عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ساڵی پشوو
 - 1
 - هەروەها یەزدان لە شاخی سینا بە موسای فەرموو:
 - 2
 - «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک هاتنە ئەو خاکەی من پێتان دەدەم، با خاکەکە شەممە بۆ یەزدان بپارێزێت.
 - 3
 - شەش ساڵ کێڵگەکەت دەڕوێنیت و شەش ساڵ ڕەزەکەت پەرچ دەکەیت و بەروبوومی کۆدەکەیتەوە.
 - 4
 - بەڵام لە ساڵی حەوتەم دەبێتە پشووی خاک، شەممەیە بۆ یەزدان، کێڵگەکەت مەڕوێنە و ڕەزەکەت پەرچ مەکە.
 - 5
 - ئەوەی لە دروێنە لێت کەوتووە و ئێستا ڕواوەتەوە، دروێنەی مەکە، ترێی ڕەزەکەشت، هی ئەو لقانەی پەرچ نەکراون، لێ مەکەرەوە. ساڵی پشوودان دەبێت بۆ خاکەکە.
 - 6
 - هەر شتێک خاکەکە لە ساڵی پشوودا بە خۆڕستی بەرهەمی دەهێنێت، ئەوا دەبێتە خۆراکتان، بۆ تۆ و کۆیلەکەت و کەنیزەکەت یان کرێگرتەکەت و نیشتەجێی کاتی کە لەلای تۆ دەژیێت،
 - 7
 - هەروەها بۆ ئاژەڵە ماڵییەکانت و بۆ ئەو ئاژەڵە کێوییە دەبێت کە لە خاکەکەتە. هەموو بەروبوومی خاکەکە دەبێتە خۆراک.
 - ساڵی پەنجایەمین ساڵی یۆبیلە
 - 8
 - «”حەوت پشووی ساڵانە بۆ خۆت دەژمێریت، حەوت جار حەوت ساڵ، جا ڕۆژانی حەوت پشووە ساڵانەکە بۆ تۆ دەبێتە چل و نۆ ساڵ،
 - 9
 - ئینجا لە ڕۆژی دەی مانگی حەوت، کەڕەنا لێ دەدەیت لە ڕۆژی کەفارەت، کەڕەنا بە هەموو خاکەکەتان دەگێڕن.
 - 10
 - ساڵی پەنجایەمین تەرخان دەکەن و بانگەوازی ئازادکردن لە زەوییەکەدا ڕادەگەیەنن بۆ هەموو دانیشتووانەکەی، بۆتان دەبێتە یۆبیل[a] و هەریەکە و بۆ موڵکی خۆی دەگەڕێتەوە و هەریەکە و بۆ خێڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە.
 - 11
 - ساڵی پەنجایەمین یۆبیل، ناڕوێنن و ئەوەی خۆڕسکە نایدروونەوە و ڕەزی پەرچ نەکراو ناڕنن.
 - 12
 - ئەوە یۆبیلە و پیرۆز دەبێت بۆتان، ئەو ساڵە تەنها ئەوە بخۆن کە ڕاستەوخۆ لە کێڵگەوە دەستتان دەکەوێت.
 - 13
 - «”لەم ساڵی یۆبیلە هەرکەسە دەگەڕێتەوە سەر موڵکی خۆی.
 - 14
 - «”جا کاتێک زەوی و زارت بە هاونیشتیمانیت فرۆشت یان لێت کڕی، با کەستان ستەم لەوی دیکەتان نەکات.
 - 15
 - بەگوێرەی ژمارەی ساڵەکانی دوای یۆبیل لە هاونیشتیمانییەکەت دەکڕیت و بەگوێرەی ساڵەکانی کە ماوەتەوە بۆ خەرمانان پێت دەفرۆشێت.
 - 16
 - بەگوێرەی زۆری ساڵەکان نرخی زیاد دەکەیت و بەگوێرەی کەمی ساڵەکان نرخی کەم دەکەیتەوە، چونکە ژمارەی بەروبوومەکەت پێ دەفرۆشێت.
 - 17
 - جا ستەم لە یەکتری مەکەن، بەڵکو لە خوداتان بترسن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
 - 18
 - «”فەرزەکانم بەجێبهێنن و ئاگاداری ئەوە بن کە گوێڕایەڵی یاساکانم بن و کاریان پێ بکەن، بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی لە خاکەکە نیشتەجێ بن.
 - 19
 - زەوییەکەش بەروبوومەکەی دەدات، جا هەتا تێر دەبن لێی دەخۆن و بە ئاسوودەیی تێیدا نیشتەجێ دەبن.
