عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕۆژی حەوتەم: کۆتایی بەدیهێنان 
1
بەم شێوەیە ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندا ڕێکخرابوو تەواو کران.
2
ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لەو کارەی کە کردبووی تەواو ببوو. خودا لە ڕۆژی حەوتەم لە هەموو کارەکانی پشووی دا[a] .
3
خودا ڕۆژی حەوتەمی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد، چونکە تێیدا کۆتایی بە هەموو کارێکی بەدیهێنان هێنا.
ئادەم و حەوا 
4
ئەمانەش ڕێکخستنەکانی ئاسمان و زەوین کاتێک بەدی هێنران، لەو ڕۆژەی یەزدانی پەروەردگار زەوی و ئاسمانی دروستکرد.
5
هیچ دەوەنێکی کێڵگە لەسەر زەوی نەبوو، هەروەها هیچ ڕووەکێکی کێڵگەش سەری دەرنەکردبوو، چونکە هێشتا یەزدانی پەروەردگار بارانی بەسەر زەویدا نەباراندبوو. هیچ مرۆڤێکیش نەبوو ئیشی جوتیاری بکات.
6
بەڵام تەم لە زەوییەوە سەردەکەوت و هەموو ڕووی زەوی ئاو دەدا.
7
جا یەزدانی پەروەردگار پیاوی لە خۆڵی زەوی[b] دروستکرد و هەناسەی ژیانی فووکردە کونە لووتی. بەمەش پیاوەکە بووە گیانێکی زیندوو.
8
ئینجا یەزدانی پەروەردگار باخچەیەکی لە عەدەن، لە ڕۆژهەڵاتدا چاند. لەوێش پیاوەکەی دانا کە دروستی کردبوو.
9
یەزدانی پەروەردگار هەموو ئەو جۆرە درەختانەی کە لەبەرچاو جوان بوون و بۆ خواردن خۆش بوون لە زەویدا گەشەی پێکرد. درەختی ژیانیش لە ناوەڕاستی باخچەکەدا بوو، هەروەها درەختی زانینی چاکە و خراپە.
10
ڕووبارێک لە عەدەنەوە سەرچاوە دەگرێت و لەبەری دەڕوات بۆ ئاودانی باخچەکە، لەوێوە دەبێت بە چوار لقەوە:
11
ناوی یەکەمیان پیشۆنە کە بە هەر چوار لای هەموو زەوی حەڤیلادایە، کە زێڕی لێیە.
12
زێڕی ئەو زەوییە چاکە، هەروەها سرێشی[c] داری بۆن خۆش و بەردی عاشقبەندیشی لێیە.
13
ناوی ڕووباری دووەمیان گیحۆنە، کە بە شێوەی پێچاوپێچ بە هەموو خاکی کوشدا[d] دەڕوات.
14
ناوی ڕووباری سێیەم دجلەیە،[e] ئەمیش بە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەشووردا[f] دەڕوات. ڕووباری چوارەمیش فوراتە.
15
یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی هێنا و لە باخچەی عەدەن داینا، بۆ ئیشی جوتیاری و بایەخ پێدانی.
16
یەزدانی پەروەردگار فەرمانی بە پیاوەکە دا و فەرمووی: «تۆ ئازادیت لە هەموو درەختەکانی باخچەکە بخۆیت،
17
بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاکە و خراپە بخۆیت، چونکە ئەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بێگومان دەمریت.»
18
یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «باش نییە بۆ پیاو بە تەنها بێت. یاریدەرێکی هاوشانی بۆ دروستدەکەم.»
19
یەزدانی پەروەردگار هەر لە خۆڵی زەوی هەموو ئاژەڵی کێوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمانی دروستکرد. ئینجا بۆ پیاوەکەی هێنا بۆ ئەوەی ببینێت چ ناوێکیان لێ دەنێت، هەر ناوێک کە پیاوەکە لە هەریەک لەم بوونەوەرە زیندووانەی نا، ئەوە ناوەکەی بوو.
20
پیاوەکە ناوی لە هەموو ئاژەڵی ماڵی و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی کێوی نا.
بەڵام بۆ پیاوەکە[g] هیچ یاریدەرێکی هاوشان نەدۆزرایەوە.
21
لە ئەنجامدا یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی خستە خەوێکی قووڵەوە. کاتێک خەوتبوو، یەکێک لە پەراسووەکانی دەرهێنا و شوێنەکەی بە گۆشت بۆ پڕکردەوە.
22
ئینجا یەزدانی پەروەردگار ئافرەتێکی لەو پەراسووە دروستکرد کە لە پیاوەکەی وەرگرتبوو، جا هێنای بۆ لای پیاوەکە.
23
پیاوەکە گوتی:
«ئێستا ئەمە ئێسکێکە لە ئێسقانەکانم و
گۆشتە لە گۆشتم.
ئەمە ناودەبردرێت بە ”ئافرەت“[h]
چونکە لە پیاوەوە وەرگیراوە.»
24
لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر دەبنە یەک جەستە.
25
پیاوەکە و ژنەکەی هەردووکیان ڕووت بوون، شەرمیشیان نەدەکرد.
  1. a. 2‏:2 وشەی شەباتی عیبری لە بنەڕەتدا بە واتای دەستهەڵگرتن لە کارێک لەدوای تەواوکردنی کارەکە دێت، هەروەها بە واتای پشوودان دێت.‏
  2. b. 2‏:7 لە زمانی عیبری بە پیاو دەگوترێت \+tl ئادام‏\+tl*، کە نزیکە لە وشەی \+tl ئەداما‏\+tl* کە بە واتای زەوی دێت.‏
  3. c. 2‏:12 شیلەیەکی لینجە لە هەندێک دارودرەخت دەردەچێت، کاتێک بریندار دەکرێت یان دەبڕدرێت.‏
  4. d. 2‏:13 دەشێت باشووری ڕۆژهەڵاتی میسۆپۆتامیا بێت.‏
  5. e. 2‏:14 دجلە: عیبری \+tl حیدەقەل‏\+tl* هەمان ڕووباری دجلەیە.‏
  6. f. 2‏:14 وڵاتی ئاشور لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دجلە بوو، بەڵام شاری ئەشوور لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووبارەکە بوو. پاشان ناونراوە بە نەینەوا. بڕوانە پەیدابوون 10‏:11.‏‏
  7. g. 2‏:20 بۆ پیاوەکە: بۆ ئادەم. لە زمانی عیبری بە وشەی \+tl لئادام‏\+tl* هاتووە، واتا (بۆ پیاوەکە) یان (بۆ ئادام).‏
  8. h. 2‏:23 ئافرەت: لە زمانی عیبری وشەی \+tl ئیش‏\+tl* بە واتای پیاوە، ئافرەتیش \+tl ئیشا‏\+tl*.‏