عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
به‌نرختر له‌ چۆله‌كه‌ 
1
له‌و كاته‌دا كه‌ هه‌زاران كه‌س كۆببوونه‌وه‌، به‌ جۆرێك یه‌كتریان پێشێل ده‌كرد، له‌ سه‌ره‌تادا عیسا ڕووی كرده‌ قوتابییه‌كانی و فه‌رمووی: «ئاگاداری هه‌ویرترشی فه‌ریسییه‌كان بن، كه‌ دووڕووییه‌.
2
شاردراوه‌ نییه‌ ئاشكرا نه‌بێت و نهێنی نییه‌ ده‌رنه‌كه‌وێت.
3
له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌رچی له‌ تاریكی گوتووتانه‌، له‌ ڕووناكی ده‌بیسترێت، ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ ماڵ به‌ چرپه‌ گوتووتانه‌، له‌ سه‌ربانان جاڕده‌درێت.
4
«دۆستانم پێتان ده‌ڵێم، له‌وانه‌ مه‌ترسن كه‌ جه‌سته‌ ده‌كوژن و پاش ئه‌وه‌ هیچی دیكه‌یان پێ ناكرێت.
5
به‌ڵام ئه‌وه‌تان پیشان ده‌ده‌م كه‌ ده‌بێ لێی بترسن، له‌وه‌ بترسن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ پاش كوشتن فڕێتانبداته‌ ناو دۆزه‌خ. به‌ڵێ پێتان ده‌ڵێم، له‌مه‌ بترسن.
6
ئایا پێنج چۆله‌كه‌ به‌ دوو فلس نافرۆشرێت؟ خودا هیچ یه‌كێك له‌وانی له‌بیر ناچێت.
7
ته‌نانه‌ت هه‌موو مووی سه‌ریشتان ژمێردراوه‌. كه‌واته‌ مه‌ترسن ئێوه‌ زۆر له‌ چۆله‌كه‌ به‌نرخترن.
8
«پێشتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م خه‌ڵك دانم پێدا بنێت، كوڕی مرۆڤیش له‌به‌رده‌م فریشته‌كانی خودا دانی پێدا ده‌نێت.
9
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌لای خه‌ڵك نكۆڵی له‌ ناسینی من بكات، له‌به‌رده‌م فریشته‌كانی خودا نكۆڵی لێ ده‌كرێت.
10
ئه‌وه‌ی قسه‌ به‌ كوڕی مرۆڤ بڵێت، ده‌به‌خشرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌ ڕۆحی پیرۆز كفر بكات، نابه‌خشرێت.
11
«كاتێك ده‌تانهێننه‌ به‌رده‌م كه‌نیشت و فه‌رمانڕه‌وا و ده‌سه‌ڵاتداران، نیگه‌ران مه‌بن ده‌بێ بۆ به‌رگری چۆن و به‌ چی بدوێن یان چی بڵێن،
12
چونكه‌ ڕۆحی پیرۆز هه‌ر له‌و كاته‌دا فێرتان ده‌كات پێویسته‌ چی بڵێن.»
نموونه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی بێ مێشك 
13
یه‌كێكی ناو خه‌ڵكه‌كه‌ پێی گوت: «مامۆستا، به‌ براكه‌م بفه‌رموو میراتم له‌گه‌ڵ به‌ش بكات.»
14
به‌ڵام ئه‌و پێی فه‌رموو: «كابرا، كێ منی كردووه‌ به‌ دادوه‌ر یان به‌شكه‌ر به‌سه‌رتانه‌وه‌؟»
15
به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی فه‌رموو: «ئاگاداربن و خۆتان له‌ هه‌موو جۆره‌ چاوچنۆكییه‌ك بپارێزن، چونكه‌ ژیانی مرۆڤ به‌ زۆری سامانه‌كه‌ی نییه‌.»
16
ئینجا نموونه‌یه‌كی بۆ هێنانه‌وه‌: «مرۆڤێكی ده‌وڵه‌مه‌ند، زه‌وییه‌كه‌ی به‌رهه‌مێكی زۆری دا.
17
له‌ دڵی خۆیدا گوتی: ”چی بكه‌م كه‌ شوێنم نه‌بێ به‌رهه‌مه‌كه‌می لێ كۆبكه‌مه‌وه‌؟“
18
«جا گوتی: ”وا ده‌كه‌م، ئه‌مباره‌كانم تێكده‌ده‌م و گه‌وره‌تری ده‌كه‌م، له‌وێدا هه‌موو دانه‌وێڵه‌ و ماڵه‌كه‌م كۆده‌كه‌مه‌وه‌.
19
به‌ خۆشم ده‌ڵێم: ’ئه‌ی گیانم، ئه‌وه‌تا ماڵێكی زۆرت هه‌ڵگرتووه‌، بۆ چه‌ندین ساڵ. بحه‌سێوه‌ و بخۆ و بخۆوه‌ و دڵشادبه‌.‘“
20
«به‌ڵام خودا پێی فه‌رموو: ”ئه‌ی گێله‌، هه‌ر ئه‌مشه‌و گیانت ده‌رده‌چێت. باشه‌ ئه‌وه‌ی كۆت كردووه‌ته‌وه‌، بۆ كێ ده‌بێت؟“
21
«به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌بێ ئه‌و كه‌سه‌ی گه‌نجینه‌ بۆ خۆی كۆده‌كاته‌وه‌ به‌ڵام له‌لای خودا ده‌وڵه‌مه‌ند نییه‌.»
