عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دانایی له‌كوێ ده‌دۆزرێته‌وه‌؟ 
1
زیو كانی هه‌یه‌ و
بۆ زێڕیش شوێنێك هه‌یه‌ بۆ پاڵاوتنی.
2
ئاسن له‌ خۆڵ ده‌رده‌هێنرێت،
مسیش له‌ توانه‌وه‌ی به‌رد.
3
مرۆڤ كۆتایی به‌ تاریكی ده‌هێنێت؛
له‌ناو تاریكی سێبه‌ری مه‌رگ
بۆ به‌ردی كانزایی دوورترین كون و كه‌له‌به‌ره‌كان ده‌پشكنن.
4
كانێكی لێدا دوور له‌ خه‌ڵكی،
له‌ شوێنێكی له‌بیركراو له‌لایه‌ن ڕێبوارانه‌وه‌؛
شۆڕ كرانه‌وه‌ و دوور له‌ خه‌ڵكی جۆلانه‌یان پێكرا.
5
زه‌وی ئه‌وه‌ی كه‌ نانی لێوه‌ ده‌رده‌هێنرێت،
له‌ ژێره‌وه‌ ده‌گۆڕدرێت به‌ چه‌شنی ئاگر؛
6
به‌رده‌كانی یاقووتی شینی[a] تێدایه‌ و
له‌ خۆڵه‌كه‌یدا زێڕ هه‌یه‌.
7
ڕێگایه‌ك كه‌ مه‌له‌ گۆشتخۆره‌كان پێی نازانن و
چاوی هه‌ڵۆ نایبینێت.
8
ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كان پێیدا نه‌ڕۆیشتوون،
شێر پێیدا تێنه‌په‌ڕیوه‌.
9
مرۆڤ ده‌ستدرێژی ده‌كاته‌ سه‌ر به‌رد،
بنكه‌ی چیاكان ده‌رده‌خات.
10
له‌ تاشه‌به‌رده‌كان تونێل ده‌كات؛
چاوه‌كانی هه‌موو شتێكی گرانبه‌ها ده‌بینێت.
11
ئاودزی ڕووباره‌كان ده‌پشكنێت و
ئه‌وه‌ی شاراوه‌یه‌ ده‌یخاته‌ به‌ر ڕووناكی.
12
به‌ڵام دانایی له‌كوێ ده‌دۆزرێته‌وه‌ و
تێگه‌یشتن له‌كوێ نیشته‌جێیه‌؟
13
مرۆڤ نرخه‌كه‌ی نازانێت و
له‌ خاكی زیندوواندا نادۆزرێته‌وه‌.
14
قووڵایی ژێر زه‌وی[b] ده‌ڵێت: «له‌ناو مندا نییه‌،»
ده‌ریا ده‌ڵێت: «له‌لای من نییه‌.»
15
دانایی نه‌ زێڕی بێگه‌رد له‌ جیاتی ده‌درێت و
نه‌ به‌ زیویش نرخه‌كه‌ی ده‌كێشرێت.
16
نه‌ به‌ زێڕی ئۆفیر و نه‌ به‌ به‌ردی عاشقبه‌ندی گرانبه‌ها و
نه‌ به‌ یاقووتی شین ده‌كێشرێت.
17
نه‌ زێڕ و نه‌ بلور هاوتایه‌تی،
نه‌ به‌ ده‌فرێكی زێڕی بێگه‌رد ده‌گۆڕدرێته‌وه‌.
18
له‌ پاڵ ئه‌ودا نه‌ مه‌رجان و نه‌ یه‌شب باسیان ناكرێت و
نرخی دانایی له‌ یاقووت به‌هادارتره‌.
19
یاقووتی زه‌ردی كوش هاوتای نابێت و
به‌ زێڕی بێگه‌رد ناكێشرێت.
20
ئیتر دانایی له‌كوێ ده‌دۆزرێته‌وه‌ و
تێگه‌یشتن له‌كوێ نیشته‌جێیه‌؟
21
له‌به‌رچاوی هه‌موو زیندووێك شاراوه‌یه‌ و
له‌به‌رچاوی باڵنده‌كانی ئاسمان داپۆشراوه‌.
22
له‌ناوچوون و مردن ده‌ڵێن:
«به‌ گوێی خۆمان هه‌واڵی ئه‌ومان بیست.»
23
خودا ڕێگاكه‌ی تێده‌گات و
ئه‌و شوێنه‌كه‌ی پێ ده‌زانێت.
24
چونكه‌ ئه‌و ته‌ماشای ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی ده‌كات و
هه‌موو ژێر ئاسمان ده‌بینێت.
25
كاتێك كێشی بۆ با دروستكرد و
ئاوه‌كانی به‌ پێوانه‌ پێوا،
26
كاتێك بۆ باران یاسای دانا و
بۆ ده‌نگی هه‌وره‌تریشقه‌ش ڕێگا،
27
ئه‌و كاته‌ دانایی بینی و باسی كرد،
ئاماده‌ی كرد و هه‌روه‌ها تاقی كرد.
28
به‌ مرۆڤی فه‌رموو:
«بێگومان دانایی له‌ له‌خواترسییه‌وه‌یه‌ و
له‌ خراپه‌ لادانیش له‌ تێگه‌یشتنه‌وه‌یه‌.»
  1. a. 28‏:6 یاقووتی شین: ده‌شێت لاجیوه‌رد بێت.
  2. b. 28‏:14 به‌پێی بیروباوه‌ڕی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كۆن (قووڵایی ژێر زه‌وی) هه‌بوو كه‌ سه‌رچاوه‌ی كانیاو و ڕووباره‌كان بوو. بڕوانه‌ \+xt په‌یدابوون 7‏:11‏\+xt*‏.