عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
هه‌روه‌ها یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو:
2
«ئه‌گه‌ر یه‌كێك گوناهی كرد و ناپاكی له‌ یه‌زدان كرد، به‌وه‌ی فێڵی له‌ كه‌سێك كرد، له‌ شتێك كه‌ له‌لای دانرابێت یان ئه‌مانه‌تێك یان دزینێك یان ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی شتێكی نزیكه‌كه‌ی،
3
یان شتێكی بزربووی دۆزییه‌وه‌ و سه‌باره‌ت به‌وه‌ نكۆڵی كرد، یان به‌ درۆ سوێندی له‌سه‌ر ئه‌مانه‌ خوارد یان هه‌ر شتێك كه‌ مرۆڤ گوناهی تێدا بكات،
4
ئه‌گه‌ر گوناهی كرد و تاوانبار بوو، پێویسته‌ شته‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌وه‌ی دزیویه‌تی یان ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌ یان ئه‌وه‌ی له‌لای دانراوه‌ یان ئه‌وه‌ی بزر ببوو و دۆزییه‌وه‌،
5
یان هه‌ر شتێك كه‌ به‌ درۆ سوێندی له‌سه‌ر خواردبێت. سه‌ر به‌سه‌ر قه‌ره‌بووی ده‌كاته‌وه‌ و پێنج یه‌كیشی بۆ زیاد ده‌كات. له‌ ڕۆژی قوربانی تاوانه‌كه‌ی ده‌یداته‌وه‌ ده‌ست خاوه‌نه‌كه‌ی.
6
له‌بری تاوانه‌كه‌ ده‌بێت قوربانییه‌ك بۆ كاهین بهێنێت، ئه‌مه‌ بۆ یه‌زدانه‌، قوربانی تاوانه‌كه‌ به‌رانێكی ساغی مێگه‌ل بێت، به‌و نرخه‌ی بۆی داده‌نێیت،
7
كاهینه‌كه‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدان كه‌فاره‌تی بۆ ده‌كات و لێخۆشبوونی بۆ ده‌بێت له‌ هه‌ر شتێك كه‌ كردوویه‌تی و پێی تاوانباره‌.»
قوربانی سووتاندن 
8
هه‌روه‌ها یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو:
9
«ئه‌م فه‌رمانه‌ به‌ هارون و كوڕه‌كانی ڕابگه‌یه‌نه‌: ”ئه‌مانه‌ ڕێنماییه‌كانن ده‌رباره‌ی قوربانی سووتاندن. قوربانی سووتاندن ده‌بێت به‌ درێژایی شه‌و هه‌تا به‌یانی له‌سه‌ر ئاگردانه‌كه‌ بێت له‌سه‌ر قوربانگاكه‌. پێویسته‌ ئاگری قوربانگاكه‌ش به‌ داگرساوی بمێنێته‌وه‌.
10
كاهینه‌كه‌ جله‌كانی و ده‌رپێكه‌ی كه‌ له‌ كه‌تانن له‌به‌ر ده‌كات و خۆڵه‌مێشی ئه‌و قوربانی سووتاندنه‌ی كه‌ ئاگره‌كه‌ هه‌ڵیلووشی هه‌ڵده‌گرێت و له‌ته‌نیشت قوربانگاكه‌ دایده‌نێت.
11
ئینجا جله‌كانی داده‌كه‌نێت و جلی دیكه‌ له‌به‌ر ده‌كات و خۆڵه‌مێشه‌كه‌ ده‌باته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگاكه‌ بۆ شوێنێك به‌پێی ڕێوڕه‌سم پاك بێت.
12
پێویسته‌ ئاگری سه‌ر قوربانگاكه‌ش به‌ داگرساوی بمێنێته‌وه‌ و نه‌كوژێته‌وه‌. كاهینه‌كه‌ش هه‌موو به‌یانییه‌ك داری له‌سه‌ر ده‌سووتێنێت و قوربانی سووتاندنی له‌سه‌ر ڕێك ده‌خات و پیوی قوربانییه‌كانی هاوبه‌شی له‌سه‌ر ده‌سووتێنێت.
13
ئاگرێكی به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و ناكوژێته‌وه‌.
پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ 
14
«”ئه‌مانه‌ش ڕێنماییه‌كانن ده‌رباره‌ی پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌، كوڕانی هارون له‌به‌رده‌م یه‌زدان پێشكه‌شی ده‌كه‌ن بۆ پێش قوربانگاكه‌.
15
به‌ مستی هه‌ندێك ئاردی پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌كه‌ و زه‌یته‌كه‌ی و هه‌موو بخووره‌ ساده‌كه‌ی كه‌ له‌سه‌ر پێشكه‌شكراوه‌ خۆراكه‌كه‌یه‌ لێ ده‌بات و به‌شی یاده‌وه‌رییه‌كه‌ له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ ده‌سووتێنێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك بۆنی خۆشییه‌ بۆ یه‌زدان.
