عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«له‌به‌ر ئه‌مه‌ دڵم خورپه‌ ده‌كات و
له‌ جێی خۆی ده‌ست ده‌كات به‌ كوتان.
2
بۆ نه‌ڕه‌ی ده‌نگه‌كه‌ی و گرمه‌گرمی ده‌می
گوێ شل بكه‌!
3
له‌ژێر هه‌موو ئاسمان هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی،
به‌ بروسكه‌كه‌ی ده‌رده‌بڕێت.
4
له‌دوای ئه‌وه‌ش هه‌ر ده‌نگی نه‌ڕه‌كه‌ی دێت،
به‌ ده‌نگی پڕ شانازییه‌كه‌ی ده‌گرمێنێت.
كاتێك ده‌نگ ده‌داته‌وه‌
بروسكه‌كه‌ی ڕاناگرێت.
5
خودا به‌ ده‌نگێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌گرمێنێت؛
كاری مه‌زنی وا ده‌كات كه‌ ئێمه‌ تێیناگه‌ین.
6
چونكه‌ به‌ به‌فر ده‌فه‌رموێت: ”بكه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی،“
هه‌روه‌ها به‌ تاوه‌ باران ده‌فه‌رموێت: ”به‌ لێزمه‌ ببارێ.“
7
مۆر له‌ ده‌ستی هه‌موو مرۆڤێك ده‌دات،
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی دروستكه‌ری خۆیان بناسن.
8
گیانله‌به‌ران ده‌چنه‌ ناو لانه‌كانی خۆیانه‌وه‌ و
له‌ناو كونه‌كانی خۆیان ده‌مێننه‌وه‌.
9
له‌ باشووره‌وه‌ ڕه‌شه‌با دێت و
له‌ باكووریشه‌وه‌ سه‌رما.
10
له‌ هه‌ناسه‌ی خوداوه‌ به‌سته‌ڵه‌ك په‌یدا ده‌بێت و
سه‌ر ڕووی ئاوه‌كان ده‌بنه‌ سه‌هۆڵ.
11
هه‌روه‌ها هه‌وره‌كان به‌ شێ بار ده‌كات؛
بروسكه‌كه‌ی به‌ناو هه‌وره‌كاندا په‌رت ده‌كات.
12
به‌گوێره‌ی خواستی ئه‌و
له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی ئاوه‌دان ده‌گه‌ڕێن
هه‌تا هه‌موو ئه‌وه‌ بكات كه‌ فه‌رمانی پێ ده‌كرێت.
13
هه‌وره‌كان ده‌هێنێت بۆ ته‌مبێكردنی خه‌ڵك،
یان بۆ ئه‌وه‌ی ئاو بداته‌ زه‌وییه‌كه‌ی و
خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی پیشان بدات.
14
«ئه‌یوب گوێ بۆ ئه‌مه‌ شل بكه‌!
هه‌سته‌ و له‌ په‌رجووه‌كانی خودا وردبه‌ره‌وه‌.
15
ئایا ده‌زانیت خودا چۆن فه‌رمان به‌ هه‌وره‌كان ده‌كات،
یان دره‌وشانه‌وه‌ی هه‌وره‌ بروسكه‌كه‌ی چۆنه‌؟
16
ئایا ده‌زانیت چۆن هه‌وره‌كان به‌ ئاسمانه‌وه‌ وه‌ستاون،
ئایا كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی خودا ده‌زانیت ئه‌وه‌ی كه‌ زانیاری ته‌واوه‌؟
17
ئه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ناو جلوبه‌رگه‌كه‌ت گه‌رما ده‌تخوات
به‌ كپبوونی زه‌وی به‌ بای باشوور،
18
ئایا ده‌توانیت هاوكاری ئه‌و بكه‌یت ئاسمان بڵاو بكه‌یته‌وه‌،
كه‌ وه‌ك ئاوێنه‌یه‌كی له‌ بڕۆنز داڕێژراو ڕه‌قه‌؟
19
«پێمان بڵێ كه‌ چی پێ بڵێین؛
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ تاریكیداین ناتوانین داواكارییه‌كه‌مان ئاماده‌ بكه‌ین.
20
ئایا ده‌بێت پێی بگوترێت كه‌ من ده‌مه‌وێ قسه‌ بكه‌م؟
ئایا مرۆڤ قسه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خۆی به‌ قووتدان بدات؟
21
ئێستاش كه‌س ناتوانێت ته‌ماشای خۆر بكات
كه‌ له‌ ئاسماندا ده‌دره‌وشێته‌وه‌
دوای ئه‌وه‌ی با هه‌ڵیكرد و ئاسمانی بێگه‌رد كرد.
22
له‌ باكووره‌وه‌ به‌ شكۆمه‌ندییه‌كی زێڕین دێت،
خودای شكۆدار و سامناك دێت.
23
ئێمه‌ په‌ی به‌ خودای هه‌ره‌ به‌ توانای باڵاده‌ست نابه‌ین،
كه‌ له‌به‌ر دادپه‌روه‌رییه‌ مه‌زنه‌كه‌ی و ڕاستودروستییه‌ زۆره‌كه‌ی سته‌م ناكات.
24
له‌به‌ر ئه‌مه‌ خه‌ڵكی لێی ده‌ترسن،
چونكه‌ ئاوڕ ده‌داته‌وه‌ له‌وانه‌ی كه‌ به‌ دڵیان دانان.»