عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ساڵی پشوو 
1
هه‌روه‌ها یه‌زدان له‌ شاخی سینا به‌ موسای فه‌رموو:
2
«له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”كاتێك هاتنه‌ ئه‌و خاكه‌ی من پێتان ده‌ده‌م، ئه‌وا پشوو ده‌ده‌ن به‌ خاكه‌كه‌، شه‌ممه‌یه‌ بۆ یه‌زدان.
3
شه‌ش ساڵ كێڵگه‌كه‌ت ده‌ڕوێنیت و شه‌ش ساڵ ڕه‌زه‌كه‌ت په‌رچ ده‌كه‌یت و به‌روبوومی كۆده‌كه‌یته‌وه‌.
4
به‌ڵام له‌ ساڵی حه‌وته‌م ده‌بێته‌ پشووی خاك، شه‌ممه‌یه‌ بۆ یه‌زدان، كێڵگه‌كه‌ت مه‌ڕوێنه‌ و ڕه‌زه‌كه‌ت په‌رچ مه‌كه‌.
5
ئه‌وه‌ی له‌ دروێنه‌ لێت كه‌وتووه‌ و ئێستا ڕواوه‌ته‌وه‌، دروێنه‌ی مه‌كه‌، ترێی ڕه‌زه‌كه‌شت، هی ئه‌و لقانه‌ی په‌رچ نه‌كراون، لێ مه‌كه‌ره‌وه‌. ساڵی پشوودان ده‌بێت بۆ خاكه‌كه‌.
6
هه‌ر شتێك خاكه‌كه‌ له‌ ساڵی پشوودا به‌ خۆڕستی به‌رهه‌می ده‌هێنێت، ئه‌وا ده‌بێته‌ خۆراكتان، بۆ تۆ و كۆیله‌كه‌ت و كه‌نیزه‌كه‌ت یان كرێگرته‌كه‌ت و نیشته‌جێی كاتی كه‌ له‌لای تۆ ده‌ژیێت،
7
هه‌روه‌ها بۆ ئاژه‌ڵه‌ ماڵییه‌كانت و بۆ ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌ ده‌بێت كه‌ له‌ خاكه‌كه‌ته‌. هه‌موو به‌روبوومی خاكه‌كه‌ ده‌بێته‌ خۆراك.
ساڵی په‌نجایه‌مین ساڵی یۆبیله‌ 
8
«”حه‌وت پشووی ساڵانه‌ بۆ خۆت ده‌ژمێریت، حه‌وت جار حه‌وت ساڵ، جا ڕۆژانی حه‌وت پشووه‌ ساڵانه‌كه‌ بۆ تۆ ده‌بێته‌ چل و نۆ ساڵ،
9
ئینجا له‌ ڕۆژی ده‌ی مانگی حه‌وت، كه‌ڕه‌نا لێ ده‌ده‌یت له‌ ڕۆژی كه‌فاره‌ت، كه‌ڕه‌نا به‌ هه‌موو خاكه‌كه‌تان ده‌گێڕن.
10
ساڵی په‌نجایه‌مین ته‌رخان ده‌كه‌ن و بانگه‌وازی ئازادكردن له‌ زه‌وییه‌كه‌دا ڕاده‌گه‌یه‌نن بۆ هه‌موو دانیشتووانه‌كه‌ی، بۆتان ده‌بێته‌ یۆبیل[a] و هه‌ریه‌كه‌ و بۆ موڵكی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌ و بۆ خێڵه‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
11
ساڵی په‌نجایه‌مین یۆبیل، ناڕوێنن و ئه‌وه‌ی خۆڕسكه‌ نایدروونه‌وه‌ و ڕه‌زی په‌رچ نه‌كراو ناڕنن.
12
ئه‌وه‌ یۆبیله‌ و پیرۆز ده‌بێت بۆتان، ئه‌و ساڵه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ بخۆن كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ كێڵگه‌وه‌ ده‌ستتان ده‌كه‌وێت.
13
«”له‌م ساڵی یۆبیله‌ هه‌ركه‌سه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر موڵكی خۆی.
14
«”جا كاتێك زه‌وی و زارت به‌ هاونیشتیمانیت فرۆشت یان لێت كڕی، با كه‌ستان سته‌م له‌وی دیكه‌تان نه‌كات.
