عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سه‌ره‌تای به‌دیهێنان 
1
له‌ سه‌ره‌تادا خودا ئاسمان و زه‌ویی به‌دیهێنا.
2
زه‌ویش بێ شێوه‌ و به‌تاڵ بوو، تاریكیش له‌سه‌ر ڕووی قووڵاییه‌كان بوو. ڕۆحی خوداش له‌سه‌ر ڕووی ئاوه‌كان ده‌جوڵایه‌وه‌.
ڕۆژی یه‌كه‌م: ڕووناكی 
3
خودا فه‌رمووی: «با ڕووناكی ببێت.» ئینجا ڕووناكی بوو.
4
خوداش بینی كه‌ ڕووناكییه‌كه‌ باش بوو. ئیتر خودا ڕووناكییه‌كه‌ی له‌ تاریكی جیا كرده‌وه‌.
5
خودا ڕووناكییه‌كه‌ی ناونا «ڕۆژ» و تاریكییه‌كه‌ی ناونا «شه‌و.» ئێواره‌ بوو، بووه‌ به‌یانی، ئه‌مه‌ ڕۆژی یه‌كه‌م بوو.
ڕۆژی دووه‌م: لێك جیاكردنه‌وه‌ی ئاوه‌كان 
6
خودا فه‌رمووی: «با بۆشاییه‌ك[a] له‌نێوان ئاوه‌كاندا ببێت، بۆ جیابوونه‌وه‌ی ئاو له‌ ئاو.»
7
خودا بۆشاییه‌كه‌ی دروستكرد و ئاوه‌كه‌ی ژێر بۆشاییه‌كه‌ی له‌ ئاوه‌كه‌ی سه‌ر بۆشاییه‌ كراوه‌كه‌ جیا كرده‌وه‌. جا ئاوا بوو.
8
خودا بۆشاییه‌كه‌ی ناونا «ئاسمان.» جا ئێواره‌ بوو، بووه‌ به‌یانی، ئه‌مه‌ ڕۆژی دووه‌م بوو.
ڕۆژی سێیه‌م: وشكانی و سه‌وزایی 
9
خودا فه‌رمووی: «با ئاوه‌كانی ژێر ئاسمان له‌ یه‌ك شوێن كۆببنه‌وه‌ و وشكانی ده‌ربكه‌وێت.» جا ئاوا بوو.
10
خودا وشكانییه‌كه‌ی ناونا «زه‌وی». ئاوه‌ كۆبووه‌وه‌كه‌شی ناونا «ده‌ریا». خوداش بینی كه‌ ئه‌مه‌ باش بوو.
11
ئینجا خودا فه‌رمووی: «با زه‌وی سه‌وزایی بدات: ڕووه‌كی تۆودار و داری به‌ردار له‌سه‌ر زه‌وی، ئه‌وه‌ی تۆوه‌كه‌ی له‌ناو خۆیه‌تی، له‌ جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو.
12
زه‌وی سه‌وزایی دا: ڕووه‌كی تۆودار له‌ جۆری خۆی و دار كه‌ به‌ر دروستبكات و تۆوه‌كه‌ی تێدابێت له‌ جۆری خۆی. خوداش بینی كه‌ ئه‌مه‌ باش بوو.
13
جا ئێواره‌ بوو، بووه‌ به‌یانی، ئه‌مه‌ ڕۆژی سێیه‌م بوو.
ڕۆژی چواره‌م: مانگ و ڕۆژ 
14
ئینجا خودا فه‌رمووی: «با له‌ بۆشایی ئاسماندا ڕووناكییه‌كان هه‌بێت بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ڕۆژ له‌ شه‌و، هه‌روه‌ها بۆ نیشانكردنی وه‌رز و ڕۆژ و ساڵ.
15
با ڕووناكییه‌كان له‌ بۆشایی ئاسماندا ببن، تاكو سه‌ر زه‌وی ڕووناك بكه‌نه‌وه‌.» جا ئاوا بوو.
16
هه‌روه‌ها خودا دوو ڕووناكییه‌ مه‌زنه‌كه‌ی دروستكرد، ڕووناكییه‌ گه‌وره‌كه‌یان بۆ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ڕۆژ، ڕووناكییه‌ بچووكه‌كه‌شیان بۆ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی شه‌و، هه‌روه‌ها ئه‌ستێره‌كانیش.
17
خودا له‌ بۆشایی ئاسماندا بۆ ڕووناككردنه‌وه‌ی سه‌ر زه‌وی داینان،
18
بۆ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ڕۆژ و شه‌و و جیاكردنه‌وه‌ی ڕووناكی له‌ تاریكی. خوداش بینی كه‌ ئه‌مه‌ باش بوو.
