عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یه‌زدان قسه‌ ده‌كات 
1
یه‌زدانیش له‌ گه‌رده‌لووله‌كه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌یوبی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی:
2
«ئه‌مه‌ كێیه‌، بێ زانیاری قسه‌ ده‌كات و
ڕاوێژی من تێك ده‌دات؟
3
ئێستا وه‌ك پیاو پشتێنه‌كه‌ی خۆت توند بكه‌،
پرسیارت لێ ده‌كه‌م و
وه‌ڵامم بده‌وه‌.
4
«كاتێك زه‌ویم دامه‌زراند له‌كوێ بوویت؟
ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتنت هه‌یه‌ پێم بڵێ.
5
كێ پێوانه‌كانی دانا؟ بێگومان تۆ ده‌زانیت!
یان كێ گوریسی پێوانه‌ی به‌سه‌ردا هێنا؟
6
بناغه‌كانی له‌سه‌ر چی چه‌سپاند،
یان كێ به‌ردی بناغه‌كه‌ی دانا،
7
كاتێك ئه‌ستێره‌كانی به‌ره‌به‌یان پێكه‌وه‌ هاواری خۆشییان ده‌كرد و
هه‌موو فریشته‌كان[a] هوتافیان ده‌كێشا؟
8
«كێ به‌ ده‌روازه‌كان ده‌ریای به‌ندكرد،
كاتێك به‌ پاڵه‌په‌ستۆ له‌ منداڵدان هاته‌ ده‌ره‌وه‌،
9
كه‌ هه‌ورم كرده‌ به‌رگی و
هه‌وری تاریكم كرد به‌ قۆنداغی،
10
كه‌ فه‌رزی خۆم به‌سه‌ریدا سه‌پاند و
ده‌روازه‌ و شمشیره‌م[b] بۆ دانا،
11
فه‌رمووم: ”هه‌تا ئێره‌ دێیت و تێناپه‌ڕیت؛
لێره‌ شه‌پۆله‌كانی لووتبه‌رزیت ده‌شكێن“؟
12
«ئایا له‌ هیچ ڕۆژێك له‌ ڕۆژانی ژیانتدا فه‌رمانت به‌ به‌ره‌به‌یان كردووه‌،
هه‌تا زه‌رده‌ی خۆر هه‌ڵنه‌یێت،
13
هه‌تا ڕۆخه‌كانی زه‌وی بگرێت و
به‌دكارانی لێ بته‌كێنێت؟
14
وه‌كو مۆرێك كه‌ له‌ قوڕی ده‌ده‌یت،
ده‌وه‌ستێت هه‌روه‌كو به‌رگی پۆشیبێت.
15
ڕووناكی له‌ به‌دكاران قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت و
ده‌ستی به‌رزكراوه‌یان ده‌شكێنرێت.
16
«ئایا گه‌یشتیته‌ سه‌رچاوه‌كانی ده‌ریا و
به‌ناو كون و كه‌له‌به‌ره‌كانی قووڵاییدا هاتوچۆت كرد؟
17
ئایا ده‌روازه‌كانی مردنت بۆ ئاشكرا بوون
یان ده‌روازه‌كانی سێبه‌ری مه‌رگت بینی؟
18
ئایا پانوبه‌رینی زه‌وی ده‌زانیت؟
ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌م شتانه‌ ده‌زانیت، پێم بڵێ.
19
«كام ڕێگایه‌ ده‌چێته‌ نشینگه‌ی ڕووناكی؟
ئه‌ی شوێنی نیشته‌جێبوونی تاریكی له‌كوێیه‌؟
20
ئایا ده‌توانیت هه‌ریه‌كه‌یان بۆ سنووری خۆی ببه‌یت و
ڕێگای ماڵه‌كانیان شاره‌زابیت؟
21
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ له‌پێش ئه‌مانه‌وه‌ له‌دایك ببوویت!
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ تۆ زۆر ته‌مه‌ن درێژیت!
