عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وه‌ڵامی یه‌كه‌می بیلده‌د 
1
ئینجا بیلده‌دی شوحی وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
2
«هه‌تا كه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ قسه‌ ده‌كه‌یت؟
ئه‌وه‌ی له‌ ده‌مت دێته‌ ده‌ره‌وه‌ ڕه‌شه‌بایه‌.
3
ئایا خودا دادپه‌روه‌ری به‌ لاڕێدا ده‌بات؟
ئایا تواناداره‌كه‌ ڕاستودروستی به‌درۆده‌خاته‌وه‌؟
4
ئه‌و كاته‌ی ڕۆڵه‌كانت گوناهیان ده‌رهه‌ق به‌ خودا كرد،
ئه‌وا خودا سزای گوناهه‌كانی خۆیانی به‌سه‌ر هێنانه‌وه‌.
5
به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆ به‌یانییان زوو ڕوو له‌ خودا بكه‌یت،
له‌ خودای هه‌ره‌ به‌ توانا بپاڕێیته‌وه‌،
6
ئه‌گه‌ر تۆ بێگه‌رد و ڕاست بیت،
ئه‌وا هه‌ر ئێستا ئاوڕت لێ ده‌داته‌وه‌ و
ماڵه‌كه‌ی خۆتت وه‌ك پاداشت بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.
7
پاشه‌ڕۆژه‌كه‌ت هێنده‌ تێروته‌سه‌ل ده‌بێت،
كه‌ سه‌ره‌تاكه‌ت زۆر هه‌ژار بووه‌.
8
«پرسیار له‌ نه‌وه‌ی ڕابردوو بكه‌ و
بزانه‌ له‌ باوباپیرانیانه‌وه‌ چی فێربوون،
9
چونكه‌ ئێمه‌ منداڵی دوێنێین و هیچ نازانین،
ڕۆژگاریشمان له‌سه‌ر زه‌وی وه‌ك سێبه‌ر تێده‌په‌ڕێت.
10
ئایا ئه‌و نه‌وه‌یه‌ فێرت ناكه‌ن و پێت ناڵێن؟
یان به‌ بیری خۆیان قسه‌ت لێ ده‌رناهێنن؟
11
ئایا زه‌ل به‌بێ زۆنگاو گه‌شه‌ ده‌كات،
یان قامیش به‌بێ ئاو شین ده‌بێت؟
12
به‌ڵكو ئه‌وان كه‌ هێشتا گه‌شه‌ ده‌كه‌ن و نه‌بڕدراون،
كه‌چی پێش هه‌موو گیایه‌ك وشك ده‌بن،
13
به‌و جۆره‌یه‌ سه‌رگوزه‌شته‌ی ژیانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی خودایان له‌بیر كردووه‌ و
هیوای خوانه‌ناسان له‌ناوده‌چێت.
14
ئه‌وه‌ی پاڵپشته‌كه‌یه‌تی ده‌بڕدرێته‌وه‌،
پشتی به‌ ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ به‌ستووه‌.
15
خۆی به‌ ته‌وه‌نه‌كه‌وه‌ ڕاده‌گرێت به‌ڵام ده‌پچڕێت،
ده‌ستی پێوه‌ ده‌گرێت و خۆی ڕاناگرێت.
16
ئه‌وانه‌ وه‌ك ڕووه‌كێكی ته‌ڕ له‌ژێر تیشكی خۆردان،
كه‌ له‌ناو باخچه‌كه‌یدا چڵی تازه‌ ده‌رده‌كات.
17
به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ به‌رددا ڕه‌گ داده‌كوتێت و
به‌ تاشه‌به‌رده‌كانه‌وه‌ خۆیان توند ده‌گرن.
18
به‌ڵام كه‌ له‌ شوێنی خۆی هه‌ڵكه‌نرا،
شوێنه‌كه‌ی نكۆڵی لێ ده‌كات و ده‌ڵێ: ”من جێگای تۆ نیم.“
19
ببینه‌، خۆشی ژیانه‌كه‌ی ته‌نها ئه‌وه‌یه‌،
كه‌ له‌ جێگاكه‌یه‌وه‌ یه‌كێكی دیكه‌ چه‌كه‌ره‌ ده‌كات.
20
«بێگومان خودا ئه‌و كه‌سه‌ ڕه‌ت ناكاته‌وه‌ كه‌ بێ كه‌موكوڕی بێت،
كه‌ هانی خراپه‌كاران نادات.
21
كاتێك ده‌مت پڕ له‌ پێكه‌نین ده‌كات و
لێوه‌كانت پڕ له‌ هوتاف،
22
ناحه‌زانت شه‌رمه‌زاری له‌به‌ر ده‌كه‌ن و ڕه‌شماڵی
خراپه‌كارانیش ته‌فروتوونا ده‌بن.»