عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕۆژی کەفارەت 
1
لەدوای مردنی دوو کوڕەکەی هارون، کاتێک لەبەردەم یەزدان نزیک ببوونەوە و مردبوون، یەزدان لەگەڵ موسا دوا و
2
پێی فەرموو: «بە هارونی برات بڵێ با هەموو کاتێک نەیەتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکەی پێش قەپاغی کەفارەتەکە[a] کە لەسەر سندوقەکەیە، نەوەک بمرێت، چونکە من لە هەوردا لەسەر قەپاغی کەفارەتەکە دەبینرێم.
3
«هارون بەم شێوەیە بچێتە ناو پیرۆزگاکە: جوانەگایەک بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن بهێنێت.
4
کراسێکی کەتان و پیرۆز لەبەر بکات و دەرپێی کەتانی لەبەربێت و بە کەمەربەندی کەتان پشتی ببەستێت و مێزەری کەتانی لەسەر بێت، ئەوە جلوبەرگێکی پیرۆزە، خۆی بە ئاو بشوات و جلەکان لەبەر بکات.
5
لە کۆمەڵی ئیسرائیلیش دوو گیسکی نێرینە[b] ببات بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن.
6
«هارون جوانەگاکە پێشکەش بکات بۆ قوربانی گوناهی خۆی و کەفارەت بۆ خۆی و بۆ ماڵەکەی بکات،
7
ئینجا دوو گیسکە نێرینەکەش ببات و لەبەردەم یەزدان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕایانبگرێت.
8
هارون تیروپشک بۆ دوو گیسکەکە بکات، یەکێکیان بۆ یەزدان و ئەوی دیکە بۆ لابردنی گوناه لەسەر کۆمەڵگا.
9
ئەو گیسکەی لە تیروپشک بۆ یەزدان دەرچوو، ئەوا هارون پێشکەشی بکات و بیکاتە قوربانی گوناه.
10
بەڵام ئەو گیسکەی بە تیروپشک بۆ لابردنی گوناه لەسەر کۆمەڵگا دەرچوو، ئەوا بە زیندوویی لەبەردەم یەزدان ڕایبگرێت بۆ کەفارەتکردن لەسەری، بۆ ئەوەی بۆ عەزازێلی[c] بنێرێتە چۆڵەوانی[d] .
11
«پێویستە هارون جوانەگاکەی قوربانی گوناه بهێنێت و سەری ببڕێت، کەفارەت بۆ خۆی و ماڵەکەی بکات.
12
هارون بە پڕی بخووردانەکە پشکۆی ئاگر لەسەر قوربانگاکە لەبەردەم یەزدان ببات، بە پڕی دەستەکانیشی بخووری بۆنخۆشی باش کوتراوە ببات و بیانباتە پشت پەردەکە.
13
ئەو لەبەردەم یەزدان بخوورەکە بەسەر ئاگرەکەدا بکات، هەروەها دووکەڵی بخوورەکە قەپاغەکەی کەفارەت داپۆشێت کە لەسەر سندوقی پەیمانە، ئیتر نامرێت.
14
ئینجا لە خوێنی جوانەگاکە ببات و بە پەنجەی بەسەر ڕووی قەپاغەکەی کەفارەت، بەلای ڕۆژهەڵات بیپرژێنێت، لەلای پێشەوەی قەپاغەکەی کەفارەتیش، حەوت جار بە پەنجەی خوێنەکە بپرژێنێت.
15
«ئینجا گیسکەکەی قوربانی گوناه کە بۆ گەل سەری ببڕێت و بە خوێنەکەیەوە بچێتە پشت پەردەکە، چی بە خوێنی جوانەگاکە کرد، ئاواش بە خوێنەکەی ئەم بکات و بەسەر قەپاغەکەی کەفارەت و لای پێشەوەی بیپرژێنێت.
16
بەم شێوەیە کەفارەت بۆ شوێنی هەرەپیرۆز بکات لە گڵاوییەکانی نەوەی ئیسرائیل و لە یاخیبوون و هەموو گوناهەکانیان. بۆ چادری چاوپێکەوتنیش کە لەنێویانە ئاوا بکات، لەناوەندی گڵاوییەکانیان.
17
نابێت هیچ کەسێکیش لە چادری چاوپێکەوتن بێت، لە کاتی چوونە ژوورەوەی هارون بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی هەرەپیرۆز هەتا کاتی هاتنە دەرەوەی، کەفارەت بۆ خۆی و ماڵەکەی و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بکات.
18
«ئینجا بچێتە دەرەوە بۆ لای قوربانگاکەی بەردەم یەزدان و کەفارەتی بۆ بکات، لە خوێنی جوانەگاکە و خوێنی گیسکەکە ببات و بەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەیدا بکات.
19
بە پەنجەی حەوت جار لە خوێنەکە بەسەریدا بپرژێنێت و لە گڵاوییەکانی نەوەی ئیسرائیل پاکی بکاتەوە و تەرخانی بکات.