 - 20
 - ئەگەر بڵێن: ’لە ساڵی حەوتەم چی بخۆین، ئەگەر نەچێنین و بەروبووممان کۆنەکەینەوە؟‘
 - 21
 - ئەوا من فەرمانی بەرەکەتی خۆم دەدەم بۆتان لە ساڵی شەشەمدا، جا بەروبوومی سێ ساڵ دەدات.
 - 22
 - ساڵی هەشتەم دەچێنن و لە بەروبوومە کۆنەکە دەخۆن، هەتا ساڵی نۆیەم بەروبوومەکەی دەدات لە کۆنەکە دەخۆن.
 - 23
 - «”زەوییەکەش هەمیشە هەتاسەر نافرۆشرێت، چونکە زەوییەکە هی منە و ئێوە نامۆ و کرێگرتەی منن،
 - 24
 - بەڵکو لە هەموو ئەو خاکەی ئەو زەوییەی موڵکتان بووە، پێویستە کڕینەوە بۆ زەوییەکە دابنێن.
 - 25
 - «”ئەگەر هاونیشتیمانیێکت هەژار بوو و لە موڵکەکەی خۆی فرۆشت، ئەوا نزیکترین خزمی دێت و فرۆشراوی هاوڵاتییەکەی دەکڕێتەوە.
 - 26
 - ئەگەر کەسێکیش خزمی نەبێت زەوییەکەی بۆ بکڕێتەوە، بەڵام ئەگەر خۆی توانی و ئەوەندەی دەستکەوتەوە کە بەشی کڕینەوەکە بکات،
 - 27
 - ئەوا نرخی ئەو ساڵانە دەژمێرێت لە کاتی فرۆشتنەکەوە و ئەوەندەی دەمێنێتەوە بۆ هاوسەنگکردنی نرخەکە دەداتەوە ئەو کەسە کە پێی فرۆشتووە، ئینجا دەگەڕێتەوە بۆ موڵکەکەی.
 - 28
 - بەڵام ئەگەر ئەوەندەی لە دەست نەبێت کە بۆی بگەڕێنێتەوە، ئەوا لە دەستی کڕیار دەبێت هەتا ساڵی یۆبیل. ئینجا لە یۆبیلدا دەگەڕێتەوە، ئەو کاتە خاوەنەکەی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ موڵکەکەی.
 - 29
 - «”ئەگەر لە شارێکی شوورابەند یەکێک خانووی نیشتەجێبوونی فرۆشت، ئەوا مافی کڕینەوەکەی هەتا تەواوی ساڵێک دەبێت لە کاتی فرۆشتنەوە، لە ماوەی ئەو کاتەدا دەتوانێت بیکڕێتەوە.
 - 30
 - ئەگەر هەتا تەواوبوونی ئەو ساڵە نەیکڕێتەوە، ئەوا ئەو خانووەی لە شارە شوورابەندەکەیە بە هەمیشەیی هەتاسەر بۆ کڕیارەکە دەبێت، بۆ نەوەکانی و لە یۆبیلدا ناگەڕێتەوە.
 - 31
 - بەڵام خانوو لە لادێی شوورابەند نەبێت، ئەوا وەک کێڵگە هەژمارد دەکرێت، کڕینەوەی هەیە و لە یۆبیلدا دەگەڕێتەوە.
 - 32
 - «”لە شارۆچکەکانی لێڤییەکان، لێڤییەکان هەمیشە مافی کڕینەوەی ماڵەکانیان هەیە، کە موڵکی خۆیانە.
 - 33
 - ماڵەکانی لێڤییەکان مافی کڕینەوە و گەڕانەوەی[b] هەیە، لە ساڵی یۆبیل، چونکە خانووی شارۆچکەکانی لێڤییەکان موڵکی ئەوانە لەنێو نەوەی ئیسرائیل.
 - 34
 - بەڵام لەوەڕگای دەوروبەری شارۆچکەکانیان نافرۆشرێت، چونکە موڵکێکی هەتاهەتاییە بۆیان.
 - 35
 - «”ئەگەر یەکێک لە هاوڵاتیانت هەژار و دەستکورت بوو لەنێوتان، پشتگیری بکە، هەروەک چۆن پشتگیری نامۆ یان نیشتەجێی کاتی دەکەیت، با لەنێوتان بژیێت.
 - 36
 - نە سووی لێ وەربگرە و نە قازانج، بەڵکو لە خوداکەت بترسە و با هاونیشتیمانیت لەنێوتان بژیێت،
 - 37
 - نە پارەکەتی بە سوو پێبدە و نە خۆراکەکەتی بە قازانج پێبدە.
 - 38
 - من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان هەتا خاکی کەنعانتان بداتێ و ببێت بە خوداتان.
