عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
زیندووبوونه‌وه‌ی عیسای مه‌سیح 
1
به‌ڵام له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی هه‌فته‌دا[a] ، به‌یانی زوو، ژنه‌كان ئه‌و بۆنوبه‌رامه‌ی ئاماده‌یان كردبوو هێنایان و هاتنه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌.
2
بینییان به‌رده‌كه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ گلۆر كراوه‌ته‌وه‌.
3
چوونه‌ ژووره‌وه‌، به‌ڵام ته‌رمه‌كه‌ی عیسای خاوه‌ن شكۆیان نه‌دۆزییه‌وه‌.
4
هێشتا له‌مه‌ سه‌رسام بوون، له‌پڕ دوو پیاو به‌ جلی بریسكه‌داره‌وه‌ له‌ته‌نیشتیان ڕاوه‌ستان.
5
ترسان و كڕنۆشیان برد و سه‌ریان خسته‌ سه‌ر زه‌وی، پیاوه‌كان پێیان گوتن: «بۆچی له‌نێو مردووان به‌دوای زیندووه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن؟
6
لێره‌ نییه‌، به‌ڵكو هه‌ستایه‌وه‌! بیهێننه‌وه‌ بیرتان كه‌ هێشتا له‌ جه‌لیل بوو چۆن قسه‌ی بۆ كردن،
7
فه‌رمووی: ”كوڕی مرۆڤ ده‌بێت بدرێته‌ ده‌ست خه‌ڵكی گوناهبار، له‌ خاچ بدرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ستێته‌وه‌.“»
8
ئینجا قسه‌كانیان هاته‌وه‌ یاد.
9
كاتێك له‌ گۆڕه‌كه‌ هاتنه‌وه‌، هه‌واڵی هه‌موو ئه‌م شتانه‌یان به‌ یازده‌كه‌ و هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌ دا.
10
مریه‌می مه‌جده‌لی و یوه‌نا و مریه‌می دایكی یاقوب و ئه‌وانی دیكه‌ی له‌گه‌ڵیان بوون، ئه‌م شتانه‌یان به‌ نێردراوان گوت.
11
قسه‌كه‌یان له‌لای ئه‌وان وه‌ك وڕێنه‌ بوو، باوه‌ڕیان پێ نه‌كردن.
12
به‌ڵام په‌ترۆس هه‌ستا و به‌ره‌و گۆڕه‌كه‌ ڕایكرد، دانه‌وییه‌وه‌ بینی كفنه‌كه‌ به‌ ته‌نها دانراوه‌، ڕۆیشت و سه‌رسام بوو له‌وه‌ی ڕوویدابوو.
دووان له‌ قوتابییه‌كان عیسا ده‌بینن 
13
هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا دووان له‌وان ده‌چوونه‌ گوندێك شه‌ست تیرهاوێژ[b] له‌ ئۆرشه‌لیم دوور بوو، ناوی ئه‌مواس بوو.
14
له‌گه‌ڵ یه‌كتری باسی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان ده‌كرد كه‌ ڕوویدابوو.
15
كاتێك قسه‌ و گفتوگۆیان ده‌كرد، عیسا خۆی لێیان نزیك بووه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیان ده‌ڕۆیشت،
16
به‌ڵام چاویان له‌ ناسینی به‌سترا.
17
پێی فه‌رموون: «ئه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ باسی چی ده‌كه‌ن؟»
به‌ ڕووێكی خه‌مناكه‌وه‌ ڕاوه‌ستان.
18
یه‌كێكیان ناوی كلیۆپاس بوو وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ئایا ته‌نها تۆ له‌ ئۆرشه‌لیم نامۆیت و ئاگات له‌و شتانه‌ نییه‌ كه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا تێیدا ڕوویداوه‌؟»
19
پێی فه‌رموون: «چییه‌؟»
وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «باسی عیسای ناسیره‌یی، كه‌ پێغه‌مبه‌رێكی توانادار بوو له‌ قسه‌ و كرداردا، له‌لای خودا و هه‌موو گه‌ل،
20
چۆن كاهینانی باڵا و فه‌رمانڕه‌واكانمان دایانه‌ ده‌ست سزای مردن و له‌ خاچیان دا.
21
به‌ڵام ئێمه‌ هیوادار بووین كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌و كه‌سه‌ بێت كه‌ ئیسرائیل ده‌كڕێته‌وه‌[c] . له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئه‌مڕۆ سێیه‌م ڕۆژه‌ ئه‌مه‌ ڕوویداوه‌.
22
كه‌چی هه‌ندێك له‌ ژنانمان سه‌رسامیان كردین، به‌یانی زوو له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ بوون و
23
ته‌رمه‌كه‌یان نه‌بینیبوو، هاتنه‌وه‌ گوتیان، فریشته‌مان بینیوه‌ ده‌ڵێن ئه‌و زیندووه‌.
24
هه‌ندێك له‌ ئێمه‌ چوونه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ و بینییان وایه‌، وه‌ك ژنه‌كان گوتیان، به‌ڵام ئه‌ویان نه‌بینیبوو.»
25
ئه‌ویش پێی فه‌رموون: «ئه‌ی گێل و دڵخاوه‌كان له‌ باوه‌ڕكردن به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ران باسیان كردووه‌!
26
نه‌ده‌بووایه‌ مه‌سیح ئه‌م شتانه‌ بچێژێت و بچێته‌ ناو شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی خۆی؟»
27
ئه‌وسا ده‌ستی‏ كرد به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی ده‌رباره‌ی خۆی بوو له‌ هه‌موو نووسراوه‌ پیرۆزه‌كاندا، هه‌ر له‌ ته‌وراتی موساوه‌ هه‌تا هه‌موو په‌ڕتووكه‌كانی پێغه‌مبه‌ران.
