عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئەیوب دیسان بە هەمان شێوە قسەی کردەوە و گوتی:
2
«بە گیانی خودا کە مافی خۆمی لێم داماڵیوە،
سوێند بە توانادارەکە کە ناخی منی تاڵکردووە،
3
هەتا ئەو کاتەی کە ژیانم لەبەر بێت،
هەناسەی خودا لە لووتمدا بێت،
4
لێوەکانم بە خراپە نادوێن و
زمانم بە فێڵ ناگەڕێت.
5
لە من بەدوور بێت بڵێم کە ڕاستییەکەی لای ئێوەیە،
هەتا ئەو کاتەی ژیان بەدەستەوە دەدەم دروستی لە خۆم دانابڕم.
6
دەستم بە ڕاستودروستی خۆمەوە گرتووە و شلی ناکەم،
بە درێژایی ژیانم ویژدانم سەرزەنشتم ناکات.
7
«با دوژمنم وەک بەدکار بێت و
بەرهەڵستکارم وەک زۆردار بێت.
8
خوانەناس کە دەبڕدرێتەوە چ هیوایەکی هەیە،
کاتێک خودا ژیانی دەڕفێنێت؟
9
ئایا خودا گوێی لە هاواری دەبێت
کە تەنگانەی بەسەردا دێت؟
10
یان ئایا بە توانادارەکە دڵخۆش دەبێت؟
ئایا هەموو کاتێک داوا لە خودا دەکات؟
11
«من توانای خوداتان پێ دەناسێنم؛
کارەکانی توانادارەکە لە ئێوە ناشارمەوە.
12
ئەوەتا ئێوە هەمووتان بینیتان،
ئیتر بۆچی بە پووچی دەدوێن؟
13
«ئەمە بەشی کەسی بەدکارە لەلایەن خوداوە،
میراتی ستەمکارە کە لە توانادارەکەوە وەریدەگرن.
14
ئەگەر کوڕانی زۆر بوون ئەوا بۆ شمشێرن و
نەوەکەشی تێر نان نابن.
15
دەرد پاشماوەکەی دەخاتە ناو گۆڕ و
بێوەژنەکانیان ناگرین.
16
ئەگەر زیو وەک خۆڵ و
جلوبەرگ وەک قوڕ کەڵەکە بکات،
17
ئەوەی ئامادەی دەکات ڕاستودروست لەبەری دەکات،
بێتاوان زیوەکەی دابەش دەکات.
18
وەک قۆزاخەی مۆرانە ماڵەکەی خۆی بنیاد دەنێت و
وەک کەپرێک چاودێر دروستی بکات.
19
بە دەوڵەمەندی ڕادەکشێت، بەڵام جارێکی دیکە نایکات؛
کە چاوی دەکاتەوە هیچی نەماوە.
20
کارەساتەکان وەک لافاو پێی دەگەن،
ڕەشەبایەک بە شەو دەیڕفێنێت.
21
بای ڕۆژهەڵات هەڵیدەگرێت و دەڕوات،
لە شوێنی خۆی ڕایدەماڵێت.
22
لەبەردەم با بەهێزەکە هەڵدێت،
بایەکەش بەبێ بەزەیی لێی دەدات.
23
بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەی بۆ لێدەدات،
بە فیکەلێدان لە جێی خۆیەوە دەریدەکات.»