عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئه‌یوب دیسان به‌ هه‌مان شێوه‌ قسه‌ی كرده‌وه‌ و گوتی:
2
«به‌ گیانی خودا كه‌ مافی خۆمی لێم داماڵیوه‌،
سوێند به‌ تواناداره‌كه‌ كه‌ ناخی منی تاڵكردووه‌،
3
هه‌تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ ژیانم له‌به‌ر بێت،
هه‌ناسه‌ی خودا له‌ لووتمدا بێت،
4
لێوه‌كانم به‌ خراپه‌ نادوێن و
زمانم به‌ فێڵ ناگه‌ڕێت.
5
له‌ من به‌دوور بێت بڵێم كه‌ ڕاستییه‌كه‌ی لای ئێوه‌یه‌،
هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ژیان به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌م دروستی له‌ خۆم دانابڕم.
6
ده‌ستم به‌ ڕاستودروستی خۆمه‌وه‌ گرتووه‌ و شلی ناكه‌م،
به‌ درێژایی ژیانم ویژدانم سه‌رزه‌نشتم ناكات.
7
«با دوژمنم وه‌ك به‌دكار بێت و
به‌رهه‌ڵستكارم وه‌ك زۆردار بێت.
8
چونكه‌ خوانه‌ناس كه‌ ده‌بڕدرێته‌وه‌ چ هیوایه‌كی هه‌یه‌،
كاتێك خودا ژیانی ده‌ڕفێنێت؟
9
ئایا خودا گوێی له‌ هاواری ده‌بێت
كه‌ ته‌نگانه‌ی به‌سه‌ردا دێت؟
10
یان ئایا به‌ تواناداره‌كه‌ دڵخۆش ده‌بێت؟
ئایا هه‌موو كاتێك داوا له‌ خودا ده‌كات؟
11
«من توانای خوداتان پێ ده‌ناسێنم؛
كاره‌كانی تواناداره‌كه‌ له‌ ئێوه‌ ناشارمه‌وه‌.
12
ئه‌وه‌تا ئێوه‌ هه‌مووتان بینیتان،
ئیتر بۆچی به‌ پووچی ده‌دوێن؟
13
«ئه‌مه‌ به‌شی كه‌سی به‌دكاره‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌،
میراتی سته‌مكاره‌ كه‌ له‌ تواناداره‌كه‌وه‌ وه‌ریده‌گرن.
14
ئه‌گه‌ر كوڕانی زۆر بوون ئه‌وا بۆ شمشێرن و
نه‌وه‌كه‌شی تێر نان نابن.
15
ده‌رد پاشماوه‌كه‌ی ده‌خاته‌ ناو گۆڕ و
بێوه‌ژنه‌كانیان ناگرین.
16
ئه‌گه‌ر زیو وه‌ك خۆڵ و
جلوبه‌رگ وه‌ك قوڕ كه‌ڵه‌كه‌ بكات،
17
ئه‌وه‌ی ئاماده‌ی ده‌كات ڕاستودروست له‌به‌ری ده‌كات،
بێتاوان زیوه‌كه‌ی دابه‌ش ده‌كات.
18
وه‌ك قۆزاخه‌ی مۆرانه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی بنیاد ده‌نێت و
وه‌ك كه‌پرێك چاودێر دروستی بكات.
19
به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی ڕاده‌كشێت، به‌ڵام جارێكی دیكه‌ نایكات؛
كه‌ چاوی ده‌كاته‌وه‌ هیچی نه‌ماوه‌.
20
كاره‌ساته‌كان وه‌ك لافاو پێی ده‌گه‌ن،
ڕه‌شه‌بایه‌ك به‌ شه‌و ده‌یڕفێنێت.
21
بای ڕۆژهه‌ڵات هه‌ڵیده‌گرێت و ده‌ڕوات،
له‌ شوێنی خۆی ڕایده‌ماڵێت.
22
له‌به‌رده‌م با به‌هێزه‌كه‌ هه‌ڵدێت،
بایه‌كه‌ش به‌بێ به‌زه‌یی لێی ده‌دات.
23
به‌ گاڵته‌پێكردنه‌وه‌ چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌دات،
به‌ فیكه‌لێدان له‌ جێی خۆیه‌وه‌ ده‌ریده‌كات.»