەوێ
 - 36
 - کە باسی ئەمەیان دەکرد، عیسا خۆی لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا و پێی فەرموون: «سڵاوتان لێ بێت.»
 - 37
 - سام دایگرتن و ترسان، وایان دەزانی خێو دەبینن.
 - 38
 - پێی فەرموون: «بۆچی شێواون؟ بۆچی گومان دەکەوێتە دڵتان؟
 - 39
 - سەیری دەست و پێم بکەن. بڕوا بکەن، منم! دەستم لێ بدەن و ببینن، چونکە خێو گۆشت و ئێسقانی نییە وەک دەبینن من هەمە.»
 - 40
 - کە ئەمەی فەرموو، دەست و پێی نیشاندان.
 - 41
 - لە خۆشی و سەرسوڕماندا هێشتا باوەڕیان نەدەکرد، پێی فەرموون: «لێرە خواردنتان هەیە؟»
 - 42
 - ئەوانیش پارچەیەک ماسی برژاویان دایێ.
 - 43
 - وەریگرت و لەبەرچاویان خواردی.
 - 44
 - ئینجا پێی فەرموون: «ئەم قسانەم بۆ کردن کاتێک لەگەڵتان بووم: پێویستە هەموو ئەوانەی لە تەوراتی موسا و پێغەمبەران و زەبووردا دەربارەی من نووسراون بێنە دی.»
 - 45
 - ئینجا مێشکی کردنەوە، تاکو نووسراوە پیرۆزەکان تێبگەن.
 - 46
 - پێی فەرموون: «ئاوا نووسراوە، کە مەسیح ئازار دەچێژێت و لە ڕۆژی سێیەم لەنێو مردووان هەڵدەستێتەوە،
 - 47
 - بە ناوی ئەویش تۆبەکردن بۆ لێخۆشبوونی گوناه بۆ هەموو گەلان جاڕبدرێت، ئەمەش لە ئۆرشەلیمەوە دەستپێدەکات.
 - 48
 - ئێوە شایەتی ئەم شتانەن.
 - 49
 - وا من بەڵێنەکەی باوکمتان بۆ دەنێرم. بەڵام لە شار بمێننەوە، هەتا لە ئاسمانەوە پڕ دەکرێن لە هێز.»
 - گەڕانەوەی عیسا بۆ ئاسمان
 - 50
 - ئینجا ئەوانی بۆ گوندی بێتعەنیا بردە دەرەوە، دەستی بەرز کردەوە و بەرەکەتداری کردن.
 - 51
 - کاتێک بەرەکەتداری دەکردن، لێیان جیا بووەوە و بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان.
 - 52
 - ئەوانیش کڕنۆشیان بۆ برد و بە شادییەکی گەورەوە گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
 - 53
 - بەردەوام لە پەرستگا بوون و ستایشی خودایان دەکرد.
 
- a. 24:1 ڕۆژی یەکشەممە.
 - b. 24:13 نزیکەی 11 کیلۆمەتر.
 - c. 24:21 مەبەست لە ڕزگاریی ئیسرائیلە لەژێر دەسەڵاتی ڕۆمانی.
 