خودا خه‌ممان ده‌خوات 
22
به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: «خه‌م بۆ ژیان و جه‌سته‌تان مه‌خۆن، چی ده‌خۆن یان چی ده‌پۆشن.
23
ژیان له‌ خواردن گرنگتره‌ و جه‌سته‌ش له‌ پۆشاك.
24
سه‌یری قه‌له‌ڕه‌ش بكه‌ن: نه‌ تۆو ده‌كات و نه‌ دروێنه‌ ده‌كات، نه‌ ئه‌مباری هه‌یه‌ و نه‌ كۆگا، به‌ڵام خودا به‌خێوی ده‌كات. باشه‌ ئێوه‌ چه‌ند له‌ باڵنده‌ به‌نرخترن!
25
كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر خه‌م بخوات، ده‌توانێت یه‌ك كاتژمێر له‌ ته‌مه‌نی خۆی زیاد بكات؟
26
جا كه‌ ئێوه‌ بۆ شتێكی بچووك تواناتان نییه‌، بۆچی بۆ شته‌كانی دیكه‌ خه‌م ده‌خۆن؟
27
«سه‌یری گوڵاڵه‌ بكه‌ن چۆن گه‌شه‌ ده‌كات، نه‌ ماندوو ده‌بێت و نه‌ ده‌ڕێسێت. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ته‌نانه‌ت سلێمانیش له‌وپه‌ڕی شكۆمه‌ندیدا وه‌ك یه‌كێك له‌وانه‌ی نه‌پۆشیوه‌.
28
ئه‌ی كه‌م باوه‌ڕینه‌، ئه‌گه‌ر خودا ئه‌و گیایه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كێڵگه‌یه‌ و به‌یانی ده‌خرێته‌ ته‌نووره‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بپۆشێت، ئیتر چه‌ند زیاتر ئێوه‌ ده‌پۆشێت؟
29
جا گرنگی به‌وه‌ مه‌ده‌ن كه‌ چی بخۆن و چی بخۆنه‌وه‌، خه‌م مه‌خۆن.
30
هه‌موو ئه‌مانه‌ بێباوه‌ڕانی جیهان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن، باوكیشتان ده‌زانێت پێویستتان به‌مانه‌ هه‌یه‌.
31
به‌ڵكو داوای پاشایه‌تی ئه‌و بكه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌تان بۆ زیاد ده‌بێت.
32
«مه‌ترسه‌ ئه‌ی مێگه‌لی بچووك، چونكه‌ باوكتان خۆشحاڵه‌ شانشینه‌كه‌تان بداتێ.
33
ئه‌وه‌ی هه‌تانه‌ بیفرۆشن و به‌ خێر بیبه‌خشن، بۆ خۆتان جزدانێك دابین بكه‌ن كه‌ نه‌فه‌وتێت، گه‌نجینه‌یه‌ك له‌ ئاسمان كه‌ له‌بن نایه‌ت، له‌وێ نه‌ دز لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ و نه‌ مۆرانه‌ لێی ده‌دات،
34
چونكه‌ گه‌نجینه‌كه‌ت له‌كوێ بێت، دڵیشت له‌وێ ده‌بێت.
نموونه‌ی كۆیله‌ ده‌ستپاكه‌كان 
35
«با پشتێنتان به‌ستراو و چراتان هه‌ڵكراو بێت،
36
وه‌ك ئه‌وانه‌ بن كه‌ چاوه‌ڕێی گه‌وره‌كه‌یان ده‌كه‌ن تاكو له‌ شایی بگه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ هاته‌وه‌ و له‌ ده‌رگای دا، ده‌ستبه‌جێ لێی بكه‌نه‌وه‌.
37
خۆزگه‌ به‌و كۆیلانه‌ ده‌خوازرێت كه‌ گه‌وره‌ دێته‌وه‌ ده‌بینێت به‌خه‌به‌رن. ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، گه‌وره‌كه‌ ناوقه‌دی خۆی ده‌به‌ستێت و كۆیله‌كان داده‌نیشێنێت، دێت و خزمه‌تیان ده‌كات.
38
جا ئه‌گه‌ر له‌ نیوه‌ی شه‌ودا یان نزیكی به‌ره‌به‌یان بێته‌وه‌ و ئه‌وان به‌و شێوه‌یه‌ ببینێت، خۆزگه‌ به‌و كۆیلانه‌ ده‌خوازرێت.
39
به‌ڵام ئه‌وه‌ش بزانن: ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ی ماڵ بزانێت له‌ چ كاتژمێرێك دز دێته‌ سه‌ری، نایه‌ڵێت ماڵه‌كه‌ی ببڕدرێت.
40
ئێوه‌ش ئاماده‌بن، چونكه‌ كوڕی مرۆڤ له‌ كاتێكدا دێته‌وه‌ كه‌ بیری لێ ناكه‌نه‌وه‌.»