28
كاتێك نزیكی ئه‌و گونده‌ بوون كه‌ بۆی ده‌چوون، عیسا وای نیشان دا كه‌ بۆ شوێنێكی دوورتر ده‌چێت.
29
ئه‌وانیش زۆر لێی پاڕانه‌وه‌، گوتیان: «له‌لامان بمێنه‌ره‌وه‌، چونكه‌ وا ئێواره‌یه‌ و ڕۆژ له‌ ئاوابوونه‌.» جا چووه‌ ژووره‌وه‌ تاكو له‌گه‌ڵیان بمێنێته‌وه‌.
30
كاتێك له‌گه‌ڵیان دانیشتبوو، نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی خودای كرد، پاشان له‌تی كرد و پێیدان.
31
ئینجا چاویان كرایه‌وه‌ و ناسیانه‌وه‌، ئیتر له‌به‌رچاویان نه‌ما.
32
به‌ یه‌كتریان گوت: «ئه‌رێ كاتێك له‌ ڕێگا قسه‌ی بۆ ده‌كردین و نووسراوه‌ پیرۆزه‌كانی بۆمان ڕوون ده‌كرده‌وه‌، دڵمان له‌ ناخماندا گڕی نه‌گرتبوو؟»
33
ئینجا ده‌ستبه‌جێ هه‌ستان و هاتنه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم، بینییان یازده‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیاندان كۆبوونه‌ته‌وه‌ و
34
ده‌ڵێن: «به‌ ڕاستی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ هه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و بۆ شیمۆن ده‌ركه‌وتووه‌.»
35
ئه‌مانیش باسی ئه‌و شتانه‌یان كرد كه‌ له‌ ڕێگا به‌سه‌ریان هاتبوو، هه‌روه‌ها له‌ كاتی نانله‌تكردنه‌كه‌دا چۆن مه‌سیحیان ناسییه‌وه‌.
عیسا بۆ نێردراوان ده‌رده‌كه‌وێ 
36
كه‌ باسی ئه‌مه‌یان ده‌كرد، عیسا خۆی له‌ناوه‌ڕاستیان ڕاوه‌ستا و پێی فه‌رموون: «سڵاوتان لێ بێت.»
37
سام دایگرتن و ترسان، وایان ده‌زانی خێو ده‌بینن.
38
پێی فه‌رموون: «بۆچی شێواون؟ بۆچی گومان ده‌كه‌وێته‌ دڵتان؟
39
سه‌یری ده‌ست و پێم بكه‌ن. بڕوا بكه‌ن، منم! ده‌ستم لێ بده‌ن و ببینن، چونكه‌ خێو گۆشت و ئێسقانی نییه‌ وه‌ك ده‌بینن كه‌ هه‌مه‌.»
40
كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو، ده‌ست و پێی نیشاندان.
41
له‌ خۆشی و سه‌رسوڕماندا هێشتا باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد، پێی فه‌رموون: «لێره‌ خواردنتان هه‌یه‌؟»
42
ئه‌وانیش پارچه‌یه‌ك ماسی برژاویان دایێ.
43
وه‌ریگرت و له‌به‌رچاویان خواردی.
44
ئینجا پێی فه‌رموون: «ئه‌م قسانه‌م بۆ كردن كاتێك له‌گه‌ڵتان بووم: پێویسته‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ته‌وراتی موسا و پێغه‌مبه‌ران و زه‌بووردا ده‌رباره‌ی من نووسراون بێنه‌ دی.»
45
ئینجا مێشكی كردنه‌وه‌، تاكو نووسراوه‌ پیرۆزه‌كان تێبگه‌ن.
46
پێی فه‌رموون: «ئاوا نووسراوه‌، كه‌ مه‌سیح ئازار ده‌چێژێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌م له‌نێو مردووان هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌،
47
به‌ ناوی ئه‌ویش تۆبه‌كردن بۆ لێخۆشبوونی گوناه بۆ هه‌موو گه‌لان جاڕبدرێت، ئه‌مه‌ش له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات.
48
ئێوه‌ شایه‌تی ئه‌م شتانه‌ن.
49
وا من به‌ڵێنه‌كه‌ی باوكمتان بۆ ده‌نێرم. به‌ڵام له‌ شار بمێننه‌وه‌، هه‌تا له‌ ئاسمانه‌وه‌ پڕ ده‌كرێن له‌ هێز.»
گه‌ڕانه‌وه‌ی عیسا بۆ ئاسمان 
50
ئینجا ئه‌وانی بۆ گوندی بێت‌عه‌نیا برده‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌ستی به‌رز كرده‌وه‌ و به‌ره‌كه‌تداری كردن.
51
كاتێك به‌ره‌كه‌تداری ده‌كردن، لێیان جیا بووه‌وه‌ و به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ ئاسمان.
52
ئه‌وانیش كڕنۆشیان بۆ برد و به‌ شادییه‌كی گه‌وره‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم.
53
به‌رده‌وام له‌ په‌رستگا بوون و ستایشی خودایان ده‌كرد.
  1. a. 24‏:1 ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌.
  2. b. 24‏:13 نزیكه‌ی 11 كیلۆمه‌تر.
  3. c. 24‏:21 مه‌به‌ست له‌ ڕزگاریی ئیسرائیله‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕۆمانی.