عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«ئێستا بانگ بكه‌، بزانه‌ كێ وه‌ڵامت ده‌داته‌وه‌؟
ڕوو له‌ كام له‌ پیرۆزان ده‌كه‌یت؟
2
چونكه‌ قین گێل ده‌كوژێت و
به‌غیلیش ساویلكه‌ ده‌مرێنێت.
3
من گێلێكم بینی ڕه‌گی داكوتا،
به‌ڵام له‌ناكاو ماڵه‌كه‌ی به‌ نه‌فره‌ت كرا:
4
با كوڕه‌كانی له‌ ئاسووده‌یی به‌دوور بن،
له‌ دادگا تێكبشكێنرێن و كه‌س فریایان نه‌كه‌وێت.
5
دروێنه‌كه‌یان كه‌سانی برسی ده‌یخۆن،
ئه‌گه‌ر له‌ناو دڕكیش بێت هه‌ر ده‌یبه‌ن،
تینووش سامانه‌كه‌ی هه‌ڵده‌قورتێنێت.
6
چونكه‌ به‌ڵا له‌ناو خۆڵه‌وه‌ ده‌رناچێت و
چه‌رمه‌سه‌ریش له‌ زه‌وییه‌وه‌ ناڕووێت.
7
به‌ڵام مرۆڤ بۆ چه‌رمه‌سه‌ری له‌دایك ده‌بێت،
وه‌ك چۆن پریشكی ئاگر هه‌ڵده‌ستێت.
8
«به‌ڵام ئه‌گه‌ر من له‌ جێی تۆ بوومایه‌ داوام له‌ خودا ده‌كرد و
كێشه‌ی خۆمم ده‌دایه‌ ده‌ست ئه‌و.
9
ئه‌وه‌ی كاره‌ مه‌زنه‌كانی كردووه‌ كه‌ ناپشكێنرێن و
كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كان كه‌ له‌ ژماردن نایه‌ن.
10
ئه‌وه‌ی باران به‌سه‌ر ڕووی زه‌ویدا ده‌بارێنێت و
ئاو بۆ سه‌ر ڕووی ده‌شتوده‌ر ده‌نێرێت.
11
ئه‌وه‌ی بێفیزه‌كان به‌رزده‌كاته‌وه‌،
هه‌روه‌ها خه‌مباره‌كان به‌ره‌و دڵنیایی ده‌بات.
12
ئه‌و ته‌گبیری ته‌ڵه‌كه‌بازان پووچ ده‌كاته‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كارێك له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت.
13
ئه‌وه‌ی داناكان به‌ فێڵبازی خۆیانه‌وه‌ ده‌گرێت،
ڕاوێژی ته‌ڵه‌كه‌بازان ڕاده‌ماڵێت.
14
له‌ ڕۆژدا تاریكی به‌سه‌ریاندا دێت،
له‌ نیوه‌ڕۆشدا به‌ په‌لكوتان ده‌ڕۆن وه‌ك به‌ شه‌و.
15
ئه‌و نه‌دار له‌ ده‌می خراپه‌كار و
له‌ ده‌ستی سته‌مكار ڕزگار ده‌كات.
16
جا زه‌لیل به‌ هیوا ده‌بێت و
ناڕه‌وا ده‌می داده‌خات.
17
«سه‌رزه‌نشتكردن له‌لایه‌ن خوداوه‌ به‌ره‌كه‌ته‌،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ته‌مبێكردنی خودای هه‌ره‌ به‌ توانا ڕه‌ت مه‌كه‌ره‌وه‌.
18
چونكه‌ ئه‌و بریندار ده‌كات و برینیش ساڕێژ ده‌كات،
وردوخاش ده‌كات و به‌ ده‌سته‌كانی خۆی ده‌یگرێته‌وه‌.
19
له‌ شه‌ش به‌ڵا ڕزگارت ده‌كات و
له‌ حه‌وته‌میش خراپه‌ت لێ ناكه‌وێت.
20
له‌ قاتوقڕیدا له‌ مردن ده‌تكڕێته‌وه‌ و
له‌ جه‌نگیشدا له‌ ده‌می شمشێر.
21
له‌ خه‌نجه‌ری زمان پارێزراو ده‌بیت،
كه‌ وێرانه‌ ڕووت تێ ده‌كات ناترسیت.
22
به‌ وێرانی و قاتوقڕی پێده‌كه‌نیت و
له‌ ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كان ناترسیت.
23
چونكه‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌كانی ده‌شتوده‌ر په‌یمانت ده‌بێت و
ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان ئاشتیت له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستن.
24
جا ده‌زانیت كه‌ ڕه‌شماڵه‌كه‌ت سه‌لامه‌ته‌ و
سه‌رژمێری ماڵه‌كه‌ت ده‌كه‌یت و هیچت ون نه‌بووه‌.
25
ئه‌و كاته‌ ده‌زانیت كه‌ منداڵت چه‌ند زۆر ده‌بن و
نه‌وه‌كانت وه‌ك گیای زه‌وی ده‌بن.
26
له‌وپه‌ڕی ته‌ندروستیدا ده‌چیته‌ ناو گۆڕه‌وه‌
وه‌ك هه‌ڵگرتنی كۆڵێك له‌ كاتی خۆیدا.
27
«ئێمه‌ له‌مه‌ وردبووینه‌وه‌ و بینیمان كه‌ ڕاسته‌،
جا تۆش گوێ بگره‌ و له‌ ژیانی خۆتدا په‌یڕه‌وی بكه‌.»