41
په‌ترۆس گوتی: «گه‌وره‌م، ئه‌م نموونه‌یه‌ به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێی یان به‌ هه‌مووان؟»
42
مه‌سیح فه‌رمووی: «ئه‌و سه‌ركاره‌ دڵسۆز و ژیره‌ كێیه‌ كه‌ گه‌وره‌ ده‌یكاته‌ چاودێری كۆیله‌كانی تاكو له‌ كاتی خۆیدا به‌شه‌ خۆراكیان بداتێ؟
43
خۆزگه‌ ده‌خوازرێت به‌و كۆیله‌یه‌، ئه‌وه‌ی كاتێك گه‌وره‌كه‌ی دێته‌وه‌ ده‌بینێت ئاوا ده‌كات.
44
ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: به‌سه‌ر هه‌موو ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ دایده‌نێت.
45
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆیله‌یه‌ له‌ دڵی خۆیدا گوتی: ”گه‌وره‌كه‌م دره‌نگ دێته‌وه‌،“ ئیتر ده‌ست بكات به‌ لێدانی كۆیله‌ و كاره‌كه‌ره‌كانی دیكه‌، هه‌روه‌ها بخوا و بخواته‌وه‌ و سه‌رخۆش بێت،
46
ئه‌وسا گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیله‌یه‌ له‌ ڕۆژێكدا دێته‌وه‌ كه‌ چاوه‌ڕێی ناكات و له‌ كاتژمێرێك كه‌ نایزانێت، ئینجا پارچه‌پارچه‌ی ده‌كات و به‌شی له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕان ده‌بێت.
47
«ئه‌و كۆیله‌یه‌ش كه‌ خواستی گه‌وره‌كه‌ی ده‌زانێت، ئاماده‌ نابێت و به‌ خواستی ئه‌و ناكات، زۆری لێ ده‌درێت.
48
به‌ڵام ئه‌وه‌ی نازانێت و كرده‌وه‌كه‌ی شایانی لێدانه‌، ئه‌وا كه‌می لێ ده‌درێ. ئه‌وه‌ی زۆری دراوه‌تێ داوای زۆری لێ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش زۆری له‌لا دانراوه‌ داوای زیاتری لێ ده‌كرێت.
عیسا و جیهان 
49
«هاتووم تاكو ئاگر هه‌ڵده‌مه‌ سه‌ر زه‌وی، چه‌نده‌ خوازیارم پێشوه‌خت گڕی گرتبێت!
50
به‌ڵام ئازارێكم[a] له‌ ڕێگایه‌ و ده‌بێت پێیدا تێبپه‌ڕم، چه‌ند ناڕه‌حه‌تم هه‌تا ته‌واو ده‌بێت.
51
واده‌زانن من هاتووم ئاشتی بهێنمه‌ سه‌ر زه‌وی؟ پێتان ده‌ڵێم: نه‌خێر، به‌ڵكو دووبه‌ره‌كی.
52
له‌مه‌ودوا له‌ ماڵێكدا پێنجی تێدا ده‌بێت جیا ده‌بنه‌وه‌، سێ له‌ دوو و دوو له‌ سێ.
53
باوك له‌ كوڕ و كوڕ له‌ باوك، دایك له‌ كچ و كچ له‌ دایك، خه‌سوو له‌ بووك و بووك له‌ خه‌سوو جیا ده‌بنه‌وه‌.»
54
دیسان به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی فه‌رموو: «كاتێك هه‌ورێك ده‌بینن له‌ ڕۆژئاواوه‌ به‌ده‌رده‌كه‌وێت، خێرا ده‌ڵێن: ”بارانی به‌ده‌مه‌وه‌یه‌،“ هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌بێت.
55
كاتێكیش بای باشوور هه‌ڵده‌كات، ده‌ڵێن: ”گه‌رم ده‌بێت،“ ئاواش ده‌بێت.
56
ئه‌ی دووڕووان، ده‌زانن ڕووی زه‌وی و ئاسمان بخوێننه‌وه‌، چۆن نازانن ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بخوێننه‌وه‌؟
57
«هه‌روه‌ها بۆچی بۆ خۆتان به‌ ڕاستی حوكم ناده‌ن؟
58
كاتێك له‌گه‌ڵ ڕكابه‌ره‌كه‌ت به‌ ڕێگاوه‌ی بۆ لای دادوه‌ر، له‌ ڕێگا هه‌وڵ بده‌ كێشه‌كه‌ت له‌گه‌ڵی ببڕێنیته‌وه‌، ئه‌گینا ڕاتده‌كێشێته‌ لای دادوه‌ر و دادوه‌ریش ده‌تداته‌ ده‌ست پۆلیس، پۆلیسیش فڕێتده‌داته‌ به‌ندیخانه‌.
59
پێت ده‌ڵێم: له‌وێ ده‌رناچی هه‌تا دوایین فلس نه‌ده‌یته‌وه‌.»
  1. a. 12‏:50 پێشبینییه‌ بۆ ئازاركێشان له‌سه‌ر خاچ.