عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕۆژی كه‌فاره‌ت 
1
له‌دوای مردنی دوو كوڕه‌كه‌ی هارون، كاتێك له‌به‌رده‌م یه‌زدان نزیك ببوونه‌وه‌ و مردبوون، یه‌زدان له‌گه‌ڵ موسا دوا و
2
پێی فه‌رموو: «به‌ هارونی برات بڵێ با هه‌موو كاتێك نه‌یه‌ته‌ ناو شوێنی هه‌ره‌پیرۆز له‌ پشت په‌رده‌كه‌ی پێش قه‌پاغی كه‌فاره‌ته‌كه‌[a] كه‌ له‌سه‌ر سندوقه‌كه‌یه‌، نه‌وه‌ك بمرێت، چونكه‌ من له‌ هه‌وردا له‌سه‌ر قه‌پاغی كه‌فاره‌ته‌كه‌ ده‌بینرێم.
3
«هارون به‌م شێوه‌یه‌ بچێته‌ ناو پیرۆزگاكه‌: جوانه‌گایه‌ك بۆ قوربانی گوناه و به‌رانێك بۆ قوربانی سووتاندن بهێنێت.
4
كراسێكی كه‌تان و پیرۆز له‌به‌ر بكات و ده‌رپێی كه‌تانی له‌به‌ربێت و به‌ كه‌مه‌ربه‌ندی كه‌تان پشتی ببه‌ستێت و مێزه‌ری كه‌تانی له‌سه‌ر بێت، ئه‌وه‌ جلوبه‌رگێكی پیرۆزه‌، خۆی به‌ ئاو بشوات و جله‌كان له‌به‌ر بكات.
5
له‌ كۆمه‌ڵی ئیسرائیلیش دوو گیسكی نێرینه‌[b] ببات بۆ قوربانی گوناه و به‌رانێك بۆ قوربانی سووتاندن.
6
«هارون جوانه‌گاكه‌ پێشكه‌ش بكات بۆ قوربانی گوناهی خۆی و كه‌فاره‌ت بۆ خۆی و بۆ ماڵه‌كه‌ی بكات،
7
ئینجا دوو گیسكه‌ نێرینه‌كه‌ش ببات و له‌به‌رده‌م یه‌زدان له‌لای ده‌روازه‌ی چادری چاوپێكه‌وتن ڕایانبگرێت.
8
هارون تیروپشك بۆ دوو گیسكه‌كه‌ بكات، یه‌كێكیان بۆ یه‌زدان و ئه‌وی دیكه‌ بۆ لابردنی گوناه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا.
9
ئه‌و گیسكه‌ی له‌ تیروپشك بۆ یه‌زدان ده‌رچوو، ئه‌وا هارون پێشكه‌شی بكات و بیكاته‌ قوربانی گوناه.
10
به‌ڵام ئه‌و گیسكه‌ی به‌ تیروپشك بۆ لابردنی گوناه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا ده‌رچوو، ئه‌وا به‌ زیندوویی له‌به‌رده‌م یه‌زدان ڕایبگرێت بۆ كه‌فاره‌تكردن له‌سه‌ری، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ عه‌زازێلی[c] بنێرێته‌ چۆڵه‌وانی[d] .
11
«پێویسته‌ هارون جوانه‌گاكه‌ی قوربانی گوناه بهێنێت و سه‌ری ببڕێت، كه‌فاره‌ت بۆ خۆی و ماڵه‌كه‌ی بكات.
12
هارون به‌ پڕی بخووردانه‌كه‌ پشكۆی ئاگر له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدان ببات، به‌ پڕی ده‌سته‌كانیشی بخووری بۆنخۆشی باش كوتراوه‌ ببات و بیانباته‌ پشت په‌رده‌كه‌.
13
ئه‌و له‌به‌رده‌م یه‌زدان بخووره‌كه‌ به‌سه‌ر ئاگره‌كه‌دا بكات، هه‌روه‌ها دووكه‌ڵی بخووره‌كه‌ قه‌پاغه‌كه‌ی كه‌فاره‌ت داپۆشێت كه‌ له‌سه‌ر سندوقی په‌یمانه‌، ئیتر نامرێت.
14
ئینجا له‌ خوێنی جوانه‌گاكه‌ ببات و به‌ په‌نجه‌ی به‌سه‌ر ڕووی قه‌پاغه‌كه‌ی كه‌فاره‌ت، به‌لای ڕۆژهه‌ڵات بیپرژێنێت، له‌لای پێشه‌وه‌ی قه‌پاغه‌كه‌ی كه‌فاره‌تیش، حه‌وت جار به‌ په‌نجه‌ی خوێنه‌كه‌ بیپرژێنێت.
