عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - لە یەهوزاوە، بەندەی عیسای مەسیح و برای یاقوب،
بۆ بانگکراوەکان، ئەوانەی خودای باوک خۆشی دەوێن و بەهۆی عیسای مەسیحەوە پارێزراون: - 2
 - بەزەیی و ئاشتی و خۆشەویستیتان بۆ زیاد بێت.
 - تێکۆشان لە پێناوی ڕاستی ئینجیل
 - 3
 - خۆشەویستان، هەرچەندە زۆر بە پەرۆش بووم تاکو لەبارەی ڕزگاریی هاوبەشمانەوە بۆتان بنووسم، بەڵام بە پێویستم زانی ئەمەتان بۆ بنووسم، لێتان دەپاڕێمەوە تێبکۆشن بۆ ئەو باوەڕەی[a] کە تەنها جارێک دراوەتە دەست گەلی پیرۆزی خودا.
 - 4
 - لەبەر ئەوەی کەسانێک بە دزییەوە هاتوونەتە ناوەوە، لەمێژە بۆ ئەو حوکمە نووسراون، خوانەناسن، نیعمەتی[b]  خودامان بۆ بەڕەڵایی دەگۆڕن و نکۆڵی لە عیسای مەسیح دەکەن، کە تاقە سەروەر و پەروەردگارمانە.
 - سزای مامۆستا درۆزنەکان
 - 5
 - هەرچەندە خۆتان پێشوەخت دەیزانن، بەڵام هەر دەمەوێت بیرتان بخەمەوە کە یەزدان گەلەکەی خۆی لە خاکی میسر ڕزگار کرد، بەڵام دواتر ئەوانەی لەناوبرد کە باوەڕیان نەهێنا،
 - 6
 - هەروەها ئەو فریشتانەی کە پلە و پایەکانی خۆیان نەپاراست، بەڵکو شوێنی خۆیان بەجێهێشت، بە کۆتی هەتاهەتایی بۆ سزای ڕۆژی گەورە لەژێر تاریکیدا هەڵگیران.
 - 7
 - هەروەها سەدۆم و عەمۆرا و شارەکانی دەوروبەریان بە هەمان ڕێگا بەدوای داوێنپیسی و هاوڕەگەزبازی کەوتن، جا بە ئاگرێکی هەتاهەتایی سزادران و بوون بە پەند.
 - 8
 - خەیاڵخاوەکانیش بە هەمان شێوە، جەستە گڵاو دەکەن و دەسەڵات ڕەت دەکەنەوە و بوختان بە فریشتەکان دەکەن.
 - 9
 - بەڵام میکائیلی سەرۆکی فریشتەکان، کاتێک دژایەتی شەیتانی کرد و سەبارەت بە تەرمی موسا مشتومڕی کرد، نەیوێرا بە بوختان سکاڵای لێ بکات، بەڵکو گوتی: «یەزدان سەرزەنشتت بکات!»
 - 10
 - کەچی ئەوانە قسە بۆ شتێک هەڵدەبەستن کە لێی تێناگەن. ئەوەی وەک ئاژەڵی بەستەزمان بە سروشتی دەیزانن، دەبێتە هۆی لەناوچوونیان.
 - 11
 - قوڕبەسەریان! ڕێگای قایینیان گرتووە؛ بۆ بڕێک دەستکەوت خۆیان داوەتە دەست چەواشەیی بەلعامەوە[c] ؛ لە یاخیبوونەکەی قۆڕەح[d]  لەناوچوون.
 - 12
 - ئەوانە لە داوەتە برایەتییەکانی ئێوەدا لەکەیەکن، بێشەرمانە نان دەخۆن، شوانێکن کە تەنها خۆیان دەلەوەڕێنن. ئەوانە هەوری بێ بارانن و با هەڵیگرتوون، وەک داری بێ بەری پاییزن، لە ڕەگەوە هەڵکەنراون، دوو جار مردوون.
 - 13
 - ئەوان شەپۆلی دەریای هەڵچوون و کارە شەرمهێنەرەکانیان وەک کەف دەردەکەون، ئەستێرەی گەڕۆکن کە بۆ هەتاهەتایە ئەوپەڕی تاریکاییان بۆ هەڵگیراوە.
 - 14
 - حەنۆخ کە لە نەوەی حەوتەمی ئادەمە لەبارەی ئەوانەوە پێشبینیی کرد: «سەیر بکەن، یەزدان لەگەڵ هەزاران فریشتەی پیرۆزی خۆی دێت،
 - 15
 - تاکو هەموو خەڵک حوکم بدات و تاوانباریان بکات بە ئەنجامدانی هەموو ئەو کردەوە خوانەناسییانەی کە بەهۆی خوانەناسییان ئەنجامیان داوە، هەروەها هەموو ئەو قسە ڕەقانەی کە گوناهبارە خوانەناسەکان لە دژی ئەو گوتوویانە.»
 - 16
 - ئەوانە بۆڵەبۆڵکەر و گلەییکەرن، بەگوێرەی ئارەزووە خراپەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن و قسەی گەورە دەکەن، بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە دووڕوویی ستایشی خەڵک دەکەن.
 - خۆتان بنیاد بنێن
 - 17
 - بەڵام ئێوە ئەی خۆشەویستان، قسەکانی نێردراوانی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بهێننەوە یاد کە پێشتر گوتوویانە.
 - 18
 - پێی گوتن: «لە کۆتایی ڕۆژگار، هەندێک گاڵتەجاڕ پەیدا دەبن و دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون.»
 - 19
 - ئەوانە دووبەرەکی دەنێنەوە، بەدوای سروشتی مرۆڤانەوەن و ڕۆحی پیرۆزیان نییە.
 - 20
 - بەڵام ئێوە خۆشەویستان، خۆتان لەسەر باوەڕی پیرۆزتان بنیاد بنێن، بە ڕۆحی پیرۆز نوێژ بکەن،
 - 21
 - خۆتان لەناو خۆشەویستی خودا بپارێزن لە کاتێکدا چاوەڕوانی بەزەیی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەبن کە ژیانی هەتاهەتاییتان بۆ بهێنێت.
 - 22
 - بەزەییتان بەوانەدا بێتەوە کە گومان دەکەن.
 - 23
 - هەندێک لە ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بکەن، لە ترسدا بەزەییتان بە هەندێکدا بێتەوە، تەنانەت ڕقتان لەو بەرگانە بێتەوە کە بە جەستە گڵاو بوونە.
 - ستایشی خودا
 - 24
 - بۆ ئەوەی توانای هەیە لە کەوتن بتانپارێزێت، هەروەها بێ کەموکوڕی و بەوپەڕی شادییەوە لەبەردەم شکۆیەکەی ڕاتانبگرێت،
 - 25
 - بۆ تاکە خودای ڕزگارکەرمان لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، شکۆ و گەورەیی و توانا و دەسەڵات بۆ ئەوە، لە ئەزەلەوە و ئێستا و هەتاهەتایە! ئامین.
 
- a. 1:3 مەبەست لە پەیامی مەسیحە بۆ باوەڕ.
 - b. 1:4 نیعمەت: بەخشینێکی خودایە کە بەبێ ئەوەی شایستەی بین خودا پێمان دەبەخشێت.
 - c. 1:11 بڕوانە سەرژمێری 31:16.
 - d. 1:11 بڕوانە سەرژمێری 16:1-35.
 

