عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سەرەتای بەدیهێنان 
1
لە سەرەتادا خودا ئاسمان و زەویی بەدیهێنا.
2
زەویش بێ شێوە و بەتاڵ بوو، تاریکیش لەسەر ڕووی قووڵاییەکان بوو. ڕۆحی خوداش لەسەر ڕووی ئاوەکان دەجوڵایەوە.
ڕۆژی یەکەم: ڕووناکی 
3
خودا فەرمووی: «با ڕووناکی ببێت.» ئینجا ڕووناکی بوو.
4
خوداش بینی کە ڕووناکییەکە باش بوو. ئیتر خودا ڕووناکییەکەی لە تاریکی جیا کردەوە.
5
خودا ڕووناکییەکەی ناو نا «ڕۆژ» و تاریکییەکەی ناو نا «شەو.» ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی یەکەم بوو.
ڕۆژی دووەم: جیاکردنەوەی ئاوەکان 
6
خودا فەرمووی: «با بۆشاییەک[a] لەنێوان ئاوەکاندا ببێت، بۆ جیابوونەوەی ئاو لە ئاو.»
7
جا ئاوا بوو. خودا بۆشاییەکەی دروستکرد و ئاوەکەی ژێر بۆشاییەکەی لە ئاوەکەی سەر بۆشاییە کراوەکە جیا کردەوە.
8
خودا بۆشاییەکەی ناو نا «ئاسمان.» جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی دووەم بوو.
ڕۆژی سێیەم: وشکانی و سەوزایی 
9
خودا فەرمووی: «با ئاوەکانی ژێر ئاسمان لە یەک شوێن کۆببنەوە و وشکانی دەربکەوێت.» جا ئاوا بوو.
10
خودا وشکانییەکەی ناو نا «زەوی». ئاوە کۆبووەوەکەشی ناو نا «دەریا». خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.
11
ئینجا خودا فەرمووی: «با زەوی سەوزایی بەرهەم بهێنێت: ڕووەکی تۆودار و داری بەردار لەسەر زەوی، ئەوەی تۆوەکەی لەناو خۆیەتی، لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو.
12
زەوی سەوزایی بەرهەم هێنا: ڕووەکی تۆودار لە جۆری خۆی و دار کە بەر دروستبکات و تۆوەکەی تێدابێت لە جۆری خۆی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.
13
جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی سێیەم بوو.
ڕۆژی چوارەم: مانگ و خۆر 
14
ئینجا خودا فەرمووی: «با لە بۆشایی ئاسماندا ڕووناکییەکان هەبن بۆ جیاکردنەوەی ڕۆژ لە شەو، هەروەها بۆ نیشانکردنی وەرز و ڕۆژ و ساڵ.
15
با ڕووناکییەکان لە بۆشایی ئاسماندا ببن، تاکو سەر زەوی ڕووناک بکەنەوە.» جا ئاوا بوو.
16
هەروەها خودا دوو ڕووناکییە مەزنەکەی دروستکرد، ڕووناکییە گەورەکەیان بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ، ڕووناکییە بچووکەکەشیان بۆ فەرمانڕەوایەتی شەو، هەروەها ئەستێرەکانیش.
17
خودا لە بۆشایی ئاسماندا بۆ ڕووناککردنەوەی سەر زەوی داینان،
18
بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ و شەو و جیاکردنەوەی ڕووناکی لە تاریکی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.
19
جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی چوارەم بوو.
ڕۆژی پێنجەم: باڵندە و ماسی 
20
ئینجا خودا فەرمووی: «با ئاوەکان پڕ ببن لە ئاپۆرەی بوونەوەری زیندوو، با باڵندەش لە بۆشایی ئاسماندا بەسەر زەویدا بفڕێت.»
21
ئیتر خودا بوونەوەرە مەزنەکانی دەریای بەدیهێنا، لەگەڵ هەموو زیندەوەرە جوڵاوەکانی ناو ئاوەکان کە لێی پڕبوون، بەپێی جۆرەکانیان، لەگەڵ هەموو باڵندەیەکی باڵداریش بەپێی جۆرەکانیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.
22
خودا بەرەکەتداری کردن و فەرمووی: «بەردار بن و زۆر بن و ئاوی دەریاکان پڕ بکەن، با باڵندەکانیش لەسەر زەوی زۆر ببن.»
23
جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی پێنجەم بوو.
ڕۆژی شەشەم: ئاژەڵ و مرۆڤ 
24
خودا فەرمووی: «با زەوی بوونەوەرە زیندووەکان لە جۆری خۆیان بەرهەم بهێنێت. ئاژەڵی ماڵی و خشۆکی زەوی و ئاژەڵی کێوی، هەریەکەیان لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو.
25
خودا ئاژەڵی کێوی بەپێی جۆری خۆیان دروستکرد، ئاژەڵی ماڵیش بەپێی جۆری خۆیان و هەموو خشۆکێکیش لەسەر زەوی بەپێی جۆری خۆیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.
26
ئینجا خودا فەرمووی: «با مرۆڤ لەسەر وێنەی خۆمان دروستبکەین و لە خۆمان بچێت. با دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی ماڵی و بەسەر هەموو زەویدا، هەروەها بەسەر هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی بەسەر زەویدا دەخشێن.»
27
خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی بەدیهێنا،
لەسەر وێنەی خودی خۆی بەدیهێنا،
بە نێر و مێ بەدیهێنان.
28
خودا بەرەکەتداری کردن و پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفتانەوە. دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و بەسەر هەموو بوونەوەرێکی زیندوودا کە لەسەر زەوی دەجوڵێتەوە.»
29
ئینجا خودا فەرمووی: «هەموو ڕووەکی تۆودار کە لە سەرتاسەری ڕووی زەوییە داومە بە ئێوە، لەگەڵ هەموو دارێکیش کە بەری هەیە و تۆوی خۆی تێدایە. بۆ ئێوە دەبنە خۆراک.
30
بۆ هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و هەموو بوونەوەرێکی خشۆکی سەر زەوی، هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە، هەموو ڕووەکی سەوزم بۆ خۆراک پێداون.» جا ئاوا بوو.
31
خودا بینی هەموو ئەوەی کە دروستی کردبوو زۆر باش بوو. جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی شەشەم بوو.
  1. a. 1‏:6 بۆشاییەک: بۆشاییەکی لێککشاوە.‏