عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گبعۆنییه‌كان یه‌شوع فریوده‌ده‌ن 
1
ئینجا كاتێك هه‌موو ئه‌و پاشایانه‌ی له‌ به‌ری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردونن، له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان و زوورگه‌كانی[a] ڕۆژئاوای و له‌ هه‌موو كه‌ناره‌كانی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست[b] تاكو لوبنان، حیتی و ئه‌موری و كه‌نعانی و پریزی و حیڤی و یه‌بوسییه‌كان ئه‌وه‌یان بیسته‌وه‌،
2
به‌ یه‌ك ده‌نگ پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ بۆ جه‌نگ له‌ دژی یه‌شوع و ئیسرائیل.
3
به‌ڵام دانیشتووانی گبعۆن كه‌ بیستیانه‌وه‌ یه‌شوع چی به‌ ئه‌ریحا و عای كردووه‌،
4
به‌ زۆرزانییه‌وه‌ كاریان كرد و چوون وه‌ك شاندێك[c] خۆیان پیشان دا، گوێدرێژه‌كانیان له‌ جه‌واڵه‌ كۆن و مه‌شكه‌ شه‌رابی كۆن و دڕاو و به‌ستراو باركرد،
5
پێڵاوی دڕاو و پینه‌كراویان له‌پێكرد و جلی شڕیان له‌به‌ركرد، هه‌موو نانی ئازووقه‌كه‌یان وشك و كه‌ڕووی هه‌ڵهێنابوو.
6
ئینجا به‌ره‌و لای یه‌شوع چوون بۆ ئۆردوگاكه‌ كه‌ له‌ گلگال بوو، به‌ یه‌شوع و پیاوانی ئیسرائیلیان گوت: «له‌ وڵاتێكی دووره‌وه‌ هاتووین و ئێستا په‌یمانمان له‌گه‌ڵدا ببه‌ستن.»
7
پیاوانی ئیسرائیلیش به‌ حیڤییه‌كانیان گوت: «له‌وانه‌یه‌ ئێوه‌ دانیشتووانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بن، ئیتر چۆن په‌یمانتان له‌گه‌ڵدا ببه‌ستین؟»
8
ئه‌وانیش به‌ یه‌شوعیان گوت: «ئێمه‌ خزمه‌تكاری تۆین.»
یه‌شوعیش لێی پرسین: «ئێوه‌ كێن و له‌كوێوه‌ هاتوون؟»
9
ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «خزمه‌تكاره‌كانت له‌ وڵاتێكی زۆر دووره‌وه‌ هاتوون، له‌به‌ر ناوی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت، چونكه‌ ئێمه‌ گوێمان له‌ هه‌واڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت بوو و له‌ باره‌ی هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر میسری هێنا،
10
هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌ دوو پاشای ئه‌مورییه‌كانی كرد، ئه‌وانه‌ی له‌وبه‌ری ڕووباری ئوردون له‌لای ڕۆژهه‌ڵات بوون، سیحۆنی پاشای حه‌شبۆن و عۆگی پاشای باشان ئه‌وه‌ی له‌ عه‌شتارۆت بوو.
11
جا پیرانمان و هه‌موو دانیشتووانی خاكه‌كه‌مان قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردین و گوتیان: ”ئازووقه‌ی ڕێگا له‌گه‌ڵ خۆتان ببه‌ن و بڕۆن بۆ بینینیان، پێیان بڵێن: ئێمه‌ خزمه‌تكاری ئێوه‌ین و ئێستاش په‌یمانمان له‌گه‌ڵدا ببه‌ستن.“
12
ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ به‌ڕێكه‌وتین بۆ ئه‌وه‌ی بێین بۆ لای ئێوه‌، له‌ ماڵه‌وه‌ نانه‌كه‌مان به‌ گه‌رمی هێنا، به‌ڵام ته‌ماشا بكه‌، ئێستا وشكه‌ و كه‌ڕووی هه‌ڵهێناوه‌.
13
ئه‌مه‌ش مه‌شكه‌ی شه‌رابه‌كانمانه‌ كه‌ به‌ نوێتی پڕمان كردن و وا دڕاون، ئه‌مه‌ش جلوبه‌رگ و پێڵاوه‌كانمانه‌ كه‌ له‌به‌ر دووری ڕێگاكه‌ كۆن بوون.»
14
جا پیاوانی ئیسرائیل له‌ ئازووقه‌كه‌یان وه‌رگرت[d] ، به‌ڵام پرسیان به‌ یه‌زدان نه‌كرد.
