عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وەڵامی یەکەمی بیلدەد 
1
ئینجا بیلدەدی شوحی وەڵامی دایەوە:
2
«هەتا کەی بەم شێوەیە قسە دەکەیت؟
ئەوەی لە دەمت دێتە دەرەوە ڕەشەبایە.
3
ئایا خودا دادپەروەری بە لاڕێدا دەبات؟
ئایا توانادارەکە ڕاستودروستی بەدرۆدەخاتەوە؟
4
ئەو کاتەی ڕۆڵەکانت گوناهیان دەرهەق بە خودا کرد،
ئەوا خودا سزای گوناهەکانی خۆیانی بەسەر هێنانەوە.
5
بەڵام ئەگەر تۆ بەیانییان زوو ڕوو لە خودا بکەیت،
لە خودای هەرە بەتوانا بپاڕێیتەوە،
6
ئەگەر تۆ بێگەرد و ڕاست بیت،
ئەوا هەر ئێستا ئاوڕت لێ دەداتەوە و
ماڵەکەی خۆتت وەک پاداشت بۆ دەگەڕێنێتەوە.
7
پاشەڕۆژەکەت هێندە تێروتەسەل دەبێت،
کە سەرەتاکەت زۆر هەژار بووە.
8
«پرسیار لە نەوەی ڕابردوو بکە و
بزانە لە باوباپیرانیانەوە چی فێربوون،
9
چونکە ئێمە منداڵی دوێنێین و هیچ نازانین،
ڕۆژگاریشمان لەسەر زەوی وەک سێبەر تێدەپەڕێت.
10
ئایا ئەو نەوەیە فێرت ناکەن و پێت ناڵێن؟
یان بە بیری خۆیان قسەت لێ دەرناهێنن؟
11
ئایا زەل بەبێ زۆنگاو گەشە دەکات،
یان قامیش بەبێ ئاو شین دەبێت؟
12
بەڵکو ئەوان کە هێشتا گەشە دەکەن و نەبڕدراون،
کەچی پێش هەموو گیایەک وشک دەبن،
13
بەو جۆرەیە سەرگوزەشتەی ژیانی هەموو ئەوانەی خودایان لەبیر کردووە و
هیوای خوانەناسان لەناودەچێت.
14
ئەوەی پاڵپشتەکەیەتی دەبڕدرێتەوە،
پشتی بە تەونی جاڵجاڵۆکە بەستووە.
15
خۆی بە تەونەکەوە ڕادەگرێت بەڵام دەپچڕێت،
دەستی پێوە دەگرێت و خۆی ڕاناگرێت.
16
ئەوانە وەک ڕووەکێکی تەڕ لەژێر تیشکی خۆردان،
کە لەناو باخچەکەیدا چڵی تازە دەردەکات.
17
بەسەر کۆمەڵە بەرددا ڕەگ دادەکوتێت و
بە تاشەبەردەکانەوە خۆیان توند دەگرن.
18
بەڵام کە لە شوێنی خۆی هەڵکەنرا،
شوێنەکەی نکۆڵی لێ دەکات و دەڵێ: ”من جێگای تۆ نیم.“
19
ببینە، خۆشی ژیانەکەی تەنها ئەوەیە،
کە لە جێگاکەیەوە یەکێکی دیکە چەکەرە دەکات.
20
«بێگومان خودا ئەو کەسە ڕەت ناکاتەوە کە بێ کەموکوڕی بێت،
کە هانی خراپەکاران نادات.
21
کاتێک دەمت پڕ لە پێکەنین دەکات و
لێوەکانت پڕ لە هوتاف،
22
ناحەزانت شەرمەزاری لەبەر دەکەن و ڕەشماڵی
خراپەکارانیش تەفروتوونا دەبن.»