15
به‌گوێره‌ی ژماره‌ی ساڵه‌كانی دوای یۆبیل له‌ هاونیشتیمانییه‌كه‌ت ده‌كڕیت و به‌گوێره‌ی ساڵه‌كانی كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌رمانان پێت ده‌فرۆشێت.
16
به‌گوێره‌ی زۆری ساڵه‌كان نرخی زیاد ده‌كه‌یت و به‌گوێره‌ی كه‌می ساڵه‌كان نرخی كه‌م ده‌كه‌یته‌وه‌، چونكه‌ ژماره‌ی به‌روبوومه‌كه‌ت پێ ده‌فرۆشێت.
17
جا سته‌م له‌ یه‌كتری مه‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌ خوداتان بترسن، من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم.
18
«”فه‌رزه‌كانم به‌جێبهێنن و ئاگاداری ئه‌وه‌ بن كه‌ گوێڕایه‌ڵی یاساكانم بن و كاریان پێ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاسووده‌یی له‌ خاكه‌كه‌ نیشته‌جێ بن.
19
زه‌وییه‌كه‌ش به‌روبوومه‌كه‌ی ده‌دات، جا هه‌تا تێر ده‌بن لێی ده‌خۆن و به‌ ئاسووده‌یی تێیدا نیشته‌جێ ده‌بن.
20
ئه‌گه‌ر بڵێن: ’له‌ ساڵی حه‌وته‌م چی بخۆین، ئه‌گه‌ر نه‌چێنین و به‌روبووممان كۆنه‌كه‌ینه‌وه‌؟‘
21
ئه‌وا من فه‌رمانی به‌ره‌كه‌تی خۆم ده‌ده‌م بۆتان له‌ ساڵی شه‌شه‌مدا، جا به‌روبوومی سێ ساڵ ده‌دات.
22
ساڵی هه‌شته‌م ده‌چێنن و له‌ به‌روبوومه‌ كۆنه‌كه‌ ده‌خۆن، هه‌تا ساڵی نۆیه‌م به‌روبوومه‌كه‌ی ده‌دات له‌ كۆنه‌كه‌ ده‌خۆن.
23
«”زه‌وییه‌كه‌ش هه‌میشه‌ هه‌تاسه‌ر نافرۆشرێت، چونكه‌ زه‌وییه‌كه‌ هی منه‌ و ئێوه‌ نامۆ و كرێگرته‌ی منن،
24
به‌ڵكو له‌ هه‌موو ئه‌و خاكه‌ی ئه‌و زه‌وییه‌ی موڵكتان بووه‌، پێویسته‌ كڕینه‌وه‌ بۆ زه‌وییه‌كه‌ دابنێن.
25
«”ئه‌گه‌ر هاونیشتیمانیێكت هه‌ژار بوو و له‌ موڵكه‌كه‌ی خۆی فرۆشت، ئه‌وا نزیكترین خزمی دێت و فرۆشراوی هاوڵاتییه‌كه‌ی ده‌كڕێته‌وه‌.
26
ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش خزمی نه‌بێت زه‌وییه‌كه‌ی بۆ بكڕێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆی توانی و ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ستكه‌وته‌وه‌ كه‌ به‌شی كڕینه‌وه‌كه‌ بكات،
27
ئه‌وا نرخی ئه‌و ساڵانه‌ ده‌ژمێرێت له‌ كاتی فرۆشتنه‌كه‌وه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ هاوسه‌نگكردنی نرخه‌كه‌ ده‌داته‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ كه‌ پێی فرۆشتووه‌، ئینجا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ موڵكه‌كه‌ی.
28
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له‌ ده‌ست نه‌بێت كه‌ بۆی بگه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌وا له‌ ده‌ستی كڕیار ده‌بێت هه‌تا ساڵی یۆبیل. ئینجا له‌ یۆبیلدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ موڵكه‌كه‌ی.
29
«”ئه‌گه‌ر له‌ شارێكی شوورابه‌ند یه‌كێك خانووی نیشته‌جێبوونی فرۆشت، ئه‌وا مافی كڕینه‌وه‌كه‌ی هه‌تا ته‌واوی ساڵێك ده‌بێت له‌ كاتی فرۆشتنه‌وه‌، له‌ ماوه‌ی ئه‌و كاته‌دا ده‌توانێت بیكڕێته‌وه‌.
