عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - فێرکردن دەربارەی نوێژ
 - 1
 - جارێک عیسا لە شوێنێکدا نوێژی دەکرد، کاتێک لە نوێژەکەی بووەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، فێری نوێژمان بکە، هەروەک چۆن یەحیا قوتابییەکانی خۆی فێرکرد.»
 - 2
 - پێی فەرموون: «کاتێک نوێژ دەکەن، بڵێن:
”باوکە،
با ناوت پیرۆز بێت،
با پاشایەتییەکەت بێ، - 3
 - نانی ڕۆژانەمان هەموو ڕۆژێک بدەرێ.
 - 4
 - لە گوناهەکانمان خۆشبە،
چونکە ئێمەش لەوانە خۆشدەبین کە خراپەمان بەرامبەر دەکەن.
مەمانخەرە تاقیکردنەوە.“» - 5
 - ئینجا پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە ئەگەر هاوڕێیەکی هەبێت و لە نیوەشەودا بچێتە لای و پێی بڵێت: ”هاوڕێم، سێ کولێرەم بە قەرز بدەرێ،
 - 6
 - چونکە هاوڕێیەکم لە دوورەوە بۆ لام هاتووە، هیچم نییە لەبەردەمی دابنێم.“
 - 7
 - ئەمەی ژوورەوە وەڵام دەداتەوە: ”هەراسانم مەکە، دەرگا داخراوە، خۆم و منداڵم لەناو جێگاداین، ناتوانم هەستم و بتدەمێ.“
 - 8
 - پێتان دەڵێم: ئەگەر لەبەر هاوڕێیەتی هەڵنەستێت و بیداتێ، ئەوا لەبەر پاراستنی ناوبانگی خۆی، هەڵدەستێت و دەیداتێ.
 - 9
 - «لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم، داوا بکەن، پێتان دەدرێت، بگەڕێن دەدۆزنەوە، لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە،
 - 10
 - چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت، ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات لێی دەکرێتەوە.
 - 11
 - «چ باوکێک لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای ماسی لێ بکات، لە جیاتی ماسی ماری دەداتێ؟
 - 12
 - یان داوای هێلکە بکات دووپشکی دەداتێ؟
 - 13
 - جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوک کە لە ئاسمانە، چەند زیاتر ڕۆحی پیرۆز دەداتە ئەوانەی داوای لێ دەکەن.»
 - عیسا و سەرۆکی شەیتان
 - 14
 - عیسا ڕۆحێکی پیسی دەردەکرد کە لاڵ بوو، کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد و خەڵکەکە سەرسام بوون.
 - 15
 - بەڵام هەندێکیان گوتیان: «بە بەعلزەبولی[a] شای ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.»
 - 16
 - هەندێکی دیکەش تاقییان دەکردەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد.
 - 17
 - ئەویش بە بیرکردنەوەیانی زانی، پێی فەرموون: «هەر شانشینێک دووبەرەکی تێبکەوێت وێران دەبێت، هەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێبکەوێت تێکدەچێت.
 - 18
 - ئەگەر شەیتان دووبەرەکی تێبکەوێت، ئیتر چۆن شانشینەکەی خۆی ڕادەگرێت؟ چونکە دەڵێن: ”من بە بەعلزەبول ڕۆحی پیس دەردەکەم.“
 - 19
 - باشە ئەگەر من بە بەعلزەبول ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەی شوێنکەوتەکانی ئێوە بە کێ دەریاندەکەن؟ لەبەر ئەوە ئەوان حوکمتان دەدەن.
 - 20
 - بەڵام ئەگەر من بە پەنجەی خودا ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەوا پاشایەتی خودا هاتووەتە سەرتان.
 - 21
 - «کاتێک پیاوێکی بەهێز و چەکدار پارێزگاری لە ماڵەکەی دەکات، ماڵەکەی پارێزراوە.
 - 22
 - بەڵام کاتێک یەکێکی لە خۆی بەهێزتر بێتە سەری دەیبەزێنێت، چەکەکانی لێ دەستێنێ کە پشتی پێی بەستبوو، تاڵانییەکەش دابەش دەکات.
 - 23
 - «ئەوەی لەگەڵ من نییە لە دژی منە، ئەوەش لەگەڵ من کۆناکاتەوە، بڵاو دەکاتەوە.
 - گەڕانەوەی ڕۆحی پیس
 - 24
 - «کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت. ئینجا دەڵێت: ”دەگەڕێمەوە بۆ ئەو ماڵەی کە بەجێمهێشت.“
 - 25
 - کاتێک دەگەڕێتەوە، دەبینێت گسکدراوە و ڕێکخراوە.
 - 26
 - ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر دەهێنێت، دەچنەوە نێو مرۆڤەکە و لەناویدا دەژین، ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت.»
 - 27
 - کاتێک عیسا ئەمانەی دەگوت، ژنێک لەناو خەڵکەکەوە دەنگی بەرز کردەوە و پێی گوت: «خۆزگە دەخوازرێت بەو سکەی هەڵیگرتووی و بەو مەمکەی شیری پێداوی.»
 - 28
 - ئەویش فەرمووی: «بەڵکو خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە گوێ لە پەیامی خودا دەگرن و کاری پێدەکەن.»
