عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- چۆن زێڕ ڕەونەقی خۆی لەدەستدات،
 زێڕی بێگەرد گۆڕا!
 بەردەکانی پیرۆزگا پەرشوبڵاو بوونەوە
 لەسەر سووچی هەموو شەقامێک.
- 2
- چۆن کوڕە بەهادارەکانی سییۆن،
 ئەوانەی بە زێڕی بێگەرد دەکێشران،
 ئێستا بە گۆزەی گڵ دانران،
 دەستکردی دەستی گۆزەکەر!
- 3
- تەنانەت چەقەڵەکانیش گوانیان دەدەنە توولەکانیان
 بۆ ئەوەی شیریان پێبدەن،
 بەڵام گەلەکەی من دڵڕەقە
 وەک وشترمرغ لە چۆڵەوانی.
- 4
- لەبەر تینووێتی
 شیرەخۆرە زمانی بە مەڵاشوویەوە نووسا.
 منداڵەکان داوای نان دەکەن،
 بەڵام کەس نییە بۆیان بشکێنێت.
- 5
- ئەوانەی خواردنی خۆشیان دەخوارد
 لە شەقامەکاندا وێران بوون،
 ئەوانەی لەناو جلوبەرگی ئەرخەوانی بەخێو دەکران
 لەسەر زبڵدانەکان پاڵ دەدەنەوە.
- 6
- سزای تاوانی گەلەکەم گەورەتر بوو
 لە سزای گوناهەکەی سەدۆم،
 ئەوەی لە چرکەیەکدا سەرەوژێر بوو
 بێ ئەوەی دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکرێت.
- 7
- میرەکانیان لە بەفر بێگەردتر بوون،
 لە شیر سپیتر بوون،
 جەستەیان لە یاقووت[a] سوورتر بوو،
 وەک یاقووتی شین[b] بوون.
- 8
- بەڵام ئێستا ڕەنگیان لە ڕەژوو ڕەشترە،
 لە شەقامەکاندا ناناسرێنەوە.
 پێستیان بە ئێسکیانەوە نووساوە
 وەک تەختەدار وشک هەڵگەڕاوە.
- 9
- ئەوانەی بە شمشێر کوژران باشتر بوون
 لەوانەی بە قاتوقڕی مردن.
 ئەوانە بە برسیێتی ئازاریان چێشت،
 چونکە خواردن لە کێڵگە نەبوو.
- 10
- دایکە میهرەبانەکان
 بە دەستی خۆیان منداڵەکانیان لێنا،
 کردیان بە خۆراک
 کاتێک گەلەکەم لەناوچوو.
- 11
- یەزدان تووڕەیی خۆی دەردەبڕێت،
 هەڵچوونی بە جۆشی خۆی هەڵدەڕێژێت.
 ئاگرێکی لە سییۆن بەرپا کرد
 بناغەکانی سووتاند.
- 12
- پاشاکانی زەوی و هەموو دانیشتووانی جیهان
 باوەڕیان نەکرد
 کە دوژمن و ناحەز
 دێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمەوە.
- 13
- بەڵام لەبەر گوناهی پێغەمبەرەکانی[c]  و
 تاوانی کاهینەکانی ڕوویدا،
 ئەوانەی لە ناوەڕاستیدا
 خوێنی ڕاستودروستانیان دەڕشت.
- 14
- بە شەقامەکاندا وێڵ بوون
 وەک کوێر.
 خۆیان بە خوێن گڵاوکرد،
 کەس ناتوانێت دەست لە جلەکانیان بدات.
- 15
- خەڵک هاواریان لێ دەکەن: «ئەی گڵاوەکان، دووربکەونەوە!
 دووربکەونەوە! دووربکەونەوە، دەستمان لێ مەدەن!»
 کاتێک ڕایانکرد و وێڵ بوون،
 لەناو گەلاندا گوتیان،
 «جارێکی دیکە ناتوانن لێرە نیشتەجێ بن.»
- 16
- یەزدان خۆی پەرتەوازەی کردن،
 ئیتر چاودێرییان ناکات.
 خەڵک ڕێزیان لە کاهینەکان نەگرت،
 لەگەڵ پیرەکان میهرەبان نەبوون.
- 17
- سەرباری ئەمەش، ئێمە چاومان کزبوو
 بێهوودە لە چاوەڕوانی یارمەتی،
 لە قوللەکانمان چاوەڕێ بووین
 بۆ گەلێک کە ناتوانێت ڕزگارمان بکات.
- 18
- تەڵەیان بۆ هەنگاوەکانمان ناوەتەوە
 بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانەکانماندا هاتوچۆ نەکەین.
 کۆتاییمان نزیک بووەوە، چەند ڕۆژێکمان ماوە،
 چونکە کۆتاییمان هات.
- 19
- ئەوانەی ڕاویان دەناین سووکتر بوون
 لە هەڵۆکانی ئاسمان،
 بەسەر چیاکاندا شوێنمان کەوتن،
 لە چۆڵەوانیدا بۆسەیان بۆمان نایەوە.
- 20
- پاشای دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەوەی هەناسەی ژیانمانە،
 لە بۆسەکانیان گیرا،
 ئەوەی گوتمان، لە سێبەری ئەودا
 لەنێو گەلان دەژین.
- 21
- ئەی کچی ئەدۆم، دڵخۆش و دڵشادبە،
 ئەی دانیشتووانی خاکی عوچ.
 بەڵام جامەکە بەسەر تۆشدا تێدەپەڕێت،
 سەرخۆش دەبیت و ڕووت دەبیتەوە.
- 22
- ئەی سییۆنی کچ، سزای تاوانەکەت تەواو دەبێت،
 ڕاپێچکراوییەکەت درێژ ناکاتەوە.
 بەڵام ئەی ئەدۆمی کچ، سزای تاوانەکەی تۆ دەدات،
 گوناهەکەت ئاشکرا دەکات.
- a. 4:7 یاقووت: گەوهەری سووری تێر.
- b. 4:7 یاقووتی شین: دەشێت وەک لاجیوەرد بێت.
- c. 4:13 مەبەستی لەوانەیە کە خۆیان وەک پێغەمبەر دەناساند و لە ڕاستیشدا پێغەمبەر نەبوون. بڕوانە یەرمیا 5:31؛ 6:13.