30
ئه‌گه‌ر هه‌تا ته‌واوبوونی ئه‌و ساڵه‌ نه‌یكڕێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و خانووه‌ی له‌ شاره‌ شوورابه‌نده‌كه‌یه‌ به‌ هه‌میشه‌یی هه‌تاسه‌ر بۆ كڕیاره‌كه‌ ده‌بێت، بۆ نه‌وه‌كانی و له‌ یۆبیلدا ناگه‌ڕێته‌وه‌.
31
به‌ڵام خانوو له‌ لادێی شوورابه‌ند نه‌بێت، ئه‌وا وه‌ك كێڵگه‌ هه‌ژمارد ده‌كرێت، كڕینه‌وه‌ی هه‌یه‌ و له‌ یۆبیلدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
32
«”له‌ شارۆچكه‌كانی لێڤییه‌كان، لێڤییه‌كان هه‌میشه‌ مافی كڕینه‌وه‌ی ماڵه‌كانیان هه‌یه‌، كه‌ موڵكی خۆیانه‌.
33
ماڵه‌كانی لێڤییه‌كان مافی كڕینه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی[b] هه‌یه‌، له‌ ساڵی یۆبیل، چونكه‌ خانووی شارۆچكه‌كانی لێڤییه‌كان موڵكی ئه‌وانه‌ له‌نێو نه‌وه‌ی ئیسرائیل.
34
به‌ڵام له‌وه‌ڕگای ده‌وروبه‌ری شارۆچكه‌كانیان نافرۆشرێت، چونكه‌ موڵكێكی هه‌تاهه‌تاییه‌ بۆیان.
35
«”ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ هاوڵاتیانت هه‌ژار و ده‌ستكورت بوو له‌نێوتان، پشتگیری بكه‌، هه‌روه‌ك چۆن پشتگیری نامۆ یان نیشته‌جێی كاتی ده‌كه‌یت، با له‌نێوتان بژیێت.
36
نه‌ سووی لێ وه‌ربگره‌ و نه‌ قازانج، به‌ڵكو له‌ خوداكه‌ت بترسه‌ و با هاونیشتیمانیت له‌نێوتان بژیێت،
37
نه‌ پاره‌كه‌تی به‌ سوو پێبده‌ و نه‌ خۆراكه‌كه‌تی به‌ قازانج پێبده‌.
38
من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم كه‌ له‌ خاكی میسر ده‌ریهێنان هه‌تا خاكی كه‌نعانتان بداتێ و ببێت به‌ خوداتان.
39
«”ئه‌گه‌ر هاوڵاتییه‌كت له‌نێوتان هه‌ژار بوو و خۆی فرۆشته‌ تۆ، وه‌ك كۆیله‌ كۆیلایه‌تی پێ مه‌كه‌،
40
به‌ڵكو وه‌ك كرێگرته‌ و نیشته‌جێی كاتی له‌نێوتان ده‌بێت، هه‌تا ساڵی یۆبیل له‌لات كار ده‌كات.
41
ئینجا خۆی و كوڕه‌كانی له‌لات ئازاد ده‌بن و بۆ خێڵه‌كه‌ی خۆی و بۆ موڵكی باوباپیرانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
42
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌لی ئیسرائیل به‌نده‌ی منن، ئه‌وانه‌ی له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌رمهێنان، بۆیه‌ نابێت وه‌ك كۆیله‌ بفرۆشرێن.
43
به‌ توندوتیژی به‌سه‌ریاندا زاڵ مه‌به‌، به‌ڵكو له‌ خودات بترسه‌.
44
«”به‌ڵام كۆیله‌كانت و كه‌نیزه‌كانت ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ هی تۆ، ئه‌وا له‌و گه‌لانه‌ی ده‌وروبه‌رتان ده‌بن، له‌وان كۆیله‌ و كه‌نیزه‌ بۆ خۆتان په‌یدا ده‌كه‌ن.
