عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاداشتی گوێڕایه‌ڵی 
1
«”بت بۆ خۆتان دروستمه‌كه‌ن و په‌یكه‌ری تاشراو و به‌ردی ته‌رخانكراو[a] دامه‌مه‌زرێنن، له‌ خاكه‌كه‌تان به‌ردی وێنه‌ له‌سه‌ر كێشراو دامه‌نێن، هه‌تا كڕنۆشی بۆ ببه‌ن، چونكه‌ من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم.
2
«”شه‌ممه‌كانم ده‌پارێزن و ڕێز له‌ پیرۆزگاكه‌م ده‌گرن، من یه‌زدانم.
3
«”ئه‌گه‌ر فه‌رزه‌كانم به‌جێبهێنن و فه‌رمانه‌كانم به‌جێبگه‌یه‌نن و كاری پێ بكه‌ن،
4
ئه‌وا له‌ كاتی خۆی بارانتان ده‌ده‌مێ و زه‌ویش به‌ری خۆی ده‌دات و دره‌خته‌كانی كێڵگه‌ش به‌روبووم ده‌دات.
5
گێره‌كردنتان به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌تا چنینه‌وه‌ی ترێ و چنینه‌وه‌ی ترێ به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌تا چاندن، جا هه‌تا تێری نانتان ده‌خۆن و به‌ ئاسووده‌یی له‌ خاكه‌كه‌تان نیشته‌جێ ده‌بن.
6
«”ئاشتیش له‌ خاكه‌كه‌دا ده‌نێمه‌وه‌، جا ده‌خه‌ون و كه‌س ناتانترسێنێت، گیانله‌به‌ره‌ دڕنده‌كانیش له‌ خاكه‌كه‌دا لاده‌به‌م و شمشێر به‌ خاكه‌كه‌تاندا تێناپه‌رێت.
7
دوژمنه‌كانتان ڕاوده‌نێن و له‌به‌رده‌متان به‌ شمشێر ده‌كوژرێن.
8
پێنج له‌ ئێوه‌ سه‌د ڕاوده‌نێن و سه‌د له‌ ئێوه‌ ڕاوی ده‌ هه‌زار ده‌نێن و دوژمنه‌كانتان له‌به‌رده‌متان به‌ شمشێر ده‌كوژرێن.
9
«”ئاوڕتان لێ ده‌ده‌مه‌وه‌ و به‌ به‌روبوومتان ده‌كه‌م و زیادتان ده‌كه‌م و په‌یمانم له‌گه‌ڵتان ده‌به‌مه‌سه‌ر،
10
جا له‌ به‌روبوومی دروێنه‌ی ساڵی پێشوو ده‌خۆن و بۆ ئه‌مباركردنی به‌روبوومی نوێ، كۆنه‌كه‌ ده‌رده‌هێنن.
11
نشینگه‌كه‌م له‌نێوتان داده‌نێم و قێزتان لێ ناكه‌مه‌وه‌،
12
له‌نێوتان هاتوچۆ ده‌كه‌م و ده‌بم به‌ خودای ئێوه‌ و ئێوه‌ش ده‌بن به‌ گه‌لی من.
13
من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم كه‌ له‌ خاكی میسر ده‌ریهێنان، له‌وه‌ی كه‌ كۆیله‌ی ئه‌وان بوون و كۆتی نیری[b] ئێوه‌ی شكاند و به‌ سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ به‌ڕێی كردن.
سزادان بۆ گوێڕایه‌ڵنه‌بوون 
14
«”به‌ڵام ئه‌گه‌ر گوێم لێ نه‌گرن و هه‌موو ئه‌م فه‌رمانانه‌ جێبه‌جێ نه‌كه‌ن،
15
ئه‌گه‌ر فه‌رزه‌كانم ڕه‌ت بكه‌نه‌وه‌ و قێزتان له‌ یاساكانم ببێته‌وه‌ و فه‌رمانه‌كانم به‌جێنه‌هێنن، به‌ڵكو په‌یمانه‌كه‌م بشكێنن،
16
ئه‌وا من ئه‌مه‌تان پێ ده‌كه‌م، ترس و تۆقین و نه‌خۆشی سیل و تایه‌كتان ده‌هێنمه‌ سه‌ر كه‌ چاوتان كوێر بكات و گیانتان بشێوێنێت، بێهووده‌ كشتوكاڵه‌كه‌تان ده‌چێنن، چونكه‌ دوژمنه‌كانتان ده‌یخۆن.
17
من ڕووتان لێ وه‌رده‌گێڕم، جا دوژمنه‌كانتان ده‌تانشكێنن و ناحه‌زه‌كانتان به‌سه‌رتاندا زاڵ ده‌بن و كه‌سیش به‌دواتانه‌وه‌ نه‌بێت هه‌ر هه‌ڵدێن.