15
یه‌شوعیش په‌یمانی ئاشتی له‌گه‌ڵیاندا به‌ست كه‌ به‌ زیندوویی بیانهێڵێته‌وه‌، ڕابه‌ره‌كانی گه‌لیش سوێندیان بۆ خواردن.
16
پاش تێپه‌ڕبوونی سێ ڕۆژ به‌سه‌ر په‌یمانه‌كه‌دا، بیستیانه‌وه‌ كه‌ گبعۆنییه‌كان لێیان نزیكن و دانیشتووی ئه‌و ناوچه‌یه‌ن.
17
جا نه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌ڕێكه‌وتن و له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا هاتنه‌ شاره‌كانیان، ئه‌مانه‌ شاره‌كانیان بوون: گبعۆن، كه‌فیرا، بئێرۆت و قیریه‌ت یه‌عاریم.
18
نه‌وه‌ی ئیسرائیلیش لێیان نه‌دان، چونكه‌ ڕابه‌ره‌كانی گه‌ل سوێندیان به‌ یه‌زدانی خودای ئیسرائیل بۆ خواردبوون.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو گه‌ل بۆڵه‌بۆڵیان له‌ دژی ڕابه‌ره‌كان كرد،
19
جا هه‌موو ڕابه‌ره‌كان به‌ هه‌موو گه‌لیان گوت: «ئێمه‌ به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل سوێندمان بۆ خواردن و ئێستاش ناتوانین ده‌ستیان لێ بده‌ین،
20
ئه‌مه‌یان بۆ ده‌كه‌ین و به‌ زیندوویی ده‌یانهێڵینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی تووڕه‌یی به‌سه‌رماندا نه‌بارێت، به‌هۆی ئه‌و سوێنده‌ی كه‌ بۆمان خواردوون.»
21
هه‌روه‌ها ڕابه‌ره‌كان پێیان گوتن: «به‌ زیندوویی ده‌مێننه‌وه‌ و بۆ هه‌موو گه‌ل ده‌بن به‌ داربڕ و ئاوكێش.» به‌م شێوه‌یه‌ ڕابه‌ره‌كان به‌ڵێنیان پێدابوون.
22
ئینجا یه‌شوع گبعۆنییه‌كانی بانگكرد و پێی گوتن: «بۆچی فریوتان داین و گوتتان: ”ئێمه‌ زۆر له‌ ئێوه‌وه‌ دوورین،“ ئێوه‌ وا دانیشتووانی ئه‌م ناوه‌ن؟
23
ئێستا ئێوه‌ نه‌فره‌ت لێكراون، كۆیله‌ و داربڕ و ئاوكێشتان لێ نابڕێت بۆ ماڵی خودام.»
24
ئه‌وانیش وه‌ڵامی یه‌شوعیان دایه‌وه‌ گوتیان: «خزمه‌تكاره‌كانت هه‌موو ئه‌و هه‌واڵه‌یان بیستووه‌ته‌وه‌ كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت فه‌رمانی به‌ موسای به‌نده‌ی كردبوو كه‌ هه‌موو خاكه‌كه‌تان بداتێ و هه‌موو دانیشتووانی خاكه‌كه‌ش له‌به‌رده‌متان له‌ناو ببات. ئێمه‌ش له‌به‌ر گیانی خۆمان زۆر له‌ ئێوه‌ ترساین و ئه‌م كاره‌مان كرد،
25
ئێستاش ئه‌وه‌تا له‌به‌رده‌ستی ئێوه‌داین و چی به‌ باش و ڕاست ده‌زانیت ئه‌وه‌مان له‌گه‌ڵدا بكه‌.»
26
یه‌شوعیش ئاوای لێكردن و له‌ ده‌ست نه‌وه‌ی ئیسرائیل ڕزگاری كردن و نه‌یانكوشتن.
27
له‌و ڕۆژه‌شدا یه‌شوع گبعۆنییه‌كانی كرده‌ داربڕ و ئاوكێش بۆ كۆمه‌ڵ و بۆ قوربانگای یه‌زدان، هه‌تا ئه‌مڕۆش ئه‌وه‌ كاریانه‌ له‌و شوێنه‌ی یه‌زدان هه‌ڵیده‌بژێرێت.
  1. a. 9‏:1 زوورگ: له‌ ته‌پۆڵكه‌ به‌رزتره‌، هه‌روه‌ك به‌رزاییه‌كانی زوورگه‌زراو له‌ كوردستان.
  2. b. 9‏:1 ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست: عیبری ده‌ریای مه‌زن.
  3. c. 9‏:4 شاند: وه‌فد.
  4. d. 9‏:14 مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ نانه‌كه‌یان وه‌ك به‌ڵگه‌ وه‌رگرت و بڕوایان پێیان كرد.