45
هه‌روه‌ها له‌ نه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی لای ئێوه‌ نیشته‌جێی كاتین و له‌ خێڵه‌كانیان كه‌ له‌نێوتانن په‌یدای ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی له‌ خاكی ئێوه‌ له‌دایك ده‌بن، ئه‌وان ده‌بنه‌ موڵكی ئێوه‌.
46
ده‌یانكه‌نه‌ موڵكی كوڕانتان له‌دوای خۆتان وه‌ك میرات بۆیان، هه‌تاسه‌ر ده‌یانكه‌نه‌ كۆیله‌، به‌ڵام براكانتان له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل، ئه‌وا هیچ كه‌سێك به‌ توندوتیژی به‌سه‌ر براكه‌یدا زاڵ نابێت.
47
«”ئه‌گه‌ر نامۆیه‌ك یان نیشته‌جێیه‌كی كاتی له‌نێوتان ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، یه‌كێك له‌ هاوڵاتیانتان هه‌ژار بوو و خۆی به‌و نامۆیه‌ فرۆشت كه‌ له‌نێوتان ده‌ژی، یان به‌ ئه‌ندامی خێڵی نامۆكه‌،
48
ئه‌وا دوای فرۆشتنه‌كه‌ی كڕینه‌وه‌ی بۆ ده‌بێت، یه‌كێك له‌ خزمه‌كانی ده‌یكڕێته‌وه‌.
49
مامی یان ئامۆزای ده‌یكڕێته‌وه‌، یه‌كێك له‌ خزمه‌كانی له‌ خێڵه‌كه‌ی ده‌یكڕێته‌وه‌، یان ئه‌گه‌ر توانای ماددی هه‌بوو ئه‌وا خۆی ده‌كڕێته‌وه‌.
50
له‌گه‌ڵ كڕیاره‌كه‌ی له‌ ساڵی فرۆشتنییه‌وه‌ هه‌تا ساڵی یۆبیل ده‌ژمێرێت و نرخی ئازادبوونی به‌پێی نرخی پێدانی كرێگرته‌یه‌ك ده‌بێت له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا.
51
ئه‌گه‌ر ساڵانێكی زۆر مابێت، ئه‌وا پێویسته‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ له‌ نرخی كڕینه‌كه‌ی به‌پێی ژماره‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی كه‌ ماوه‌ته‌وه‌.
52
ئه‌گه‌ر ساڵانێكی كه‌م مابێته‌وه‌ هه‌تا ساڵی یۆبیل، ئه‌وا پێویسته‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ له‌ نرخی كڕینه‌كه‌ی به‌پێی ژماره‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی كه‌ ماوه‌ته‌وه‌،
53
وه‌ك كرێگرته‌یه‌ك هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، له‌ ساڵێكه‌وه‌ بۆ ساڵێكی دیكه‌. پێویسته‌ ئاگاداربن خاوه‌نه‌كه‌ی به‌ توندوتیژی به‌سه‌ریدا زاڵ نه‌بێت.
54
«”ئه‌گه‌ر به‌و شێوازانه‌ی پێشوو نه‌كڕدرێته‌وه‌، ئه‌وا له‌ ساڵی یۆبیل خۆی و منداڵه‌كانی ئازاد ده‌كرێن،
55
چونكه‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌نده‌ن بۆ من، ئه‌وان به‌نده‌ی منن، ئه‌وانه‌ی له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌رمهێنان، من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم.
  1. a. 25‏:10 25‏:10 یۆبیل وشه‌یه‌كی عیبرییه‌ به‌ واتای به‌ران دێت، ساڵی یۆبیل ساڵی ئازادكردنی كۆیله‌ و لێخۆشبوونه‌ له‌ قه‌رز، له‌و ساڵه‌دا كه‌ فوو به‌ قۆچی به‌ران ده‌كه‌ن وه‌ك كه‌ڕه‌نا ئیتر ئه‌وه‌ ڕاگه‌یاندنه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو ماڵوموڵكێك بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی خۆی.
  2. b. 25‏:33 لێره‌ فرۆشتن و كڕینه‌كه‌ ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌ك دیاریكراو بووه‌، واته‌ پێویست بووه‌ كڕیار له‌ ساڵی یۆبیل فرۆشراوه‌كه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی. ته‌نها له‌ شارۆچكه‌كانی لێڤییه‌كان به‌م شێوازه‌ بووه‌.