15
«ئینجا گیسكه‌كه‌ی قوربانی گوناه كه‌ بۆ گه‌ل سه‌ری ببڕێت و به‌ خوێنه‌كه‌یه‌وه‌ بچێته‌ پشت په‌رده‌كه‌، چی به‌ خوێنی جوانه‌گاكه‌ كرد، ئاواش به‌ خوێنه‌كه‌ی ئه‌م بكات و به‌سه‌ر قه‌پاغه‌كه‌ی كه‌فاره‌ت و لای پێشه‌وه‌ی بیپرژێنێت.
16
به‌م شێوه‌یه‌ كه‌فاره‌ت بۆ شوێنی هه‌ره‌پیرۆز بكات له‌ گڵاوییه‌كانی نه‌وه‌ی ئیسرائیل و له‌ یاخیبوون و هه‌موو گوناهه‌كانیان. بۆ چادری چاوپێكه‌وتنیش كه‌ له‌نێویانه‌ ئاوا بكات، له‌ناوه‌ندی گڵاوییه‌كانیان.
17
نابێت هیچ كه‌سێكیش له‌ چادری چاوپێكه‌وتن بێت، له‌ كاتی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی هارون بۆ كه‌فاره‌تكردن له‌ شوێنی هه‌ره‌پیرۆز هه‌تا كاتی هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی، كه‌فاره‌ت بۆ خۆی و ماڵه‌كه‌ی و هه‌موو كۆمه‌ڵی ئیسرائیل بكات.
18
«ئینجا بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ لای قوربانگاكه‌ی به‌رده‌م یه‌زدان و كه‌فاره‌تی بۆ بكات، له‌ خوێنی جوانه‌گاكه‌ و خوێنی گیسكه‌كه‌ ببات و به‌سه‌ر قۆچه‌كانی قوربانگاكه‌یدا بكات.
19
به‌ په‌نجه‌ی حه‌وت جار له‌ خوێنه‌كه‌ به‌سه‌ریدا بپرژێنێت و له‌ گڵاوییه‌كانی نه‌وه‌ی ئیسرائیل پاكی بكاته‌وه‌ و ته‌رخانی بكات.
20
«كاتێك هارون له‌ كه‌فاره‌تكردن بۆ شوێنی هه‌ره‌پیرۆز و چادری چاوپێكه‌وتن و قوربانگاكه‌ ته‌واو بوو، گیسكه‌ زیندووه‌كه‌ پێشكه‌ش بكات.
21
هارون هه‌ردوو ده‌ستی له‌سه‌ر سه‌ری گیسكه‌ زیندووه‌كه‌ دابنێت و له‌سه‌ری دان به‌ هه‌موو تاوان و هه‌موو یاخیبوونه‌كان و هه‌موو گوناهه‌كانی نه‌وه‌ی ئیسرائیلدا بنێت، به‌مه‌ گوناهه‌كان ده‌خاته‌ سه‌ر گیسكه‌كه‌. هارون له‌ژێر چاودێری ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ڵبژێردراوه‌ بۆ ئه‌م ئیشه‌ گیسكه‌كه‌ بنێرێته‌ چۆڵه‌وانی.
22
گیسكه‌كه‌ هه‌موو تاوانه‌كانیان هه‌ڵده‌گرێت بۆ خاكێكی چۆڵ، ئینجا كه‌سه‌كه‌ گیسكه‌كه‌ له‌ چۆڵه‌وانی به‌ڕه‌ڵا بكات.
23
«ئینجا هارون بچێته‌ ناو چادری چاوپێكه‌وتن و جله‌ كه‌تانه‌كانی دابكه‌نێت كه‌ له‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌ی بۆ شوێنی هه‌ره‌پیرۆز له‌به‌ری كردبوو، له‌وێ دایبنێت.
24
له‌ شوێنێكی پیرۆز به‌ ئاو خۆی بشوات. ئینجا جله‌كانی له‌به‌ر بكات و بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ و قوربانی سووتاندن بۆ خۆی و قوربانی سووتاندن بۆ گه‌ل بكات، كه‌فاره‌ت بۆ خۆی و بۆ گه‌ل بكات.
25
پیوی قوربانییه‌كه‌ی گوناهیش له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ بسووتێنێت.