18
«”ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌ر گوێم لێ نه‌گرن، ئه‌وا حه‌وت قات بۆ گوناهه‌كانتان سزاتان ده‌ده‌م.
19
جا له‌خۆبایی كه‌لله‌ڕه‌قیتان ده‌شكێنم و ئاسمانتان وه‌ك ئاسن لێ ده‌كه‌م و زه‌ویتان وه‌ك بڕۆنز،
20
بێهووده‌ ماندوو ده‌بن و زه‌ویتان به‌ری خۆی نادات و دره‌ختی زه‌وی به‌روبوومی نادات.
21
«”ئه‌گه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌ له‌گه‌ڵم جوڵانه‌وه‌ و نه‌تانویست گوێم لێ بگرن، ئه‌وا جارێكی دیكه‌ حه‌وت قات كاره‌ساته‌كه‌تان له‌سه‌ر زیاد ده‌كه‌م، به‌گوێره‌ی گوناهه‌كانتان.
22
دڕنده‌ی كێویتان بۆ به‌ڕه‌ڵا ده‌كه‌م و بێ منداڵتان ده‌كات و مه‌ڕوماڵاتتان قڕ ده‌كات و كه‌متان ده‌كاته‌وه‌، جا ڕێگاتان چۆڵ ده‌بێت.
23
«”ئه‌گه‌ر به‌وه‌ش ته‌مبێ نه‌بوون و به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌گه‌ڵم جوڵانه‌وه‌،
24
ئینجا منیش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌گه‌ڵتان ده‌جوڵێمه‌وه‌ و حه‌وت قات بۆ گوناهه‌كانتان ئازارتان ده‌ده‌م.
25
شمشێرێكتان ده‌هێنمه‌ سه‌ر، تۆڵه‌ی تووڕه‌یی په‌یمانه‌كه‌تان لێ ده‌كاته‌وه‌، جا له‌ شارۆچكه‌كانتان كۆده‌بنه‌وه‌ و ده‌رد ده‌نێرمه‌ نێوانتان و ده‌درێنه‌ ده‌ست دوژمن.
26
كه‌ نان بڕاوتان ده‌كه‌م، هه‌موو نانه‌كه‌تان به‌ ده‌ ژن و له‌ یه‌ك ته‌نوور ده‌كرێت، به‌ پێوانه‌ش به‌شی ده‌كه‌ن و ده‌یخۆن، به‌ڵام تێر نابن.
27
«”ئه‌گه‌ر به‌وه‌ش گوێم لێ نه‌گرن، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌گه‌ڵم جوڵانه‌وه‌،
28
ئه‌وا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌گه‌ڵتان ده‌جوڵێمه‌وه‌ به‌ تووڕه‌ییم و حه‌وت قات بۆ گوناهه‌كانتان سزاتان ده‌ده‌م.
29
جا گۆشتی كوڕ و كچه‌كانتان ده‌خۆن.
30
نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزاییتان[c] وێران ده‌كه‌م و قوربانگاكانی بخوورتان ته‌خت ده‌كه‌م، لاشه‌كانتان فڕێده‌ده‌مه‌ سه‌ر لاشه‌ی بته‌كانتان و قێزتان لێ ده‌كه‌مه‌وه‌.
31
شارۆچكه‌كانتان وێران ده‌كه‌م و شوێنه‌ پیرۆزه‌كانتان ده‌كه‌مه‌ چۆڵه‌وانی، بۆنه‌كانی خۆشی قوربانی ئێوه‌ دڵخۆشم ناكات.
32
زه‌وییه‌كه‌ ده‌كه‌مه‌ چۆڵه‌وانی و دوژمنه‌كانتان كه‌ تێیدا نیشته‌جێ ده‌بن، سه‌رسام ده‌بن.
33
به‌ناو نه‌ته‌وه‌كاندا په‌رشوبڵاوتان ده‌كه‌مه‌وه‌ و شمشێره‌كه‌م هه‌ڵده‌كێشم و ڕاوتان ده‌نێم. جا خاكه‌كه‌تان ده‌بێته‌ چۆڵه‌وانی و شارۆچكه‌كانتان وێران ده‌بێت،
34
ئه‌وسا زه‌وی پشووی ساڵه‌كانی[d] خۆی وه‌رده‌گرێت، هه‌موو ڕۆژانی چۆڵبوونی، ئێوه‌ش له‌ خاكی دوژمنه‌كانتان ده‌بن، ئه‌وسا زه‌وی پشوو ده‌دات، سوود له‌ پشووه‌كانی وه‌رده‌گرێت.