 - 39
 - «”ئەگەر هاوڵاتییەکت لەنێوتان هەژار بوو و خۆی فرۆشتە تۆ، وەک کۆیلە کۆیلایەتی پێ مەکە،
 - 40
 - بەڵکو وەک کرێگرتە و نیشتەجێی کاتی لەنێوتان دەبێت، هەتا ساڵی یۆبیل لەلات کار دەکات.
 - 41
 - ئینجا خۆی و کوڕەکانی لەلات ئازاد دەبن و بۆ خێڵەکەی خۆی و بۆ موڵکی باوباپیرانی دەگەڕێتەوە.
 - 42
 - لەبەر ئەوەی گەلی ئیسرائیل بەندەی منن، ئەوانەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، بۆیە نابێت وەک کۆیلە بفرۆشرێن.
 - 43
 - بە توندوتیژی بەسەریاندا زاڵ مەبە، بەڵکو لە خودات بترسە.
 - 44
 - «”بەڵام کۆیلەکانت و کەنیزەکانت ئەوانەی دەبنە هی تۆ، ئەوا لەو گەلانەی دەوروبەرتان دەبن، لەوان کۆیلە و کەنیزە بۆ خۆتان پەیدا دەکەن.
 - 45
 - هەروەها لە نەوەی ئەوانەی لای ئێوە نیشتەجێی کاتین و لە خێڵەکانیان کە لەنێوتانن پەیدای دەکەن، ئەوانەی لە خاکی ئێوە لەدایک دەبن، ئەوان دەبنە موڵکی ئێوە.
 - 46
 - دەیانکەنە موڵکی کوڕانتان لەدوای خۆتان وەک میرات بۆیان، هەتاسەر دەیانکەنە کۆیلە، بەڵام براکانتان لە نەوەی ئیسرائیل، ئەوا هیچ کەسێک بە توندوتیژی بەسەر براکەیدا زاڵ نابێت.
 - 47
 - «”ئەگەر نامۆیەک یان نیشتەجێیەکی کاتی لەنێوتان دەوڵەمەند بوو، یەکێک لە هاوڵاتیانتان هەژار بوو و خۆی بەو نامۆیە فرۆشت کە لەنێوتان دەژی، یان بە ئەندامی خێڵی نامۆکە،
 - 48
 - ئەوا دوای فرۆشتنەکەی کڕینەوەی بۆ دەبێت، یەکێک لە خزمەکانی دەیکڕێتەوە.
 - 49
 - مامی یان ئامۆزای دەیکڕێتەوە، یەکێک لە خزمەکانی لە خێڵەکەی دەیکڕێتەوە، یان ئەگەر توانای ماددی هەبوو ئەوا خۆی دەکڕێتەوە.
 - 50
 - لەگەڵ کڕیارەکەی لە ساڵی فرۆشتنییەوە هەتا ساڵی یۆبیل دەژمێرێت و نرخی ئازادبوونی بەپێی نرخی پێدانی کرێگرتەیەک دەبێت لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا.
 - 51
 - ئەگەر ساڵانێکی زۆر مابێت، ئەوا پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە لە نرخی کڕینەکەی بەپێی ژمارەی ئەو ساڵانەی کە ماوەتەوە.
 - 52
 - ئەگەر ساڵانێکی کەم مابێتەوە هەتا ساڵی یۆبیل، ئەوا پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە لە نرخی کڕینەکەی بەپێی ژمارەی ئەو ساڵانەی کە ماوەتەوە،
 - 53
 - وەک کرێگرتەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت، لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە. پێویستە ئاگاداربن خاوەنەکەی بە توندوتیژی بەسەریدا زاڵ نەبێت.
 - 54
 - «”ئەگەر بەو شێوازانەی پێشوو نەکڕدرێتەوە، ئەوا لە ساڵی یۆبیل خۆی و منداڵەکانی ئازاد دەکرێن،
 - 55
 - چونکە نەوەی ئیسرائیل بەندەن بۆ من، ئەوان بەندەی منن، ئەوانەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
 
- a. 25:10 25:10 یۆبیل وشەیەکی عیبرییە بە واتای بەران دێت، ساڵی یۆبیل ساڵی ئازادکردنی کۆیلە و لێخۆشبوونە لە قەرز، لەو ساڵەدا کە فوو بە قۆچی بەران دەکەن وەک کەڕەنا ئیتر ئەوە ڕاگەیاندنە بۆ گەڕانەوەی هەموو ماڵوموڵکێک بۆ خاوەنەکەی خۆی.
 - b. 25:33 لێرە فرۆشتن و کڕینەکە تەنها بۆ ماوەیەک دیاریکراو بووە، واتا پێویست بووە کڕیار لە ساڵی یۆبیل فرۆشراوەکە بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی. تەنها لە شارۆچکەکانی لێڤییەکان بەم شێوازە بووە.
 

