عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
دیسان ئەلیهو گوتی:
2
«تۆزێک ئارامم لەگەڵ بگرە جا پێتی نیشان دەدەم
کە هێشتا قسە هەیە لەبەر خودا بگوترێت.
3
زانینم لە دوورەوە هەڵدەگرم و
ڕاستودروستی دەدەمە پاڵ دروستکەرەکەم.
4
بەڕاستی قسەکانم درۆ نین،
ئەو کەسەی زانیاری تەواوە لەلای تۆیە.
5
«خودا مەزنە و بە چاوی سووک تەماشای کەس ناکات،
گەورەیە و ئامانجەکەی چەسپاوە.
6
خراپەکار ناژیێنێت و
مافی زەلیلان دەدات.
7
چاوەکانی لەسەر کەسی ڕاستودروست لا نادات،
بەڵکو لەگەڵ پاشایان لەسەر تەخت دایاندەنیشێنێت و
هەتاسەر پایەداریان دەکات.
8
ئەگەر بە زنجیر ببەسترێنەوە،
ئەگەر بە پەتی زەلیلی ببردرێن،
9
کردەوە و یاخیبوونەکانی خۆیانیان بۆ دەردەخات،
چونکە لووتبەرز بوون.
10
گوێیەکانیان بۆ ئاگادارکردنەوە دەکاتەوە و
فەرمانیان پێ دەکات لە خراپەکانیان تۆبە بکەن.
11
ئەگەر گوێ بگرن و بیپەرستن،
ڕۆژگاریان بە باشە و
ساڵانیان بە خۆشی بەسەردەبەن.
12
ئەگەر گوێش نەگرن،
بە شمشێر لەناودەچن و
بە نەزانی دەمرن.
13
«خوانەناسان تووڕەیی کۆدەکەنەوە،
تەنانەت کاتێک دەیانبەستێتەوە هاواری فریاکەوتن ناکەن.
14
لەنێو پیاوە لەشفرۆشەکانی نزرگەکان
لە گەنجیێتیدا دەمرن.
15
بەڵام فریای کڵۆڵ دەکەوێت لە زەلیلییەکەی و
لە کاتی تەنگانە گوێیان دەکاتەوە.
16
«هەروەها لە ڕووی تەنگانە پاڵت پێوە دەنێت
بەرەو شوێنێکی پانوبەرین و بێ بەربەست و
سەر خوانەکەت پڕ دەبێت لە خواردنی بەتام.
17
بەڵام ئێستا ئەو حوکمدانەی کە بۆ خراپەکارە بەسەر تۆدا درا،
حوکمدان و دادپەروەری دەتگرن.
18
ئاگاداربە دەوڵەمەندی پەلکێشت نەکات،
زۆری بەرتیل بەڕەڵات ناکات.
19
ئایا دەوڵەمەندیت بۆ فریاکەوتن
لە تەنگانە دەتپارێزێت
یان هەموو ئەو کۆششکردنە لە تواناتدایە؟
20
تامەزرۆی شەو مەبە،
هەتا خەڵک لە ماڵەکانیان ڕابکێشیت.
21
ئاگاداربە! ئاوڕ لە خراپە مەدەوە،
چونکە ئەمەت هەڵبژارد نەک زەلیلی.
22
«خودا بە توانای خۆی پایەبەرزە.
کێ وەک ئەو مامۆستایە؟
23
کێ ڕێگای ئەوی بەسەردا سەپاندووە؟
یان کێ پێی دەڵێت: ”خراپەت کردووە؟“
24
لەبیرت بێت کە کارەکەی بە مەزن بزانیت،
کە خەڵکی گۆرانی بەسەردا دەڵێن.
25
هەموو مرۆڤ دەیبینێت؛
خەڵکی لە دوورەوە تەماشای دەکەن.
26
خودا چەند مەزنە و ئێمەش نایناسین و
ژمارەی ساڵەکانی ناپشکێنرێن.
27
«دڵۆپەکانی ئاو ڕادەکێشێت،
دەیانکات بە هەور پاشان دەیانبارێنێت؛
28
لە هەورەکانەوە بارانێکی زۆر
بەسەر ئادەمیزاد دەڕژێنێت.
29
ئایا کەس تێدەگات چۆن هەورەکان پەرت دەکات
یان چۆن لە کەپرەکەیەوە هەورەتریشقە دەنێرێت؟
30
ببینە بروسکەی خۆی بەسەر خۆیدا پەرتوبڵاو دەکات و
قووڵایی دەریا دادەپۆشێت،
31
چونکە بەمە حوکمڕانی گەلان دەکات و
بە پڕی خواردن دەدات.
32
بە دەستەکانی بروسکە دەگرێت و
فەرمانی پێدەدات لە دوژمن بدات.
33
گرمەکەی ڕایدەگەیەنێت،
مەڕوماڵاتیش بە هاتنی دەزانن.