20
«کاتێک هارون لە کەفارەتکردن بۆ شوێنی هەرەپیرۆز و چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە تەواو بوو، گیسکە زیندووەکە پێشکەش بکات.
21
هارون هەردوو دەستی لەسەر سەری گیسکە زیندووەکە دابنێت و لەسەری دان بە هەموو تاوان و هەموو یاخیبوونەکان و هەموو گوناهەکانی نەوەی ئیسرائیلدا بنێت، بەمە گوناهەکان دەخاتە سەر گیسکەکە. هارون لەژێر چاودێری ئەو کەسەی هەڵبژێردراوە بۆ ئەم ئیشە گیسکەکە بنێرێتە چۆڵەوانی.
22
گیسکەکە هەموو تاوانەکانیان هەڵدەگرێت بۆ خاکێکی چۆڵ، ئینجا کەسەکە گیسکەکە لە چۆڵەوانی بەڕەڵا بکات.
23
«ئینجا هارون بچێتە ناو چادری چاوپێکەوتن و جلە کەتانەکانی دابکەنێت کە لە چوونە ژوورەوەی بۆ شوێنی هەرەپیرۆز لەبەری کردبوو، لەوێ دایبنێت.
24
لە شوێنێکی پیرۆز بە ئاو خۆی بشوات. ئینجا جلەکانی لەبەر بکات و بچێتە دەرەوە و قوربانی سووتاندن بۆ خۆی و قوربانی سووتاندن بۆ گەل بکات، کەفارەت بۆ خۆی و بۆ گەل بکات.
25
پیوی قوربانییەکەی گوناهیش لەسەر قوربانگاکە بسووتێنێت.
26
«ئەو کەسەی گیسکەکەشی بەرەو عەزازێل بەڕەڵا کرد، جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، پاشان بچێتە ناو ئۆردوگاکە.
27
جوانەگاکەی قوربانی گوناه و گیسکەکەی قوربانی گوناهیش، ئەوانەی خوێنەکەیان بردرا بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی هەرەپیرۆز، ئەوا بیانباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و پێست و گۆشت و ڕیخۆڵەکەیان بە ئاگر بسووتێنن.
28
ئەوەی دەشیانسووتێنێت، جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، پاشان بچێتە ناو ئۆردوگاکە.
29
«ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆتان، کە ئێوە لە دەی مانگی حەوت گیانی خۆتان زەلیل[e] دەکەن و هیچ کارێک ناکەن، نە هاوڵاتی و نە ئەو نامۆیەی لەنێوتانە،
30
چونکە لەم ڕۆژەدا کەفارەتتان بۆ دەکرێت بۆ پاکبوونەوەتان، لە هەموو گوناهەکانتان لەبەردەم یەزدان پاک دەبنەوە.
31
ئەمە شەممەیە، پشوودانە بۆتان، فەرزێکی هەتاهەتاییشە کە گیانی خۆتان زەلیل بکەن.
32
ئەو کاهینەش کە بە زەیت دەستنیشان دەکرێت و ئەرکی پێ دەسپێردرێت بۆ ئەوەی لە جیاتی باوکی ببێتە سەرۆک کاهین کەفارەت بکات، جلە کەتانەکان لەبەر بکات، جلە پیرۆزەکان،
33
کەفارەت بۆ شوێنی هەرەپیرۆز و چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە بکات. هەروەها کەفارەت بۆ کاهینەکان و هەموو کۆمەڵی گەل بکات.
34
«ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆتان بۆ کەفارەتکردن بۆ نەوەی ئیسرائیل لە هەموو گوناهەکانیان، ساڵی جارێک.»
ئیتر ئاوا کرا، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
  1. a. 16‏:2 قەپاغێکە بۆ داپۆشینی سندوقی پەیمان، لە ڕۆژی کەفارەت خوێنی قوربانی لەسەر ڕژاوە بۆ لێخوشبوونی گوناه. بڕوانە دەرچوون 25‏:17‏‏.‏
  2. b. 16‏:5 گیسک: کارەبزن تەمەنی نزیکەی شەش مانگە.‏
  3. c. 16‏:10 عەزازێل: بە واتای (گیسکی گواستنەوە) دێت یان ناوی شەیتانێک بێت لە چۆڵەوانی.‏
  4. d. 16‏:10 بنێرێت بۆ چۆڵەوانی: وەک هێمایەک بۆ دوورکەوتنەوەی تاوان و گوناه لە کۆمەڵگا.‏
  5. e. 16‏:29 مەبەستی لە خۆبێبەشکردنە لە (خواردن و خواردنەوە یان جووتبوون لەگەڵ هاوسەرەکەت… هتد). لێرەدا زیاتر کات تەرخان دەکەیت بۆ نوێژکردن و پاڕانەوە. بڕوانە یەکەم نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی کۆرنسۆس 7‏:5 و یۆحەنا 4‏:34‏‏.‏