عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نموونەی بێوەژن و دادوەرێک 
1
عیسا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە کە پێویستە هەمیشە نوێژ بکەن و ورە بەرنەدەن.
2
فەرمووی: «لە شارێک دادوەرێک هەبوو لە خودا نەدەترسا و ڕێزی مرۆڤیشی نەدەگرت.
3
لەو شارەدا بێوەژنێک هەبوو، دەهاتە لای و دەیگوت: ”مافم لە نەیارەکەم بستێنەوە.“
4
«ئەویش ماوەیەک نەیدەویست، بەڵام دواتر لە دڵی خۆیدا گوتی: ”هەرچەندە لە خودا ناترسم و ڕێزیش لە مرۆڤ ناگرم،
5
بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم بێوەژنە بێزارم نەکات، مافەکەی بۆ وەردەگرمەوە، ئەگینا وازناهێنێت و وەڕسم دەکات.“»
6
مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی: «گوێ بگرن لەوەی دادوەرە زۆردارەکە دەیڵێت.
7
باشە خودا مافی هەڵبژێردراوەکانی خۆی کە شەو و ڕۆژ لێی دەپاڕێنەوە وەرناگرێت؟ ئایا درەنگ وەڵامیان دەداتەوە؟
8
پێتان دەڵێم: خێرا مافیان بۆ وەردەگرێت. بەڵام کاتێک کوڕی مرۆڤ دێتەوە، ئایا باوەڕ لەسەر زەوی دەدۆزێتەوە؟»
نموونەی فەریسی و باجگر 
9
بۆ ئەوانەی کە لە بێتاوانبوونی خۆیان دڵنیا بوون و خەڵکیان بە سووک سەیر دەکرد، ئەم نموونەیەی هێنایەوە:
10
«دوو کەس بۆ نوێژکردن چوونە پەرستگا، یەکێکیان فەریسی و ئەوەی دیکە باجگر.
11
فەریسییەکە وەستا، لە دڵی خۆیدا ئەم نوێژەی دەکرد: ”خودایە سوپاست دەکەم وەک خەڵکی دیکە نیم، کە قۆڵبڕ و خراپەکار و داوێنپیسن، وەک ئەم باجگرەش نیم.
12
هەفتەی دوو جار بەڕۆژوو دەبم، ئەوەی دەستم دەکەوێت دەیەکی دەبەخشم.“
13
«بەڵام باجگرەکە لە دوورەوە ڕاوەستا، نەیدەویست چاوی بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە، سنگی خۆی دەکوتا و دەیگوت: ”ئەی خودایە بەزەییت[a] بە منی گوناهباردا بێتەوە.“
14
«پێتان دەڵێم، ئەمە گەڕایەوە ماڵی خۆی بێتاوان کرابوو، پێچەوانەی ئەوی دیکە، چونکە ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.»
عیسا منداڵان بەرەکەتدار دەکات 
15
خەڵک منداڵی ساوایان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت. کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی سەرزەنشتیان کردن.
16
بەڵام عیسا بانگی منداڵەکانی کرد و فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە.
17
ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک[b] شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.»
دەوڵەمەندی و ژیانی هەتاهەتایی 
18
کابرایەکی دەسەڵاتدار پرسیاری لێکرد: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟»
19
عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە.
20
ڕاسپاردەکان دەزانیت: ﴿داوێنپیسی مەکە، مەکوژە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.﴾[c] »
21
ئەویش گوتی: «لە منداڵییەوە هەموو ئەم ڕاسپاردانەم بەجێگەیاندووە.»
22
عیساش گوێی لەمە بوو، پێی فەرموو: «هێشتا شتێکت کەمە. هەرچیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بەسەر هەژاران دابەشی بکە، گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت. ئینجا وەرە دوام بکەوە.»
23
کاتێک ئەمەی بیست، زۆر دڵتەنگ بوو، چونکە زۆر دەوڵەمەند بوو.
24
کاتێک عیسا ئەوی بە خەمناکی بینی، فەرمووی: «چوونە ناو شانشینی خودا بۆ دەوڵەمەند چەند زەحمەتە!
25
ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»
26
ئەوانەی گوێیان لێبوو گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»
27
عیسا فەرمووی: «ئەوەی لەلای خەڵکی مەحاڵە، لای خودا دەبێت.»
28
پەترۆس گوتی: «ئەوەتا هەموو شتێکمان بەجێهێشتووە و دوات کەوتووین.»
29
ئەویش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ، ژن، برا، دایک، باوک یان منداڵی لەبەر شانشینی خودا بەجێهێشتبێت،
30
لەم دنیایە چەند ئەوەندە لە بەرامبەری وەرنەگرێتەوە و لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی.»
سێیەم باسی مردنی عیسا 
31
عیسا دوازدە قوتابییەکەی برد و پێی فەرموون: «ئەوا بەرەو ئۆرشەلیم سەردەکەوین، هەرچی پێغەمبەران لەبارەی کوڕی مرۆڤەوە نووسیویانە دێتە دی.
32
دەدرێتە دەستی ناجولەکەکان، گاڵتەی پێ دەکرێت و جنێوی پێدەدرێت و تفی لێ دەکرێت،
33
بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێتەوە.»
34
بەڵام هیچ لەمە تێنەگەیشتن و ئەم باسە لێیان شاراوە بوو، ئەوەی گوترا درکیان پێی نەکرد.
عیسا کەسێکی نابینا چاک دەکاتەوە 
35
کاتێک عیسا لە ئەریحا نزیک بووەوە، کەسێکی نابینا لەسەر ڕێگا دانیشتبوو سواڵی دەکرد.
36
کە گوێی لە خەڵکەکە بوو دەڕۆیشتن، پرسیاری کرد ئەمە چییە.
37
پێیان گوت: «عیسای ناسیرەیی لێرەوە تێدەپەڕێت.»
38
جا هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
39
ئەوانەی لەپێشەوە دەڕۆیشتن سەرزەنشتیان کرد بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت، بەڵام ئەو زۆر زیاتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
40
عیسا ڕاوەستا و فەرمانی دا بیهێننە لای. کاتێک نزیک بووەوە، لێی پرسی:
41
«چیت دەوێ بۆت بکەم؟»
گوتی: «گەورەم، دەمەوێ ببینم.»
42
عیساش پێی فەرموو: «ببینە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.»
43
دەستبەجێ بینی، دوای کەوت و ستایشی خودای دەکرد. هەروەها هەموو خەڵکەکەش کە بینییان ستایشی خودایان کرد.
  1. a. 18‏:13 یۆنانی: ببیتە کەفارەتی من، واتا ئەم قوربانییەی کە تووڕەیی خودا لادەدات.‏
  2. b. 18‏:17 بڕوانە مەتا 18‏:4‏‏.‏
  3. c. 18‏:20 دەرچوون 20‏:12 و دواوتار 5‏:16‏-20‏‏