عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دابه‌شكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ی كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ 
1
ئینجا هه‌موو كۆمه‌ڵی نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ شیلۆ كۆبوونه‌وه‌ و له‌وێدا چادری چاوپێكه‌وتنیان هه‌ڵدا، خاكه‌كه‌ش خرایه‌ ژێر ڕكێفیانه‌وه‌.
2
به‌ڵام حه‌وت هۆز له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل مابوونه‌وه‌ كه‌ هێشتا میراته‌كه‌ی خۆیان وه‌رنه‌گرتبوو.
3
جا یه‌شوع به‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیلی گوت: «هه‌تا كه‌ی خاو ده‌بن له‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ئه‌و خاكه‌ی كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری باوباپیرانتان پێیداون؟
4
له‌ هه‌ر هۆزێك سێ كه‌س بۆ خۆتان هه‌ڵبژێرن، بۆ ئه‌وه‌ی بیاننێرم و بچن و به‌ خاكه‌كه‌دا بگه‌ڕێن، به‌گوێره‌ی میراته‌كه‌یان ڕووپێو بكه‌ن، پاشان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لام.
5
بۆ حه‌وت به‌ش دابه‌شی بكه‌ن. جا یه‌هودا له‌سه‌ر سنووره‌كه‌ی خۆی له‌ باشوور ده‌مێنێته‌وه‌ و بنه‌ماڵه‌ی یوسفیش له‌سه‌ر سنووره‌كه‌یان له‌ باكوور ده‌مێننه‌وه‌.
6
ئێوه‌ش خاكه‌كه‌ بۆ حه‌وت به‌ش ڕووپێو بكه‌ن و پاشان بیهێننه‌وه‌ ئێره‌، لێره‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان تیروپشكتان بۆ ده‌كه‌م.
7
به‌ڵام لێڤییه‌كان له‌نێو ئێوه‌دا به‌شیان نییه‌، چونكه‌ كاهینیێتی یه‌زدان میراتی ئه‌وانه‌. گاد و ڕه‌ئوبێن و نیوه‌ی هۆزی مه‌نه‌شه‌ش میراتی خۆیان له‌ به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری ئوردون وه‌رگرت، ئه‌وه‌ی كه‌ موسای به‌نده‌ی یه‌زدان پێیدان.»
8
كاتێك پیاوه‌كان بۆ ڕووپێوی خاكه‌كه‌ به‌ڕێكه‌وتن، یه‌شوع فه‌رمانی پێكردن، گوتی: «بڕۆن و به‌ خاكه‌كه‌دا بگه‌ڕێن و ورده‌كارییه‌كانی بنووسن. پاشان وه‌رنه‌وه‌ بۆ لام و منیش لێره‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدان له‌ شیلۆ تیروپشكتان بۆ ده‌كه‌م.»
9
ئینجا پیاوه‌كان ڕۆیشتن و به‌ناو خاكه‌كه‌دا گه‌ڕان، به‌گوێره‌ی شارۆچكه‌كان كردیان به‌ حه‌وت به‌ش، ورده‌كارییه‌كه‌یان تۆمار كرد، پاشان هاتنه‌وه‌ بۆ لای یه‌شوع بۆ ئۆردوگاكه‌ له‌ شیلۆ.
10
یه‌شوعیش له‌ شیلۆ له‌به‌رده‌م یه‌زدان تیروپشكی بۆ كردن، له‌وێ خاكه‌كه‌ی بۆ نه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌گوێره‌ی به‌شه‌كانیان دابه‌ش كرد.
به‌شی بنیامین 
11
ئینجا تیروپشك بۆ هۆزی نه‌وه‌ی بنیامین به‌گوێره‌ی خێڵه‌كانیان كرا. سنووری تیروپشكه‌كه‌یان له‌نێوان نه‌وه‌ی یه‌هودا و نه‌وه‌ی یوسفدا بوو.
12
سنووره‌كه‌یان له‌لای باكووره‌وه‌ له‌ ڕووباری ئوردونه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد و له‌ بناری ئه‌ریحا له‌لای باكووره‌وه‌ تێده‌په‌ڕی، پاشان به‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كه‌دا به‌ره‌و ڕۆژئاوا ده‌چوو، هه‌تا نزیك چۆڵه‌وانی بێت‌ئاڤن.
