عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قسه‌ی دووه‌می ئه‌یوب 
1
ئه‌یوبیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
2
«خۆزگه‌ ده‌توانرا خه‌م و په‌ژاره‌كه‌م بكێشن و
هه‌موو ده‌رد و به‌ڵاكه‌م بخه‌نه‌ تای ته‌رازووه‌وه‌!
3
بێگومان له‌ لمی ده‌ریا قورستر ده‌بوو،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵه‌شه‌یی قسه‌م كرد.
4
تیره‌كانی خودای هه‌ره‌ به‌ توانا له‌ مندان و
ڕۆحم له‌ ژه‌هراوه‌كه‌یان ده‌خواته‌وه‌؛
به‌ڵا تۆقێنه‌ره‌كانی خودا له‌ دژی من ڕیزیان به‌ستووه‌.
5
ئایا كه‌ره‌كێوی كه‌ گیای هه‌بێت ده‌زه‌ڕێنێت،
یان گا له‌سه‌ر ئالیكه‌كه‌ی ده‌قۆڕێنێت؟
6
ئایا خواردنێكی بێ تام به‌بێ خوێ ده‌خورێت،
یان لینجاوی پاڵپینه‌ تامی هه‌یه‌؟
7
من قێز له‌و خواردنانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌،
نه‌فسم ڕه‌تیان ده‌كاته‌وه‌ ده‌ستیان لێ بده‌م.
8
«خۆزگه‌ داواكارییه‌كه‌م ده‌هاته‌ دی و
ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێم ده‌كرد خودا پێی ده‌دام،
9
كه‌ خودا ڕازی بێت وردوخاشم بكات و
ده‌ستی لێم بكاته‌وه‌ تاوه‌كو ژیانم ببڕێته‌وه‌!
10
هه‌رچه‌نده‌ ئازاره‌كانم ده‌ستم لێ ناپارێزن،
به‌ڵام هه‌تا ئێستاش دڵنه‌واییه‌كه‌م ئه‌مه‌یه‌،
كه‌ نكۆڵیم له‌ وشه‌كانی خودا پیرۆزه‌كه‌ نه‌كردووه‌.
11
«هێزی من چییه‌ هه‌تا چاوه‌ڕوان بم و
كۆتاییم چییه‌ هه‌تا دانبه‌خۆمدا بگرم؟
12
ئایا هێزم هێزی به‌رده‌؟
یان گۆشتم بڕۆنزه‌؟
13
سه‌ركه‌وتن له‌ من دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌،
ئایا هیچ له‌ ده‌سه‌ڵاتی مندا هه‌یه‌؟
14
«ئه‌گه‌ر كه‌سێك خۆشه‌ویستی بۆ هاوڕێكه‌ی ده‌رنه‌بڕێت،
ئه‌وا ڕێزی خودای هه‌ره‌ به‌ تواناشی نه‌گرتووه‌.
15
به‌ڵام براكانم وه‌ك جۆگه‌ی ئاو پشتیان لێكردم،
وه‌ك جۆگه‌ی ناو دۆڵه‌كان پڕن و به‌سه‌ر كه‌ناره‌كانیاندا ده‌ڕژێن.
16
كاتێك لێڵن له‌به‌ر شه‌خته‌
به‌فر تێیاندا ده‌توێته‌وه‌،
17
به‌ڵام كه‌ ده‌ڕۆن كۆتاییان پێ دێت،
كه‌ گه‌رما داهات له‌ شوێنی خۆیان وشك ده‌بن.
18
كاروانه‌كان له‌ ڕێگای خۆیان لا ده‌ده‌ن،
ده‌چنه‌ ناو چۆڵه‌وانی و له‌ناوده‌چن.
19
كاروانه‌كانی تێما بۆی ده‌گه‌ڕێن،
بازرگانه‌كانی شه‌با هیوادارن كه‌ بیدۆزنه‌وه‌،
20
كه‌ هاتنه‌ لای بێ ئومێد بوون،
بێزار بوون چونكه‌ متمانه‌یان پێی كردبوو.
21
ئێستا ئێوه‌ش وه‌ك ئه‌وتان لێهاتووه‌، سوودتان نییه‌،
بینیتان كه‌ چیم به‌سه‌رهاتووه‌ ئێوه‌ تۆقین.
22
ئایا هیچ كاتێك پێم گوتن: ”شتێكم له‌ پێناوی من بده‌ن،
به‌ سامانی خۆتان بمكڕنه‌وه‌،
23
له‌ ده‌ستی دوژمن ده‌ربازم بكه‌ن،
له‌ ده‌ستی سته‌مكار بمكڕنه‌وه‌؟“
24
«فێرم بكه‌ن، من بێده‌نگ ده‌بم،
تێمبگه‌یه‌نن له‌ چ شتێك گومڕا بووم!
25
ئای، قسه‌ی ڕاست چه‌ند برینداركه‌ره‌!
به‌ڵام ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه‌ ده‌یانهێننه‌وه‌ چی ده‌سه‌لمێنن؟
26
ئایا له‌سه‌ر قسه‌كانم سه‌رزه‌نشتم ده‌كه‌ن،
ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم به‌ با ده‌ڕوات؟
27
به‌ڵكو ئێوه‌ هه‌تیو ده‌فرۆشن و
چاڵ بۆ هاوڕێی خۆتان هه‌ڵده‌كه‌نن.
28
«ئێستا باش تێم بڕوانن،
چونكه‌ من له‌ ڕووی ئێوه‌دا درۆ ناكه‌م.
29
تكایه‌ پاشگه‌ز بنه‌وه‌! سته‌مم لێ مه‌كه‌ن،
ئه‌گینا ڕاستودروستییه‌كه‌م ده‌خه‌نه‌ گومانه‌وه‌.
30
ئایا به‌دكاری له‌سه‌ر زاری منه‌،
یان زمانم تامی خراپه‌كاری جیا ناكاته‌وه‌؟»