عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«ئایا ده‌زانیت كه‌ی بزنه‌ كێوییه‌كان ده‌زێن؟
یان تێبینیت كردووه‌ ئه‌و كاته‌ی كه‌ ئاسك ژان ده‌یگرێت؟
2
ئایا مانگه‌كانی ئاوسبوونی ده‌ژمێریت
یان كاتی زاوزێكردنیان ده‌زانیت؟
3
چۆك داده‌ده‌ن و پاڵ به‌ ئازاره‌كانیانه‌وه‌ ده‌نێن و
به‌چكه‌كانیان ده‌بێت.
4
به‌چكه‌كانیان له‌ چۆڵه‌وانی به‌هێز و گه‌وره‌ ده‌بن؛
ده‌ڕۆن و ئیتر ناگه‌ڕێنه‌وه‌ لایان.
5
«كێ كه‌ره‌كێوی به‌ڕه‌ڵا كرد و
مێخ زنجیری ئه‌و كێوییه‌ی كرده‌وه‌؟
6
ئه‌وه‌ی چۆڵه‌وانیم كرد به‌ ماڵی و
خوێڵێنم[a] كرده‌ ژینگه‌ی.
7
به‌ ده‌نگه‌ده‌نگی شار پێده‌كه‌نێت،
گوێی له‌ هاواری لێخوڕ نابێت.
8
له‌ چیاكاندا به‌دوای له‌وه‌ڕگادا ده‌گه‌ڕێت،
بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌موو سه‌وزاییه‌ك.
9
«ئایا گای كێوی ڕازی ده‌بێت خزمه‌تت بكات
یان به‌ شه‌و له‌لای ئاخوڕه‌كه‌ت بمێنێته‌وه‌؟
10
ئایا ده‌توانیت گای كێوی به‌ گاسنه‌وه‌ ببه‌ستیته‌وه‌ و جووتی پێ بكه‌یت؟
ئایا به‌دواتدا دێت دۆڵه‌كان خه‌رته‌ بكات؟
11
ئایا پشتی پێ ده‌به‌ستیت چونكه‌ هێزه‌كه‌ی مه‌زنه‌
یان كاره‌كه‌ی خۆتی بۆ به‌جێده‌هێڵیت؟
12
ئایا متمانه‌ی پێ ده‌كه‌یت كه‌ ده‌غڵودانه‌كه‌ت بهێنێت و
بۆ سه‌ر جۆخینه‌كه‌ت[b] كۆی بكاته‌وه‌؟
13
«به‌ خۆشییه‌وه‌ وشترمرغ باڵه‌فڕكێ ده‌كات،
ئایا په‌ڕوباڵه‌كه‌ی وه‌ك له‌قله‌ق پیرۆزه‌؟
14
چونكه‌ وشترمرغ هێلكه‌كه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی به‌جێده‌هێڵێت و
خۆڵ گه‌رمیان داده‌هێنێت،
15
له‌بیری ده‌چێت كه‌ پێ ده‌یپه‌ستێته‌وه‌ و
ئاژه‌ڵی كێوی تێی هه‌ڵده‌ده‌ن.
16
له‌گه‌ڵ به‌چكه‌كانی دڵڕه‌قه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌چكه‌ی ئه‌و نه‌بن؛
گوێی ناداتێ كه‌ ماندووبوونه‌كه‌ی بێهووده‌ ده‌ڕوات،
17
چونكه‌ خودا دانایی له‌بیر بردووه‌ته‌وه‌،
له‌ تێگه‌یشتن به‌شی نه‌داوه‌.
18
كاتێك په‌ڕه‌كانی فش ده‌كاته‌وه‌ بۆ ڕاكردن،
به‌ ئه‌سپ و به‌ سواره‌كه‌ی پێده‌كه‌نێت.
19
«ئایا تۆ هێز به‌ ئه‌سپ ده‌ده‌یت
یان ملی به‌ یاڵ[c] داده‌پۆشیت؟
20
ئایا وای لێ ده‌كه‌یت كه‌ وه‌ك كولله‌ قه‌ڵه‌مباز بدات و
ده‌نگی حیله‌كه‌ی تۆقێنه‌ر بێت؟
21
به‌ توندی سم به‌ زه‌ویدا بكوتێت، به‌ هێزه‌وه‌ ده‌ربپه‌ڕێت،
به‌ره‌و مه‌یدانی جه‌نگ مل بنێت.
22
به‌ ترس پێبكه‌نێت و نه‌تۆقێت؛
له‌ ڕووی شمشێر نه‌گه‌ڕێته‌وه‌.
23
تیردان شه‌قه‌شه‌قی بێت و
خه‌نجه‌ر و نووكی ڕم ببریسكێنه‌وه‌.
24
به‌وپه‌ڕی جۆشوخرۆشه‌وه‌ غار ده‌دات،
هه‌تا كاتی لێدانی كه‌ڕه‌نا خۆی پێ ڕاناگیرێت.
25
له‌ كاتی فووكردن به‌ كه‌ڕه‌نادا ده‌ڵێت: ”ئه‌ها!“
له‌ دووره‌وه‌ بۆنی شه‌ڕ ده‌كات،
هاواری سه‌ركرده‌كان و نه‌عره‌ته‌ی جه‌نگ.
26
«ئایا له‌ تێگه‌یشتنی تۆدایه‌ هه‌ڵۆ بفڕێت و
ڕووه‌و باشوور باڵه‌كانی بكاته‌وه‌؟
27
یان به‌ فه‌رمانی تۆیه‌ هه‌ڵۆ به‌رز بفڕێت و
هێلانه‌كه‌ی له‌ به‌رزی دابنێت؟
28
له‌سه‌ر لووتكه‌ی چیا نیشته‌جێ ده‌بێت و به‌ شه‌و ده‌مێنێته‌وه‌،
هه‌ڵدێری به‌رده‌ڵان قه‌ڵاكه‌یه‌تی.
29
له‌وێوه‌ نێچیری خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ و
چاوه‌كانی له‌ دووره‌وه‌ ده‌بینن.
30
به‌چكه‌كانی خوێن هه‌ڵده‌مژن،
له‌ هه‌ركوێ كوژراوی لێ بێت، ئه‌و له‌وێیه‌.»
  1. a. 39‏:6 خاكێك كه‌ خوێی زۆر بێت، سه‌رچاوه‌ی به‌ده‌ستهێنانی خوێ بێت.
  2. b. 39‏:12 جۆخین یان سه‌رخه‌رمان ئه‌و زه‌وییه‌ ته‌رخانكراوه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌رزێر و جوتیاره‌وه‌ به‌كارهێنراوه‌ بۆ كوتانی دانه‌وێڵه‌ له‌سه‌ری له‌دوای كۆكردنه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌.
  3. c. 39‏:19 مووی درێژ له‌سه‌ر ملی ئه‌سپ.