عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«ئایا دەزانیت کەی بزنە کێوییەکان دەزێن؟
یان تێبینیت کردووە ئەو کاتەی کە ئاسک ژان دەیگرێت؟
2
ئایا مانگەکانی ئاوسبوونی دەژمێریت
یان کاتی زاوزێکردنیان دەزانیت؟
3
چۆک دادەدەن و پاڵ بە ئازارەکانیانەوە دەنێن و
بەچکەکانیان دەبێت.
4
بەچکەکانیان لە چۆڵەوانی بەهێز و گەورە دەبن؛
دەڕۆن و ئیتر ناگەڕێنەوە لایان.
5
«کێ کەرەکێوی بەڕەڵا کرد و
مێخ زنجیری ئەو کێوییەی کردەوە؟
6
ئەوەی چۆڵەوانیم کرد بە ماڵی و
خوێڵێنم[a] کردە ژینگەی.
7
بە دەنگەدەنگی شار پێدەکەنێت،
گوێی لە هاواری لێخوڕ نابێت.
8
لە چیاکاندا بەدوای لەوەڕگادا دەگەڕێت،
بۆ دۆزینەوەی هەموو سەوزاییەک.
9
«ئایا گای کێوی ڕازی دەبێت خزمەتت بکات
یان بە شەو لەلای ئاخوڕەکەت بمێنێتەوە؟
10
ئایا دەتوانیت گای کێوی بە گاسنەوە ببەستیتەوە و جووتی پێ بکەیت؟
ئایا بەدواتدا دێت دۆڵەکان خەرتە بکات؟
11
ئایا پشتی پێ دەبەستیت، چونکە هێزەکەی مەزنە
یان کارەکەی خۆتی بۆ بەجێدەهێڵیت؟
12
ئایا متمانەی پێ دەکەیت کە دەغڵودانەکەت بهێنێت و
بۆ سەر جۆخینەکەت[b] کۆی بکاتەوە؟
13
«بە خۆشییەوە وشترمرغ باڵەفڕکێ دەکات،
ئایا پەڕوباڵەکەی وەک لەقلەق پیرۆزە؟
14
وشترمرغ هێلکەکەی لەسەر زەوی بەجێدەهێڵێت و
خۆڵ گەرمیان دادەهێنێت،
15
لەبیری دەچێت کە پێ وردوخاشی دەکات و
ئاژەڵی کێوی پێی پێدا دەنێن.
16
لەگەڵ بەچکەکانی دڵڕەقە وەک ئەوەی بەچکەی ئەو نەبن؛
گوێی ناداتێ کە ماندووبوونەکەی بێهوودە دەڕوات،
17
چونکە خودا دانایی لەبیر بردووەتەوە،
لە تێگەیشتن بەشی نەداوە.
18
کاتێک پەڕەکانی فش دەکاتەوە بۆ ڕاکردن،
بە ئەسپ و بە سوارەکەی پێدەکەنێت.
19
«ئایا تۆ هێز بە ئەسپ دەدەیت
یان ملی بە یاڵ[c] دادەپۆشیت؟
20
ئایا وای لێ دەکەیت کە وەک کوللە قەڵەمباز بدات و
دەنگی حیلەکەی تۆقێنەر بێت؟
21
بە توندی سم بە زەویدا بکوتێت، بە هێزەوە دەربپەڕێت،
بەرەو مەیدانی جەنگ مل بنێت.
22
بە ترس پێبکەنێت و نەتۆقێت؛
لە ڕووی شمشێر نەگەڕێتەوە.
23
تیردان شەقەشەقی بێت و
خەنجەر و نووکی ڕم ببریسکێنەوە.
24
بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە غار دەدات،
هەتا کاتی لێدانی کەڕەنا خۆی پێ ڕاناگیرێت.
25
لە کاتی فووکردن بە کەڕەنادا دەڵێت: ”ئەها!“
لە دوورەوە بۆنی شەڕ دەکات،
هاواری سەرکردەکان و نەعرەتەی جەنگ.
26
«ئایا لە تێگەیشتنی تۆدایە هەڵۆ بفڕێت و
ڕووەو باشوور باڵەکانی بکاتەوە؟
27
یان بە فەرمانی تۆیە هەڵۆ بەرز بفڕێت و
هێلانەکەی لە بەرزی دابنێت؟
28
لەسەر لووتکەی چیا نیشتەجێ دەبێت و بە شەو دەمێنێتەوە،
هەڵدێری بەردەڵان قەڵاکەیەتی.
29
لەوێوە نێچیری خۆی دەدۆزێتەوە و
چاوەکانی لە دوورەوە دەبینن.
30
بەچکەکانی خوێن هەڵدەمژن،
لە هەرکوێ کوژراوی لێ بێت، ئەو لەوێیە.»
  1. a. 39‏:6 خاکێک کە خوێی زۆر بێت، سەرچاوەی بەدەستهێنانی خوێ بێت.‏
  2. b. 39‏:12 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏
  3. c. 39‏:19 مووی درێژ لەسەر ملی ئەسپ.‏