عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - دابەشکردنی ئەو زەوییانەی کە ماوەتەوە
 - 1
 - ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە شیلۆ کۆبوونەوە و لەوێدا چادری چاوپێکەوتنیان هەڵدا، خاکەکەش خرایە ژێر ڕکێفیانەوە.
 - 2
 - بەڵام حەوت هۆز لە نەوەی ئیسرائیل مابوونەوە کە هێشتا میراتەکەی خۆیان وەرنەگرتبوو.
 - 3
 - جا یەشوع بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «هەتا کەی خاو دەبن لە چوونە ژوورەوە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێیداون؟
 - 4
 - لە هەر هۆزێک سێ کەس بۆ خۆتان هەڵبژێرن، بۆ ئەوەی بیاننێرم و بچن و بە خاکەکەدا بگەڕێن، بەگوێرەی میراتەکەیان ڕووپێو بکەن، پاشان بگەڕێنەوە بۆ لام.
 - 5
 - بۆ حەوت بەش دابەشی بکەن. جا یەهودا لەسەر سنوورەکەی خۆی لە باشوور دەمێنێتەوە و بنەماڵەی یوسفیش لەسەر سنوورەکەیان لە باکوور دەمێننەوە.
 - 6
 - ئێوەش خاکەکە بۆ حەوت بەش ڕووپێو بکەن و پاشان بیهێننەوە ئێرە، لێرە لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان تیروپشکتان بۆ دەکەم.
 - 7
 - بەڵام لێڤییەکان لەنێو ئێوەدا بەشیان نییە، چونکە کاهینیێتی یەزدان میراتی ئەوانە. گاد و ڕەئوبێن و نیوەی هۆزی مەنەشەش میراتی خۆیان لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون وەرگرت، ئەوەی کە موسای بەندەی یەزدان پێیدان.»
 - 8
 - کاتێک پیاوەکان بۆ ڕووپێوی خاکەکە بەڕێکەوتن، یەشوع فەرمانی پێکردن و گوتی: «بڕۆن و بە خاکەکەدا بگەڕێن و وردەکارییەکانی بنووسن. پاشان وەرنەوە بۆ لام و منیش لێرە لەبەردەم یەزدان لە شیلۆ تیروپشکتان بۆ دەکەم.»
 - 9
 - ئینجا پیاوەکان ڕۆیشتن و بەناو خاکەکەدا گەڕان، بەگوێرەی شارۆچکەکان کردیان بە حەوت بەش، وردەکارییەکەیان تۆمار کرد، پاشان هاتنەوە بۆ لای یەشوع بۆ ئۆردوگاکە لە شیلۆ.
 - 10
 - یەشوعیش لە شیلۆ لەبەردەم یەزدان تیروپشکی بۆ کردن، لەوێ خاکەکەی بۆ نەوەی ئیسرائیل بەگوێرەی بەشەکانیان دابەش کرد.
 - بەشی بنیامین
 - 11
 - ئینجا تیروپشک بۆ هۆزی نەوەی بنیامین بەگوێرەی خێڵەکانیان کرا. سنووری تیروپشکەکەیان لەنێوان نەوەی یەهودا و نەوەی یوسفدا بوو.
 - 12
 - سنوورەکەیان لەلای باکوورەوە لە ڕووباری ئوردونەوە دەستی پێکرد و لە بناری ئەریحا لەلای باکوورەوە تێدەپەڕی، پاشان بە ناوچە شاخاوییەکەدا بەرەو ڕۆژئاوا دەچوو، هەتا نزیک چۆڵەوانی بێتئاڤن.
 - 13
 - ئینجا سنوورەکە لەوێوە بەردەوام بوو بۆ باشووری بناری لوز کە بێتئێلە و لەوێوە هاتە خوارەوە بۆ عەتەرۆت ئەدار لەسەر چیاکەی باشووری بێتحۆرۆنی خواروو.
 - 14
 - ئینجا سنوورەکە درێژ بووەوە و سووڕایەوە بەلای ڕۆژئاوای باشوور، لەو کێوەی کە بەرامبەر بێتحۆرۆنە لە باشوور و گەیشتە قیریەت بەعل کە قیریەت یەعاریمە، شارۆچکەیەکی نەوەی یەهودا بوو. ئەمە لای ڕۆژئاوا بوو.
 - 15
 - لای باشووریش لەوپەڕی قیریەت یەعاریمەوە دەستی پێکرد و سنوورەکە بەرەو ڕۆژئاوا چوو بۆ سەرچاوەی ئاوەکانی نەفتۆوەح.
 - 16
 - سنوورەکە بۆ دامێنی کێوەکەی بەرامبەر بە دۆڵی بەنهینۆم کە لە دۆڵی ڕفایمە لەلای باکوور دابەزی، لەوێشەوە دابەزی بۆ دۆڵی هینۆم بەلای لێژاییەکەی باشووری شاری یەبوسییەکاندا، ئینجا دابەزی بۆ کانی ڕۆگێل.
 - 17
 - ئینجا لە باکوورەوە ڕووەو کانی شەمەش درێژ بووەوە و بەردەوام بوو هەتا گەلیلۆت کە بەرامبەر بە ڕێگای هەورازی ئەدومیمە و ئینجا دابەزی بۆ بەردی بۆهەنی کوڕی ڕەئوبێن.
 - 18
 - بەردەوام بوو بۆ بنارەکەی بەرامبەر بە بێتعەراڤا بەلای باکووردا، ئینجا دابەزی بۆ دەشتایی عەراڤا.
 - 19
 - سنوورەکە بەردەوام بوو بۆ لای بناری باکووری بێتحۆگلە، لە کەنداوی باکووری دەریای مردوو[a]  کۆتایی هات، لە کۆتایی ڕووباری ئوردون لە باشوور. ئەمەش سنووری باشوورە.
 - 20
 - سنووری لای ڕۆژهەڵاتیش ڕووباری ئوردون بوو.
ئەمە میراتی نەوەی بنیامین بوو لەگەڵ سنوورەکەی بە چواردەوریدا بەگوێرەی خێڵەکانیان. - 21
 - شارەکانی هۆزی نەوەی بنیامینیش بەگوێرەی خێڵەکانیان ئەمانە بوون:
ئەریحا، بێتحۆگلە، عێمەق قەچیچ، - 22
 - بێتعەراڤا، چەمارایم، بێتئێل،
 - 23
 - عەڤیم، پارا، عۆفرا،
 - 24
 - کەفەر عەمۆنی، عۆفنی و گەڤەع، واتا دوازدە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
 - 25
 - گبعۆن، ڕامە، بئێرۆت،
 - 26
 - میچپا، کەفیرا، مۆچە،
 - 27
 - ڕاقەم، یەرپەئێل، تەرەلا،
 - 28
 - چێلەع، هائەلەف، شاری یەبوسی کە ئۆرشەلیمە، گیڤعا و قیریەت، واتا چواردە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
ئەمە میراتی نەوەی بنیامین بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان. 
- a. 18:19 دەریای مردوو: عیبری: دەریای خوێ.
 