35
هه‌موو ڕۆژانی چۆڵبوونی پشوو ده‌دات، ئه‌و پشووانه‌ی كه‌ ئێوه‌ پێتان نه‌ده‌دا، كاتێك تێیدا نیشته‌جێ بوون.
36
«”ئه‌وانه‌ی لێتان ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وا ترسنۆكی ده‌خه‌مه‌ دڵیان له‌ خاكی دوژمنانیان و ده‌نگی گه‌ڵایه‌كی هه‌ڵوه‌ریو ده‌یانبه‌زێنێت، جا وه‌ك له‌ شمشێر هه‌ڵبێن ئاوا هه‌ڵدێن و بێ ئه‌وه‌ی كه‌س ڕاویان بنێت ده‌كه‌ون.
37
به‌سه‌ر یه‌كتردا ده‌كه‌ون هه‌روه‌ك له‌ شمشێر هه‌ڵبێن و بێ ئه‌وه‌ی كه‌س ڕاویان بنێت، له‌به‌رده‌م دوژمنه‌كانتان هه‌ستانه‌وه‌تان نابێت،
38
جا له‌نێو گه‌لان له‌ناوده‌چن و خاكی دوژمنانتان ده‌تانخوات.
39
ئه‌وانه‌ی لێتان ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وا له‌ خاكی دوژمنانتان به‌ گوناهه‌كانیانه‌وه‌ له‌ناوده‌چن، هه‌روه‌ها به‌ گوناهی باوكانیشیانه‌وه‌ له‌ناوده‌چن.
40
«”به‌ڵام ئه‌گه‌ر دانیان به‌ گوناهه‌كانی خۆیان و باوك و باپیرانیاندا نا، له‌و ناپاكییه‌ی له‌گه‌ڵ من كردیان كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌گه‌ڵم جوڵانه‌وه‌،
41
له‌به‌ر ئه‌وه‌ منیش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا جوڵامه‌وه‌ و ئه‌وانم برده‌ خاكی دوژمنانیان هه‌تا دڵه‌ خه‌ته‌نه‌ نه‌كراوه‌كانیان بێفیز بێت و باجی گوناهه‌كانیان بده‌نه‌وه‌،
42
ئه‌وا په‌یمانه‌كه‌م له‌گه‌ڵ یاقوب به‌بیر دێته‌وه‌. هه‌روه‌ها په‌یمانه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئیسحاق و په‌یمانه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئیبراهیم و خاكه‌كه‌شم به‌بیر دێته‌وه‌.
43
خاكه‌كه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ چۆڵ ده‌كرێت و سوود له‌ پشووه‌كانی[e] وه‌رده‌گرێت كاتێك به‌بێ ئه‌وان چۆڵه‌وانییه‌. ئه‌وانیش باجی گوناهه‌كانیان ده‌ده‌نه‌وه‌، چونكه‌ یاساكانی منیان ڕه‌تكرده‌وه‌ و له‌ ناخه‌وه‌ قێزیان له‌ فه‌رزه‌كانم بووه‌وه‌.
44
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاتێك له‌ خاكی دوژمنانیان بوون، ڕه‌تم نه‌كردنه‌وه‌ و قێزم لێیان نه‌كرده‌وه‌، هه‌تا به‌ ته‌واوی له‌ناویان ببه‌م و په‌یمانم له‌گه‌ڵیان بشكێنم، چونكه‌ من یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریانم.
45
به‌ڵكو له‌ پێناویان یادی ئه‌و په‌یمانه‌یان بۆ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ باوباپیرانیان به‌ستم، ئه‌وانه‌ی له‌به‌رچاوی نه‌ته‌وه‌كان له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌رمهێنان هه‌تا ببمه‌ خودای خۆیان. من یه‌زدانم.“»
46
ئه‌وانه‌ فه‌رز و یاسا و ڕێنماییه‌كان بوون كه‌ یه‌زدان له‌نێوان خۆی و نه‌وه‌ی ئیسرائیلدا داینا، له‌ شاخی سینا له‌سه‌ر ده‌ستی موسا.
  1. a. 26‏:1 مه‌به‌ست له‌و به‌ردانه‌یه‌ به‌ ستوونی ڕاگیراون بۆ په‌رستن. بڕوانه‌ دواوتار 16‏:21‏-22.
  2. b. 26‏:13 مه‌به‌ستی له‌ بارگرانییه‌.
  3. c. 26‏:30 مه‌به‌ست له‌و شوێنه‌ به‌رزانه‌یه‌ كه‌ بۆ قوربانیكردن و ڕێوڕه‌سمی په‌رستنی بته‌كان بووه‌.
  4. d. 26‏:34 \+xt بڕوانه‌ 25‏:4‏\+xt*.
  5. e. 26‏:43 پشووه‌كان: له‌ زمانی عیبری به‌ واتای شه‌ممه‌كان دێت.