عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
له‌ یه‌هوزاوه‌، به‌نده‌ی عیسای مه‌سیح و برای یاقوب،
بۆ بانگكراوه‌كان، ئه‌وانه‌ی خودای باوك خۆشی ده‌وێن و به‌هۆی عیسای مه‌سیحه‌وه‌ پارێزراون:
2
به‌زه‌یی و ئاشتی و خۆشه‌ویستی بۆتان زیاد بێت.
تێكۆشان له‌ پێناوی ڕاستی ئینجیل 
3
خۆشه‌ویستان، هه‌رچه‌نده‌ زۆر به‌ په‌رۆش بووم تاكو له‌باره‌ی ڕزگاریی هاوبه‌شمانه‌وه‌ بۆتان بنووسم، به‌ڵام به‌ پێویستم زانی ئه‌مه‌تان بۆ بنووسم، لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌ تێبكۆشن بۆ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی[a] كه‌ ته‌نها جارێك دراوه‌ته‌ ده‌ست گه‌لی پیرۆزی خودا.
4
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سانێك به‌ دزییه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناوه‌وه‌، له‌مێژه‌ بۆ ئه‌و حوكمه‌ نووسراون، خوانه‌ناسن، نیعمه‌تی[b] خودامان بۆ به‌ڕه‌ڵایی ده‌گۆڕن و نكۆڵی له‌ عیسای مه‌سیح ده‌كه‌ن، كه‌ تاقه‌ سه‌روه‌ر و خاوه‌ن شكۆمانه‌.
سزای مامۆستا درۆزنه‌كان 
5
به‌ڵام ده‌مه‌وێت بیرتان بخه‌مه‌وه‌ كه‌ خۆتان ده‌یزانن، یه‌زدان كه‌ گه‌له‌كه‌ی خۆی له‌ خاكی میسر ڕزگار كرد، به‌ڵام دواتر ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان نه‌هێنا له‌ناوی بردن.
6
هه‌روه‌ها ئه‌و فریشتانه‌ی پایه‌كانی خۆیان نه‌پاراست، به‌ڵكو شوێنی خۆیان به‌جێهێشت، به‌ كۆتی هه‌تاهه‌تایی بۆ سزای ڕۆژی گه‌وره‌ له‌ژێر تاریكیدا هه‌ڵگیران.
7
هه‌روه‌ها سه‌دۆم و عه‌مۆرا و شاره‌كانی ده‌وروبه‌ریان به‌ هه‌مان ڕێگا به‌دوای داوێنپیسی و هاوڕه‌گه‌زبازی كه‌وتن، جا به‌ ئاگرێكی هه‌تاهه‌تایی سزادران و بوون به‌ په‌ند.
8
خه‌یاڵخاوه‌كانیش به‌ هه‌مان شێوه‌، جه‌سته‌ گڵاو ده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵات ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و بوختان به‌ شكۆداران[c] ده‌كه‌ن.
9
به‌ڵام میكائیلی سه‌رۆكی فریشته‌كان، كاتێك دژایه‌تی شه‌یتانی كرد و سه‌باره‌ت به‌ ته‌رمی موسا مشتومڕی كرد، نه‌یوێرا به‌ بوختان سكاڵای لێ بكات، به‌ڵكو گوتی: «یه‌زدان سه‌رزه‌نشتت بكات!»
10
كه‌چی ئه‌وانه‌ قسه‌ بۆ شتێك هه‌ڵده‌به‌ستن كه‌ نایزانن. ئه‌وه‌ی به‌ سروشتیش ده‌یزانن، وه‌ك ئاژه‌ڵی به‌سته‌زمان، له‌مانه‌دا تێكی ده‌ده‌ن.
11
قوڕبه‌سه‌ریان! چونكه‌ ڕێگای قایینیان گرتووه‌، بۆ بڕێك ده‌ستكه‌وت خۆیان داوه‌ته‌ ده‌ست چه‌واشه‌یی به‌لعامه‌وه‌[d] ، له‌ یاخیبوونه‌كه‌ی قۆڕه‌ح[e] له‌ناوچوون.
12
ئه‌وانه‌ له‌ داوه‌ته‌ برایه‌تییه‌كانی ئێوه‌دا له‌كه‌یه‌كن، بێشه‌رمانه‌ نان ده‌خۆن، شوانێكن كه‌ ته‌نها خۆیان ده‌له‌وه‌ڕێنن. ئه‌وانه‌ هه‌وری بێ بارانن و با هه‌ڵیگرتوون، وه‌ك داری بێ به‌ری پاییزن، له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵكه‌نراون، دوو جار مردوون.
