عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«لەبەر ئەمە دڵم خورپە دەکات و
لە جێی خۆی دەست دەکات بە کوتان.
2
بۆ نەڕەی دەنگەکەی و گرمەگرمی دەمی
گوێ شل بکە!
3
لەژێر هەموو ئاسمان هەتا ئەوپەڕی زەوی،
بە بروسکەکەی دەردەبڕێت.
4
لەدوای ئەوەش هەر دەنگی نەڕەکەی دێت،
بە دەنگی پڕ شانازییەکەی دەگرمێنێت.
کاتێک دەنگ دەداتەوە
بروسکەکەی ڕاناگرێت.
5
خودا بە دەنگێکی سەرسوڕهێنەر دەگرمێنێت؛
کاری مەزنی وا دەکات کە ئێمە تێیناگەین.
6
بە بەفر دەفەرموێت: ”بکەوە سەر زەوی،“
هەروەها بە تاوە باران دەفەرموێت: ”بە لێزمە ببارێ.“
7
مۆر لە دەستی هەموو مرۆڤێک دەدات،
بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی دروستکەری خۆیان بناسن.
8
گیانلەبەران دەچنە ناو لانەکانی خۆیانەوە و
لەناو کونەکانی خۆیان دەمێننەوە.
9
لە باشوورەوە ڕەشەبا دێت و
لە باکووریشەوە سەرما.
10
لە هەناسەی خوداوە بەستەڵەک پەیدا دەبێت و
سەر ڕووی ئاوەکان دەبنە سەهۆڵ.
11
هەروەها هەورەکان بە شێ بار دەکات؛
بروسکەکەی بەناو هەورەکاندا پەرت دەکات.
12
بەگوێرەی خواستی ئەو
لەسەر ڕووی زەوی ئاوەدان دەگەڕێن
هەتا هەموو ئەوە بکات کە فەرمانی پێ دەکرێت.
13
هەورەکان دەهێنێت بۆ تەمبێکردنی خەڵک،
یان بۆ ئەوەی ئاو بداتە زەوییەکەی و
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پیشان بدات.
14
«ئەیوب گوێ بۆ ئەمە شل بکە!
هەستە و لە پەرجووەکانی خودا وردبەرەوە.
15
ئایا دەزانیت خودا چۆن فەرمان بە هەورەکان دەکات،
یان درەوشانەوەی هەورە بروسکەکەی چۆنە؟
16
ئایا دەزانیت چۆن هەورەکان بە ئاسمانەوە وەستاون،
ئایا کارە سەرسوڕهێنەرەکانی خودا دەزانیت ئەوەی کە زانیاری تەواوە؟
17
ئەی ئەوەی لەناو جلوبەرگەکەت گەرما دەتخوات
بە کپبوونی زەوی بە بای باشوور،
18
ئایا دەتوانیت هاوکاری ئەو بکەیت ئاسمان بڵاو بکەیتەوە،
کە وەک ئاوێنەیەکی لە بڕۆنز داڕێژراو ڕەقە؟
19
«پێمان بڵێ کە چی پێ بڵێین؛
لەبەر ئەوەی ئێمە لە تاریکیداین ناتوانین داواکارییەکەمان ئامادە بکەین.
20
ئایا دەبێت پێی بگوترێت کە من دەمەوێ قسە بکەم؟
ئایا مرۆڤ قسە دەکات بۆ ئەوەی خۆی بە قووتدان بدات؟
21
ئێستاش کەس ناتوانێت تەماشای خۆر بکات
کە لە ئاسماندا دەدرەوشێتەوە
دوای ئەوەی با هەڵیکرد و ئاسمانی بێگەرد کرد.
22
لە باکوورەوە بە شکۆمەندییەکی زێڕین دێت،
خودای شکۆدار و سامناک دێت.
23
ئێمە پەی بە خودای هەرە بەتوانای باڵادەست نابەین،
کە لەبەر دادپەروەرییە مەزنەکەی و ڕاستودروستییە زۆرەکەی ستەم ناکات.
24
لەبەر ئەمە خەڵکی لێی دەترسن،
چونکە ئاوڕ دەداتەوە لەوانەی کە بە دڵیان دانان.»