13
ئینجا سنووره‌كه‌ له‌وێوه‌ به‌رده‌وام بوو بۆ باشووری بناری لوز كه‌ بێت‌ئێله‌ و له‌وێوه‌ هاته‌ خواره‌وه‌ بۆ عه‌ته‌رۆت ئه‌دار له‌سه‌ر چیاكه‌ی باشووری بێت‌حۆرۆنی خواروو.
14
ئینجا سنووره‌كه‌ درێژ بووه‌وه‌ و سووڕایه‌وه‌ به‌لای ڕۆژئاوای باشوور، له‌و كێوه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر بێت‌حۆرۆنه‌ له‌ باشوور و گه‌یشته‌ قیریه‌ت به‌عل كه‌ قیریه‌ت یه‌عاریمه‌، شارۆچكه‌یه‌كی نه‌وه‌ی یه‌هودا بوو. ئه‌مه‌ لای ڕۆژئاوا بوو.
15
لای باشووریش له‌وپه‌ڕی قیریه‌ت یه‌عاریمه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد و سنووره‌كه‌ به‌ره‌و ڕۆژئاوا چوو بۆ سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كانی نه‌فتۆوه‌ح.
16
سنووره‌كه‌ بۆ دامێنی كێوه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ دۆڵی به‌ن‌هینۆم كه‌ له‌ دۆڵی ڕفایمه‌ له‌لای باكوور دابه‌زی، له‌وێشه‌وه‌ دابه‌زی بۆ دۆڵی هینۆم به‌لای بناری یه‌بوسییه‌كاندا له‌لای باشووره‌وه‌، ئینجا دابه‌زی بۆ كانی ڕۆگێل.
17
ئینجا له‌ باكووره‌وه‌ ڕووه‌و كانی شه‌مه‌ش درێژ بووه‌وه‌ و به‌رده‌وام بوو هه‌تا گه‌لیلۆت كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ڕێگای هه‌ورازی ئه‌دومیمه‌ و ئینجا دابه‌زی بۆ به‌ردی بۆهه‌نی كوڕی ڕه‌ئوبێن.
18
به‌رده‌وام بوو بۆ بناره‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ بێت‌عه‌راڤا به‌لای باكووردا، ئینجا دابه‌زی بۆ ده‌شتایی عه‌راڤا.
19
سنووره‌كه‌ به‌رده‌وام بوو بۆ لای بناری باكووری بێت‌حۆگله‌، له‌ كه‌نداوی باكووری ده‌ریای مردوو[a] كۆتایی هات، له‌ كۆتایی ڕووباری ئوردون له‌ باشوور. ئه‌مه‌ش سنووری باشووره‌.
20
سنووری لای ڕۆژهه‌ڵاتیش ڕووباری ئوردون بوو.
ئه‌مه‌ میراتی نه‌وه‌ی بنیامین بوو له‌گه‌ڵ سنووره‌كه‌ی به‌ چوارده‌وریدا به‌گوێره‌ی خێڵه‌كانیان.
21
شاره‌كانی هۆزی نه‌وه‌ی بنیامینیش به‌گوێره‌ی خێڵه‌كانیان ئه‌مانه‌ بوون:
ئه‌ریحا، بێت‌حۆگله‌، عێمه‌ق قه‌چیچ،
22
بێت‌عه‌راڤا، چه‌مارایم، بێت‌ئێل،
23
عه‌ڤیم، پارا، عۆفرا،
24
كه‌فه‌ر عه‌مۆنی، عۆفنی و گه‌ڤه‌ع، دوازده‌ شارۆچكه‌ بوون به‌ گونده‌كانیانه‌وه‌.
25
گبعۆن، ڕامه‌، بئێرۆت،
26
میچپا، كه‌فیرا، مۆچه‌،
27
ڕاقه‌م، یه‌رپه‌ئێل، ته‌ره‌لا،
28
چێله‌ع، هائه‌له‌ف، شاری یه‌بوسی كه‌ ئۆرشه‌لیمه‌، گیڤعا و قیریه‌ت، چوارده‌ شارۆچكه‌ بوون به‌ گونده‌كانیانه‌وه‌.
ئه‌مه‌ میراتی نه‌وه‌ی بنیامین بوو به‌گوێره‌ی خێڵه‌كانیان.
  1. a. 18‏:19 ده‌ریای مردوو: عیبری: ده‌ریای خوێ.