13
ئه‌وان شه‌پۆلی ده‌ریای هه‌ڵچوون و كاره‌ شه‌رمهێنه‌ره‌كانیان وه‌ك كه‌ف ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌ستێره‌ی گه‌ڕۆكن كه‌ هه‌تاهه‌تایه‌ ڕه‌شایی تاریكییان بۆ هه‌ڵگیراوه‌.
14
حه‌نۆخ كه‌ له‌ نه‌وه‌ی حه‌وته‌می ئاده‌مه‌ له‌باره‌ی ئه‌وانه‌وه‌ پێشبینیی كرد: «سه‌یر بكه‌ن، یه‌زدان له‌گه‌ڵ هه‌زاران فریشته‌ی پیرۆزی خۆی دێت،
15
تاكو هه‌موو خه‌ڵك حوكم بدات و تاوانباریان بكات به‌ ئه‌نجامدانی هه‌موو ئه‌و كرده‌وه‌ خوانه‌ناسییانه‌ی كه‌ به‌هۆی خوانه‌ناسییان ئه‌نجامیان داوه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و قسه‌ ڕه‌قانه‌ی كه‌ گوناهباره‌ خوانه‌ناسه‌كان له‌ دژی ئه‌و گوتوویانه‌.»
16
ئه‌وانه‌ بۆڵه‌بۆڵكه‌ر و گله‌ییكه‌رن، به‌گوێره‌ی ئاره‌زووه‌ خراپه‌كانیان هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن و قسه‌ی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌ دووڕوویی ستایشی خه‌ڵك ده‌كه‌ن.
خۆتان بنیاد بنێن 
17
به‌ڵام ئێوه‌ ئه‌ی خۆشه‌ویستان، قسه‌كانی نێردراوانی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مان بهێننه‌وه‌ یاد كه‌ پێشتر گوتوویانه‌.
18
پێی گوتن: «له‌ كۆتایی ڕۆژگار، هه‌ندێك گاڵته‌جاڕ په‌یدا ده‌بن و دوای ئاره‌زووه‌ خراپه‌كانیان ده‌كه‌ون.»
19
ئه‌وانه‌ دووبه‌ره‌كی ده‌نێنه‌وه‌، سروشتی مرۆڤانه‌ن و ڕۆحی پیرۆزیان نییه‌.
20
به‌ڵام ئێوه‌ خۆشه‌ویستان، خۆتان له‌سه‌ر باوه‌ڕی پیرۆزتان بنیاد بنێن، به‌ ڕۆحی پیرۆز نوێژ بكه‌ن،
21
خۆتان له‌ناو خۆشه‌ویستی خودا بپارێزن، چاوه‌ڕوانی به‌زه‌یی عیسای مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆمان بن بۆ ژیانی هه‌تاهه‌تایی.
22
به‌زه‌ییتان به‌وانه‌دا بێته‌وه‌ كه‌ گومان ده‌كه‌ن.
23
هه‌ندێك له‌ ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بكه‌ن، له‌ ترسدا به‌زه‌ییتان به‌ هه‌ندێكدا بێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ڕقتان له‌و به‌رگانه‌ بێته‌وه‌ كه‌ به‌ جه‌سته‌ گڵاو بوونه‌.
ستایشی خودا 
24
بۆ ئه‌وه‌ی توانای هه‌یه‌ له‌ كه‌وتن بتانپارێزێت، هه‌روه‌ها بێ گله‌یی و به‌وپه‌ڕی شادییه‌وه‌ له‌به‌رده‌م شكۆیه‌كه‌ی ڕاتانبگرێت،
25
بۆ تاكه‌ خودای ڕزگاركه‌رمان له‌ ڕێگه‌ی عیسای مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆمان، شكۆ و گه‌وره‌یی و توانا و ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌، له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ و ئێستا و هه‌تاهه‌تایه‌! ئامین.
  1. a. 1‏:3 مه‌به‌ست له‌ په‌یامی مه‌سیحه‌ بۆ باوه‌ڕ.
  2. b. 1‏:4 نیعمه‌ت: به‌خشینێكی خودایه‌ كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی شایسته‌ی بین خودا پێمان ده‌به‌خشێت.
  3. c. 1‏:8 مه‌به‌ستی له‌ فریشته‌كانه‌.
  4. d. 1‏:11 بڕوانه‌ \+xt سه‌رژمێری 31‏:16‏\+xt*‏.
  5. e. 1‏:11 بڕوانه‌\+xt سه‌رژمێری 16‏:1‏-35.‏\+xt*‏