16
ئه‌وه‌ی لێشی ده‌مێنێته‌وه‌ هارون و كوڕانی ده‌یخۆن. به‌ڵام به‌بێ هه‌ویرترش له‌ شوێنێكی پیرۆز ده‌خورێت. له‌ حه‌وشه‌ی چادری چاوپێكه‌وتن ده‌یخۆن.
17
به‌ هه‌ویرترش ناكرێت به‌ نان. كردوومه‌ به‌ به‌شی ئه‌وان له‌ قوربانییه‌ به‌ ئاگره‌كانم، ئه‌وه‌ هه‌ره‌پیرۆزه‌ وه‌ك قوربانی گوناه و قوربانی تاوان.
18
هه‌موو نێرینه‌یه‌ك له‌ نه‌وه‌ی هارون لێی ده‌خوات، به‌شێكی چه‌سپاوه‌ بۆ نه‌وه‌كانتان له‌ قوربانییه‌ به‌ ئاگره‌كان بۆ یه‌زدان، هه‌ر شتێكی به‌ر بكه‌وێت پیرۆز ده‌بێت.“»
19
هه‌روه‌ها یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو:
20
«ئه‌مه‌ قوربانی هارون و كوڕه‌كانییه‌تی كه‌ له‌ ڕۆژی ده‌ستنیشانكردن بۆ یه‌زدانی ده‌هێنن: ده‌یه‌كی ئێفه‌یه‌ك[a] له‌ باشترین ئارد له‌ پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌، به‌ به‌رده‌وامی نیوه‌ی له‌ به‌یانییان و نیوه‌ی له‌ ئێواران.
21
له‌سه‌ر ساج دروستكراو و به‌ زه‌یت شێلراو ساز ده‌كه‌یت و ده‌یهێنیت، به‌ پارچه‌پارچه‌كراوی پێشكه‌شكراوه‌ دانه‌وێڵه‌كه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌یت، ئه‌و بۆنه‌ی یه‌زدان پێی خۆشه‌.
22
ئه‌و كوڕه‌ی جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌ وه‌ك كاهینی ده‌ستنیشانكراو هه‌ڵده‌ستێت به‌و كاره‌، به‌شێكی چه‌سپاوه‌ بۆ یه‌زدان، به‌ ته‌واوی ده‌سووتێنرێ.
23
هه‌موو پێشكه‌شكراوێكی دانه‌وێڵه‌ی كاهین به‌ ته‌واوی ده‌سووتێنرێت و ناخورێت.»
قوربانی گوناه 
24
هه‌روه‌ها یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو:
25
«له‌گه‌ڵ هارون و كوڕه‌كانی بدوێ و بڵێ: ”ئه‌مانه‌ ڕێنماییه‌كانن ده‌رباره‌ی قوربانی گوناه، له‌و شوێنه‌ی قوربانی سووتاندن سه‌رده‌بڕدرێت له‌وێش قوربانی گوناه له‌به‌رده‌م یه‌زدان سه‌رده‌بڕیت، ئه‌وه‌ هه‌ره‌پیرۆزه‌.
26
ئه‌و كاهینه‌ی قوربانییه‌كه‌ بۆ كه‌فاره‌تی گوناه ده‌كات لێی ده‌خوات، له‌ شوێنێكی پیرۆز ده‌خورێت، له‌ حه‌وشه‌ی چادری چاوپێكه‌وتن.
27
هه‌ر شتێك به‌ر كه‌له‌شه‌كه‌ بكه‌وێت ئه‌وا پیرۆز ده‌بێت، ئه‌گه‌ر پرژه‌یه‌ك له‌ خوێنه‌كه‌ به‌ر جلێك كه‌وت، ئه‌وا پێویسته‌ جله‌كه‌ له‌ شوێنێكی پیرۆز بشۆیت.
28
به‌ڵام ئه‌و مه‌نجه‌ڵه‌ گڵینه‌ی تێیدا لێنراوه‌، ئه‌وا ده‌شكێنرێت، ئه‌گه‌ر له‌ مه‌نجه‌ڵێكی بڕۆنز لێنرا، ئه‌وا سپی ده‌كرێته‌وه‌ و ئاوی پێدا ده‌كرێت.
29
هه‌موو نێرینه‌یه‌ك له‌ كاهینه‌كان لێی ده‌خوات، ئه‌وه‌ هه‌ره‌پیرۆزه‌.
30
به‌ڵام هه‌موو قوربانییه‌كی گوناه له‌ خوێنه‌كه‌ی ده‌بردرێته‌ ناو چادری چاوپێكه‌وتن و بۆ كه‌فاره‌تكردن له‌ شوێنی پیرۆز، ناخورێت به‌ڵكو به‌ ئاگر ده‌سووتێنرێ.
  1. a. 6‏:20 نزیكه‌ی 1,6 كیلۆگرام.