عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
کاتێک هەموو نەتەوەکە لە ڕووباری ئوردون تەواو پەڕینەوە، یەزدان بە یەشوعی فەرموو:
2
«لەناو خەڵکەکەدا دوازدە پیاو هەڵبژێرە، لە هەر هۆزە و پیاوێک،
3
فەرمانیان پێ بکە و پێیان بڵێ: ”لێرە لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە، لە شوێن پێی کاهینەکان کە تێیدا جێگیر بوون، دوازدە بەرد هەڵبگرن و لەگەڵ خۆتان بیانپەڕێننەوە و لەو شوێنەدا دایانبنێن کە ئەمشەو تێیدا دەمێننەوە.“»
4
ئینجا یەشوع ئەو دوازدە پیاوەی بانگکرد کە لە نەوەی ئیسرائیل هەڵیبژاردبوون، لە هەر هۆزە و پیاوێک،
5
یەشوع پێی گوتن: «لەبەردەم سندوقی یەزدانی پەروەردگارتانەوە تێپەڕ بن بۆ ناوەڕاستی ڕووباری ئوردون و بەگوێرەی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل هەریەک لە ئێوە بەردێک بەرز بکاتەوە بۆ سەر شانی،
6
بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە نیشانەیەک لەنێوتان. ئەگەر سبەینێ منداڵەکانتان لێتان بپرسن: ”ئەم بەردانە چ واتایەکی هەیە؟“
7
ئێوەش پێیان دەڵێن: ”ئاوی ڕووباری ئوردون لەبەردەم سندوقی پەیمانی یەزدان وەستا. کاتێک لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، ئاوی ئوردون ڕاوەستا، جا ئەم بەردانە دەبنە یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل بۆ هەتاهەتایە.“»
8
نەوەی ئیسرائیلیش ئاوایان کرد، هەروەک یەشوع فەرمانی پێ کردن، دوازدە بەردیان لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە هەڵگرت، هەروەک یەزدان بە یەشوعی فەرموو، بەپێی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل و لەگەڵ خۆیاندا پەڕاندیانەوە بۆ ئەو شوێنەی چادریان تێیدا هەڵدا و لەوێ دایاننان.
9
یەشوعیش دوازدە بەردەکەی ڕاگیر کرد کە لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردوندا بوون لەو شوێنەی کە کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمان ڕاوەستابوون و هەتا ئەمڕۆش لەو شوێنەدان.
10
کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقەکە لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردوندا وەستان هەتا هەموو ئەو شتانەی یەزدان فەرمانی بە یەشوع کردبوو بە گەلی بڵێت بەگوێرەی هەموو ئەوەی موسا فەرمانی بە یەشوع کردبوو تەواو بوو. گەل پەلەیان کرد و پەڕینەوە.
11
کاتێک هەموو گەل تەواو پەڕینەوە، سندوقی یەزدان و کاهینەکانیش بە بەردەم گەلدا پەڕینەوە.
12
نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشەش بە چەکەوە لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل پەڕینەوە، هەروەک موسا پێی گوتبوون[a] .
13
نزیکەی چل هەزار چەکدار بۆ شەڕکردن لەبەردەم یەزدان پەڕینەوە بۆ جەنگ بەرەو دەشتەکانی ئەریحا.
14
لەو ڕۆژە یەزدان لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل یەشوعی بەرز ڕاگرت، ئەوانیش بە درێژایی ژیانی یەشوع ڕێزێکی تایبەتیان بۆی هەبوو، هەروەک چۆن ڕێزیان لە موسا گرتبوو.
15
هەروەها یەزدان بە یەشوعی فەرموو:
16
«فەرمان بە کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی بکە با لە ڕووباری ئوردونەوە سەربکەون.»
17
یەشوعیش فەرمانی بە کاهینەکان کرد و گوتی: «لە ڕووباری ئوردونەوە سەربکەون.»
18
ئەوە بوو لەگەڵ سەرکەوتنی کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمانی یەزدان لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە، بن پێی کاهینەکان کەوتە سەر وشکانی، ئاوی ڕووباری ئوردون گەڕایەوە شوێنی خۆی و وەک پێشتر بووەوە بە لافاو.
19
گەلیش لە دەیەم ڕۆژی مانگی یەکدا لە ڕووباری ئوردونەوە سەرکەوتن و لە گلگال لە سنووری ڕۆژهەڵاتی ئەریحا چادریان هەڵدا.
20
ئەو دوازدە بەردەش کە لە ڕووباری ئوردونەوە هێنابوویان، یەشوع لە گلگال کەڵەکەی کردن و
21
بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر سبەینێ نەوەکانتان لە باوباپیرانی خۆیانیان پرسی: ”ئەم بەردانە چین؟“
22
پێیان بناسێنن و پێیان بڵێن: ”نەوەی ئیسرائیل بەسەر وشکانی لەم ڕووباری ئوردونە پەڕینەوە.“
23
لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان ئاوی ڕووباری ئوردونی لەبەردەمیاندا وشک کرد هەتا پەڕینەوە، هەروەک ئەوەی بە دەریای سووری کرد کە لەبەردەمماندا وشکی کرد هەتا ئێمە پەڕینەوە.
24
ئەمەی کرد هەتا هەموو گەلانی خاکەکە بزانن کە دەستی یەزدان بەهێزە، تاوەکو هەتاهەتایە لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن.»
  1. a. 4‏:12 هەروەک موسا پێی گوتبوون: بڕوانە 1‏:12‏-15 و دواوتار 3‏:18‏-20.‏