22
«ئایا چووی بۆ ناو ئه‌مباره‌كانی به‌فر
یان كۆگاكانی ته‌رزه‌ت بینیوه‌،
23
ئه‌وه‌ی هه‌ڵمگرتووه‌ بۆ كاتی ته‌نگانه‌،
بۆ ڕۆژانی نه‌هامه‌تی و جه‌نگ؟
24
له‌ چ ڕێگایه‌كه‌وه‌ بروسكه‌ دابه‌ش ده‌بێت و
بای ڕۆژهه‌ڵات له‌سه‌ر زه‌وی بڵاو ده‌بێته‌وه‌؟
25
كێ لێكی جیا كرده‌وه‌ جۆگه‌كان بۆ بارانی به‌ لێشاو و
ڕێچكه‌ بۆ باوبۆران؟
26
بۆ ئاودانی خاكێك كه‌ مرۆڤی تێدا نییه‌،
به‌سه‌ر چۆڵه‌وانییه‌ك كه‌ ئاده‌میزادی تێدا نییه‌،
27
بۆ ئه‌وه‌ی خاكی كاول و وێران تێر بكات،
وا بكات گیای لێ بڕووێت.
28
ئایا باران باوكی هه‌یه‌؟
ئه‌ی كێ دڵۆپه‌كانی شه‌ونم ده‌خاته‌وه‌؟
29
به‌سته‌ڵه‌ك له‌ سكی كێ دێته‌ ده‌ره‌وه‌؟
شه‌خته‌ی ئاسمان بۆ كێ له‌دایك ده‌بێت،
30
كاتێك ئاوه‌كان وه‌ك به‌ردیان لێ دێت و
ڕووی قووڵاییه‌كان ده‌یبه‌ستێت؟
31
«ئایا تۆ ده‌توانیت گرێیه‌كانی حه‌وته‌وانه‌[c] ببه‌ستیت
یان گرێ به‌ستراوه‌كانی ڕاوچی بكه‌یته‌وه‌؟
32
ئایا تۆ ده‌توانیت كه‌لووه‌كان[d] له‌ كاتی خۆی ده‌ربخه‌یت،
یان ڕێنمایی كه‌لووی ورچ بكه‌یت له‌گه‌ڵ به‌چكه‌كانی؟
33
ئایا یاساكانی ئاسمان ده‌زانیت،
یاخود تۆ بڕیاری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و به‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌چه‌سپێنیت؟
34
«ئایا ده‌توانیت ده‌نگت بۆ هه‌وره‌كان به‌رز بكه‌یته‌وه‌
هه‌تا به‌ لێشاوی ئاو داتبپۆشێت؟
35
ئایا توانای ئه‌وه‌ت هه‌یه‌ بروسكه‌كان بنێریت،
جا بڕۆن و بڵێن: ”ئه‌وه‌تاین ئێمه‌“؟
36
كێ دانایی ده‌به‌خشێت
یان تێگه‌یشتن به‌ مێشك ده‌دات؟
37
كێ به‌ داناییه‌وه‌ هه‌وره‌كان ده‌ژمێرێت
یان مه‌شكه‌كانی ئاسمان ده‌ڕژێنێت،
38
كاتێك تێكه‌ڵ به‌ خۆڵ ده‌بێت
یه‌كده‌گرن و ده‌بنه‌ قوڕ؟
39
«ئایا تۆ نێچیر بۆ شێره‌ مێ ڕاو ده‌كه‌یت
یان هه‌ڵپه‌ی به‌چكه‌ شێره‌كان ئارام ده‌كه‌یته‌وه‌،
40
كاتێك له‌ناو بێشه‌كه‌یان خۆیان ده‌كێشنه‌وه‌ و
خۆیان مه‌ڵاس ده‌ده‌ن بۆ بۆسه‌؟
41
كێ ڕاو بۆ قه‌له‌ڕه‌ش ئاماده‌ ده‌كات
كه‌ به‌چكه‌كانی ده‌قیڕێنن بۆ خودا و
له‌به‌ر نه‌بوونی خواردن په‌رته‌وازه‌ بوون؟
  1. a. 38‏:7 عیبری: كوڕانی خودا. بڕوانه‌ \+xt په‌یدابوون 6‏:2‏\+xt*‏.
  2. b. 38‏:10 شمشیر، پارچه‌ دارێك بووه‌ له‌ جیاتی قوفڵ له‌ دواوه‌ی ده‌رگا به‌ شێوه‌ی ئاسۆیی دانراوه‌ بۆ داخستنی ده‌رگا.
  3. c. 38‏:31 یه‌كێك له‌ كه‌لووه‌كانه‌.
  4. d. 38‏:32 مه‌به‌ستی بورجه‌كانه‌، هه‌ریه‌ك له‌ حه‌وته‌وانه‌ و ڕاوچی و ورچ له‌ چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌ك پێكدێن.