عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شارەکانی پەناگا 
1
ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو:
2
«بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”شاری پەناگا بۆ خۆتان دابنێن، هەروەک لە ڕێگەی موساوە پێم فەرموون،
3
هەتا ئەو کەسەی بەبێ ئەنقەست و بە ڕێککەوت کەسێکی دیکە دەکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت، جا دەبێتە پەناگاتان لە دەست خوێنگری[a] تۆڵەسێنەر.
4
با بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵبێت و لە دەروازەی شارەکەدا بوەستێت و کێشەکەی بۆ پیرانی ئەو شارە بگێڕێتەوە و ئەوانیش لە شارەکەدا دەیگرنە خۆیان و شوێنێکی دەدەنێ، جا لەنێویاندا نیشتەجێ دەبێت.
5
ئەگەر هاتوو خوێنگرەکەش دوای کەوت، ئەوان تۆمەتبارکراوەکە نادەنە دەستیەوە، چونکە بە ڕێککەوت نزیکەکەی خۆی کوشتووە و پێشتر ڕقی لێی نەبووەتەوە.
6
ئیتر لەو شارە نیشتەجێ دەبێت، هەتا ئەو کاتەی بۆ بڕیاردان لەبەردەم ئەنجومەن ڕادەوەستێت و هەتا مردنی سەرۆکی کاهینی ئەو سەردەمە، ئینجا ئەو کەسە دەتوانێت بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی، بۆ ئەو شارۆچکەیەی لێی هەڵاتبوو.“»
7
جا قەدەشیان لە جەلیل لە ناوچە شاخاوییەکانی نەفتالی تەرخان کرد و شەخەمیش لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و قیریەت ئەربەع کە حەبرۆنە لە ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا.
8
هەروەها لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونیش لەلای ئەریحا، بەچەریان لە چۆڵەوانی لە دەشتە بەرزەکەی هۆزی ڕەئوبێن نیشان کرد و ڕامۆت لە گلعاد لە هۆزی گاد و گۆلان لە باشان لە هۆزی مەنەشە.
9
ئەمانە شارەکانی پەناگان بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەی لەنێویاندا دەژیێت، هەتا ئەوەی بەبێ ئەنقەست کەسێکی دیکەی کوشت بۆ ئەوێ هەڵبێت، جا بە دەستی خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە ناکوژرێت هەتا لەبەردەم ئەنجومەن نەوەستێت بۆ دادگاییکردنی.
  1. a. 20‏:3 خوێنگر: خوێنخوا، نزیکترین پلەی کۆمەڵایەتی کە مافی هەیە داوای تۆڵەی خوێنی بکات. بڕوانە پێشەکی پەڕتووکی ڕائووس.‏