 - نیشانەی یونس
 - 29
 - کاتێک خەڵکەکە زیاتر کۆدەبوونەوە، عیسا دەستی کرد بە قسەکردن و فەرمووی: «ئەم نەوەیە نەوەیەکی بەدکارە، داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونس.
 - 30
 - هەروەک چۆن یونس بۆ خەڵکی نەینەوا بوو بە نیشانە، کوڕی مرۆڤیش بۆ ئەم نەوەیە ئاوا دەبێت.
 - 31
 - شاژنی باشوور[b] لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە.
 - 32
 - خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە.
 - چاو چرای لەشە
 - 33
 - «کەس چرا هەڵناکات و لە جێیەکی شاراوە یان لەژێر تەشت دایبنێت، بەڵکو لەسەر چرادان، تاکو ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن.
 - 34
 - چاوت چرای جەستەتە. کاتێک چاوت ساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە، بەڵام کە نەساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی تاریکییە.
 - 35
 - کەواتە ئاگاداربە ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە نەبێت بە تاریکی.
 - 36
 - لەبەر ئەوە ئەگەر هەموو لەشت پڕبێت لە ڕووناکی و هیچ بەشێکی تاریکی تێدا نەبێت، ئەوا هەمووی پڕدەبێت لە ڕووناکی، وەک چرایەک کە بە تیشکی ڕووناکیت بۆ بدات.»
 - سەرزەنشتکردنی فەریسییەکان
 - 37
 - کاتێک عیسا قسەی دەکرد، فەریسییەک بۆ نانخواردن داوەتی کرد. ئەویش چووە ژوورەوە و دانیشت.
 - 38
 - فەریسییەکە کە بینی عیسا پێش نانخواردن دەستی نەشوشت، سەری سوڕما.
 - 39
 - ئینجا مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرموو: «ئێوەی فەریسی دەرەوەی جام و قاپ پاک دەکەنەوە، بەڵام ناختان پڕە لە چاوچنۆکی و بەدکاری.
 - 40
 - گێلینە، ئایا ئەوەی دەرەوەی دروستکردووە ناوەوەشی دروستنەکردووە؟
 - 41
 - بەڵام ئێوە ئەوەی هەتانە بیدەنە هەژاران، ئیتر هەموو شتێک بۆتان پاک دەبێت.
 - 42
 - «بەڵام قوڕبەسەرتان فەریسییەکان، ئێوە دەیەکی پونگ و ڕازیانە و هەموو سەوزەوات دەدەن، بەڵام دادپەروەری و خۆشەویستی خودا پشتگوێ دەخەن. پێویستە ئەمانە پەیڕەو بکەن و ئەوانەی دیکەش پشتگوێ نەخەن.
 - 43
 - «قوڕبەسەرتان فەریسییەکان، چونکە حەزتان لە ڕیزی پێشەوەی کەنیشت و سڵاو لێکردنتانە لە بازاڕدا.
 - 44
 - «قوڕبەسەرتان، ئێوە لەو گۆڕە نادیارانە دەچن کە خەڵکی بێ ئەوەی بزانن بەسەریاندا دەڕۆن.»
 - 45
 - تەوراتناسێک وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، بە گوتنی ئەمانە، ئێمەش سووک دەکەیت.»
 - 46
 - عیسا فەرمووی: «قوڕبەسەر ئێوەی تەوراتناسیش، بارێک دەخەنە سەر شانی خەڵکی کە هەڵگرتنی زەحمەتە، بەڵام خۆتان بە هیچ شێوەیەک لە هەڵگرتنی بارەکاندا یارمەتییان نادەن.
 - 47
 - «قوڕبەسەرتان، چونکە ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن، کە باوباپیرانتان کوشتوویانن.
 - 48
 - کەواتە ئێوە شایەتن و بە کردەوەی باوباپیرانتان ڕازین، ئەوان پێغەمبەرانیان کوشت و ئێوەش گۆڕەکانیان بۆ هەڵدەبەستن.
 - 49
 - لەبەر ئەوە دانایی خودا فەرمووی: ”من پێغەمبەر و نێردراویان بۆ دەنێرم، بەڵام لێیان دەکوژن و دەیانچەوسێننەوە،“
 - 50
 - تاکو خوێنی هەموو پێغەمبەران کە لە دامەزراندنی جیهانەوە ڕژاوە لەم نەوەیە داوا بکرێت،
 - 51
 - لە خوێنی هابیلەوە هەتا خوێنی زەکەریا کە لەنێوان قوربانگا و پیرۆزگادا لەناوبردرا. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەم نەوەیە داوا دەکرێت.
 - 52
 - «قوڕبەسەرتان تەوراتناسان، چونکە کلیلی زانیاریتان برد، خۆتان نەچوونە ژوورەوە و ڕێتان لەوانەش گرت کە دەچوونە ژوورە.»
 - 53
 - کاتێک عیسا ئەوێی بەجێهێشت، مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان دەستیان کرد بە تەنگ پێ هەڵچنینی و لە زۆر بابەت پرسیاری لێ بکەن،
 - 54
 - چاوەڕێیان دەکرد بە وشەیەکی دەمی خۆی تووشی بکەن.
 
- a. 11:15 بەعلزەبول: بڕوانە مەتا 10:25
 - b. 11:31 شاژنی باشوور: مەبەست شاژنە بەلقیسە کە لە سەردەمی حەزرەتی سلێمان فەرمانڕەوای یەمەن بوو.
 