19
جا ئێواره‌ بوو، بووه‌ به‌یانی، ئه‌مه‌ ڕۆژی چواره‌م بوو.
ڕۆژی پێنجه‌م: باڵنده‌ و ماسی 
20
ئینجا خودا فه‌رمووی: «با ئاوه‌كان پڕ ببن له‌ ئاپۆره‌ی بوونه‌وه‌ری زیندوو، با باڵنده‌ش له‌ بۆشایی ئاسماندا به‌سه‌ر زه‌ویدا بفڕێت.»
21
ئیتر خودا بوونه‌وه‌ره‌ مه‌زنه‌كانی ده‌ریای به‌دیهێنا، له‌گه‌ڵ هه‌موو زینده‌وه‌ره‌ جوڵاوه‌كانی ناو ئاوه‌كان كه‌ لێی پڕبوون، به‌پێی جۆره‌كانیان، له‌گه‌ڵ هه‌موو باڵنده‌یه‌كی باڵداریش به‌پێی جۆره‌كانیان. خوداش بینی كه‌ ئه‌مه‌ باش بوو.
22
خودا به‌ره‌كه‌تداری كردن و فه‌رمووی: «به‌ردار بن و زۆر بن و ئاوی ده‌ریاكان پڕ بكه‌ن، با باڵنده‌كانیش له‌سه‌ر زه‌وی زۆر ببن.»
23
جا ئێواره‌ بوو، بووه‌ به‌یانی، ئه‌مه‌ ڕۆژی پێنجه‌م بوو.
ڕۆژی شه‌شه‌م: ئاژه‌ڵ و مرۆڤ 
24
خودا فه‌رمووی: «با زه‌وی بوونه‌وه‌ره‌ زیندووه‌كان له‌ جۆری خۆیان به‌رهه‌م بهێنێت. ئاژه‌ڵی ماڵی و خشۆكی زه‌وی و ئاژه‌ڵی كێوی، هه‌ریه‌كه‌یان له‌ جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو.
25
خودا ئاژه‌ڵی كێوی به‌پێی جۆری خۆیان دروستكرد، ئاژه‌ڵی ماڵیش به‌پێی جۆری خۆیان و هه‌موو خشۆكێكیش له‌سه‌ر زه‌وی به‌پێی جۆری خۆیان. خوداش بینی كه‌ ئه‌مه‌ باش بوو.
26
ئینجا خودا فه‌رمووی: «با مرۆڤ له‌سه‌ر وێنه‌ی خۆمان دروستبكه‌ین و له‌ خۆمان بچێت. با ده‌سه‌ڵاتدار بن به‌سه‌ر ماسی ده‌ریا و باڵنده‌ی ئاسمان و ئاژه‌ڵی ماڵی و به‌سه‌ر هه‌موو زه‌ویدا، هه‌روه‌ها به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ خشۆكانه‌ی به‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌خشێن.»
27
خودا مرۆڤی له‌سه‌ر وێنه‌ی خۆی به‌دیهێنا،
له‌سه‌ر وێنه‌ی خودی خۆی به‌دیهێنا،
به‌ نێر و مێ به‌دیهێنان.
28
خودا به‌ره‌كه‌تداری كردن و پێی فه‌رموون: «به‌ردار بن و زۆر بن و زه‌وی پڕ بكه‌ن و بیخه‌نه‌ ژێر ڕكێفتانه‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتدار بن به‌سه‌ر ماسی ده‌ریا و باڵنده‌ی ئاسمان و به‌سه‌ر هه‌موو بوونه‌وه‌رێكی زیندوودا كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌جوڵێته‌وه‌.»
29
ئینجا خودا فه‌رمووی: «هه‌موو ڕووه‌كی تۆودار كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری ڕووی زه‌وییه‌ داومه‌ به‌ ئێوه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو دارێكیش كه‌ به‌ری هه‌یه‌ و تۆوی خۆی تێدایه‌. بۆ ئێوه‌ ده‌بنه‌ خۆراك.
30
بۆ هه‌موو گیانله‌به‌رانی زه‌وی و هه‌موو باڵنده‌كانی ئاسمان و هه‌موو بوونه‌وه‌رێكی خشۆكی سه‌ر زه‌وی، هه‌موو بوونه‌وه‌رێك كه‌ هه‌ناسه‌ی ژیانی تێدایه‌، هه‌موو ڕووه‌كی سه‌وزم بۆ خۆراك پێداون.» جا ئاوا بوو.
31
خودا بینی هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ دروستی كردبوو زۆر باش بوو. جا ئێواره‌ بوو، بووه‌ به‌یانی، ئه‌مه‌ ڕۆژی شه‌شه‌م بوو.
  1. a. 1‏:6 بۆشاییه‌ك: بۆشاییه‌كی لێككشاوه‌.