26
«ئه‌و كه‌سه‌ی گیسكه‌كه‌شی به‌ره‌و عه‌زازێل به‌ڕه‌ڵا كرد، جله‌كانی بشوات و خۆی به‌ ئاو بشوات، پاشان بچێته‌ ناو ئۆردوگاكه‌.
27
جوانه‌گاكه‌ی قوربانی گوناه و گیسكه‌كه‌ی قوربانی گوناهیش، ئه‌وانه‌ی خوێنه‌كه‌یان بردرا بۆ كه‌فاره‌تكردن له‌ شوێنی هه‌ره‌پیرۆز، ئه‌وا بیانباته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگاكه‌ و پێست و كه‌له‌ش و ڕیخه‌كه‌یان به‌ ئاگر بسووتێنن.
28
ئه‌وه‌ی ده‌شیانسووتێنێت، جله‌كانی بشوات و خۆی به‌ ئاو بشوات، پاشان بچێته‌ ناو ئۆردوگاكه‌.
29
«ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ فه‌رزێكی هه‌تاهه‌تایی بۆتان، كه‌ ئێوه‌ له‌ ده‌ی مانگی حه‌وت گیانی خۆتان زه‌لیل[e] ده‌كه‌ن و هیچ كارێك ناكه‌ن، نه‌ هاوڵاتی و نه‌ ئه‌و نامۆیه‌ی له‌نێوتانه‌،
30
چونكه‌ له‌م ڕۆژه‌دا كه‌فاره‌تتان بۆ ده‌كرێت بۆ پاكبوونه‌وه‌تان، له‌ هه‌موو گوناهه‌كانتان له‌به‌رده‌م یه‌زدان پاك ده‌بنه‌وه‌.
31
ئه‌مه‌ شه‌ممه‌یه‌، پشوودانه‌ بۆتان، فه‌رزێكی هه‌تاهه‌تاییشه‌ كه‌ گیانی خۆتان زه‌لیل بكه‌ن.
32
ئه‌و كاهینه‌ش كه‌ به‌ زه‌یت ده‌ستنیشان ده‌كرێت و ئه‌ركی پێ ده‌سپێردرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ جیاتی باوكی ببێته‌ سه‌رۆك كاهین كه‌فاره‌ت بكات، جله‌ كه‌تانه‌كان له‌به‌ر بكات، جله‌ پیرۆزه‌كان،
33
كه‌فاره‌ت بۆ شوێنی هه‌ره‌پیرۆز و چادری چاوپێكه‌وتن و قوربانگاكه‌ بكات. هه‌روه‌ها كه‌فاره‌ت بۆ كاهینه‌كان و هه‌موو كۆمه‌ڵی گه‌ل بكات.
34
«ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ فه‌رزێكی هه‌تاهه‌تایی بۆتان بۆ كه‌فاره‌تكردن بۆ نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ هه‌موو گوناهه‌كانیان، ساڵی جارێك.»
ئیتر ئاوا كرا، وه‌ك یه‌زدان فه‌رمانی به‌ موسا كرد.
  1. a. 16‏:2 قه‌پاغێكه‌ بۆ داپۆشینی سندوقی په‌یمان، له‌ ڕۆژی كه‌فاره‌ت خوێنی قوربانی له‌سه‌ر ڕژاوه‌ بۆ لێخوشبوونی گوناه. بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 25‏:17‏\+xt*‏.
  2. b. 16‏:5 گیسك: كاره‌بزن ته‌مه‌نی نزیكه‌ی شه‌ش مانگه‌.
  3. c. 16‏:10 عه‌زازێل: به‌ واتای (گیسكی گواستنه‌وه‌) دێت یان ناوی شه‌یتانێك بێت له‌ چۆڵه‌وانی.
  4. d. 16‏:10 بنێرێت بۆ چۆڵه‌وانی: وه‌ك هێمایه‌ك بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ی تاوان و گوناه له‌ كۆمه‌ڵگا.
  5. e. 16‏:29 مه‌به‌ستی له‌ خۆبێبه‌شكردنه‌ له‌ (خواردن و خواردنه‌وه‌ یان جووتبوون له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ت… هتد). لێره‌دا زیاتر كات ته‌رخان ده‌كه‌یت بۆ نوێژكردن و پاڕانه‌وه‌. بڕوانه‌ یه‌كه‌م نامه‌ی پۆڵس بۆ باوه‌ڕدارانی كۆرنسۆس 7‏:5 و \+xt یۆحه‌نا 4‏:34‏\+xt*‏.