عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«ئایا ژیانی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی خزمه‌تكردن و ڕه‌نجكێشان نییه‌،
ڕۆژانیشی وه‌ك ڕۆژانی ڕه‌نجده‌رێك نییه‌؟
2
وه‌ك چۆن كۆیله‌ تامه‌زرۆی سێبه‌ره‌ و
كرێكاریش چاوه‌ڕێی كرێیه‌كه‌یه‌تی،
3
ئاواش مانگه‌كانی بێ ئومێدی بۆم بوون به‌ میرات و
شه‌وانی چه‌رمه‌سه‌ری بوون به‌ به‌شم.
4
كه‌ ده‌چمه‌ سه‌ر جێگاكه‌م ده‌ڵێم: ”كه‌ی بێت هه‌ستم،“
شه‌و درێژه‌ ده‌كێشێت و هه‌تا به‌ره‌به‌یان ئه‌م دیو و ئه‌و دیو ده‌كه‌م.
5
گۆشتم كرم و قه‌تماغه‌ پۆشیویه‌تی،
پێستم شه‌قار بووه‌ و كێمی كردووه‌.
6
«ڕۆژگارم له‌ ته‌ون خێراتره‌ و
بێ هیوا كۆتایی دێت.
7
ئه‌ی خودا، له‌ یادت نه‌چێت كه‌ ژیانم هه‌ناسه‌یه‌كه‌ و
ئیتر چاوه‌كانم خۆشی نابینن.
8
ئه‌و چاوه‌ی كه‌ ئێستا ده‌مبینێت له‌مه‌ودوا نامبینێت،
چاوت بڕیوه‌ته‌ من، به‌ڵام من بوونم نابێت.
9
هه‌ور په‌رت ده‌بێت و نامێنێت،
به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌وه‌ی داده‌به‌زێته‌ ناو جیهانی مردووان سه‌رناكه‌وێته‌وه‌.
10
ئیتر ناگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی و
ده‌وروپشتی له‌ یادی ده‌كه‌ن.
11
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ منیش ده‌مم ناگرم،
له‌ ته‌نگی ڕۆحمه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌م،
له‌ دڵشكاویمه‌وه‌ سكاڵا ده‌كه‌م.
12
بۆچی پاسه‌وانت له‌سه‌ر داناوم؟
ئایا من ده‌ریام یان ئه‌ژدیهام؟
13
ئه‌گه‌ر بڵێم نوێنه‌كه‌م دڵنه‌واییم ده‌داته‌وه‌،
جێگاكه‌م دڵته‌نگییه‌كه‌م ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌،
14
به‌ خه‌ون ده‌مترسێنیت و
به‌ مۆته‌كه‌ ده‌متۆقێنیت.
15
له‌به‌ر ئه‌وه‌ گیانم خنكان هه‌ڵده‌بژێرێت،
مردنم پێ باشتره‌ له‌م په‌یكه‌ره‌ ئێسكه‌.
16
توامه‌وه‌، بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ناژیم،
وازم لێ بهێنه‌، چونكه‌ ڕۆژگارم هیچ واتایه‌كی نییه‌.
17
«مرۆڤ چییه‌ هه‌تا بایه‌خی پێبده‌یت و
هه‌تا بیری خۆتی پێوه‌ خه‌ریك بكه‌ی،
18
هه‌موو به‌یانییه‌ك به‌سه‌ری بكه‌یته‌وه‌ و
هه‌موو ساتێك تاقی بكه‌یته‌وه‌؟
19
هه‌تا كه‌ی ڕووت لێم وه‌رناگێڕیت و
مۆڵه‌تم ناده‌یتێ هه‌تا تفه‌كه‌م قووت بده‌م؟
20
ئه‌گه‌ر گوناهیشم كردبێت،
كه‌ تۆ چاودێری مرۆڤیت،
ئایا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر تۆ هه‌بووه‌؟
بۆچی منت كردووه‌ به‌ نیشانه‌ی تیری خۆت؟
ئایا بووم به‌ بار به‌سه‌ر تۆوه‌؟
21
ئه‌ی بۆ له‌ یاخیبوونم خۆش نابیت و
تاوانم ناسڕیته‌وه‌؟
چونكه‌ به‌م نزیكانه‌ له‌ناو خاكدا ڕاده‌كشێم و
به‌دوامدا ده‌گه‌ڕێیت، به‌ڵام من بوونم نابێت.»