عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«بۆچی خودای هەرە بەتوانا کاتەکانی دادگاییکردنی خراپەکاران دیاری ناکات؟
بۆچی خواناسەکان ئەو ڕۆژانە نابینن؟
2
خراپەکاران سنوور دەگوازنەوە،
دەست بەسەر مێگەلێکدا دەگرن و دەیلەوەڕێنن.
3
گوێدرێژی هەتیوان دەدەنە پێش خۆیان و
گای بێوەژن وەک بارمتە دەبەن.
4
نەداران لەسەر ڕێگا دەردەکەن،
هەژارانی خاکەکە ناچار دەکەن خۆیان بشارنەوە.
5
هەژاران وەک کەرەکێوی لە چۆڵەوانی،
بۆ گەڕان بەدوای خواردندا دەچن،
دەشتودەریش نان بۆ منداڵەکانیان دابین دەکات.
6
لە کێڵگە ئالیکی خۆیان دروێنە دەکەن،
لە ڕەزی خراپەکار هەڵدەگرنەوە.
7
بە ڕووتی بەبێ جل سەر دەنێنەوە،
هیچ بەرگێکیان نییە لە سەرمادا.
8
لەبەر نەبوونی پەناگا بە بارانی چیاکان تەڕ دەبن و
خۆیان بە تاشەبەردەوە دەگرن.
9
بەدکار هەتیو لە مەمکان دەڕفێنن،
منداڵی ساوای هەژار وەک بارمتە دەگرن.
10
نەدار بە ڕووتی دەڕۆن، بەبێ جل،
بە برسیێتی کۆڵەکان هەڵدەگرن.
11
لەنێو کەڵەکی زەوییەکان زەیت دەگوشن،
بە پێیان گوشەرەکان دەپەستن و تینوو دەبن.
12
ئەوانەی لەناو شار لەناودەچن دەناڵێنن،
گیانی برینداران بۆ فریاکەوتن هاوار دەکەن،
بەڵام خودا هیچ کەس بە خراپەکاری تاوانبار ناکات.
13
«ئەوانە کە لە ڕووناکی یاخین،
نە ڕێگاکانی دەزانن و
نە لە ڕێڕەوەکانی دەمێننەوە.
14
بکوژ لەگەڵ ڕووناکی هەڵدەستێت و
هەژار و نەدار دەکوژێت؛
بە شەویش بۆ دزی دەچێت.
15
چاوی داوێنپیسیش تێبینی تاریکوڕوونی دەکات؛
دەڵێت: ”هیچ چاوێک چاودێریم ناکات،“
ڕووپۆشێک لەسەر ڕووی دادەنێت.
16
لە تاریکیدا ماڵ دەبڕن،
لە ڕۆژیشدا دەرگا لەسەر خۆیان دادەخەن؛
ڕووناکی ناناسن.
17
تاریکی شەو بەیانییە لەلای ئەوان،
هاوڕێی تۆقێنەرەکانی تاریکین.
18
«لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانە کەفن لەسەر ڕووی ئاوەکان؛
بەشیان لە زەوی نەفرەت لێکراوە،
لەبەر ئەوە کەس ناچێتە ڕەزەکان.
19
وەک چۆن وشکەساڵی و گەرما ئاوی بەفر دەبات،
جیهانی مردووانیش گوناهباران دەڕفێنێت.
20
سکی دایک لەبیریان دەکات و
کرم تامی دەمی پێیان خۆش دەکات؛
ئیتر یادی خراپەکار ناکرێتەوە و
وەک دار دەشکێت.
21
لەگەڵ نەزۆک کە منداڵی نەبووە بە خراپی هەڵسوکەوت دەکەن،
هیچ چاکەیەک لەگەڵ بێوەژن ناکەن.
22
بەڵام خودا بە هێزی خۆی پاڵەوانان دەگرێت؛
هەرچەندە هەڵدەستن بەڵام کەسیان لە ژیانی خۆی دڵنیا نابێت.
23
دەشێت بیانهێڵێت بە ئاسوودەیی بژین،
بەڵام چاوی لەسەر ڕێگاکانیانە.
24
کەمێک پایەدار دەبن و ئیتر نامێنن؛
نزم دەبن و وەک هەمووان کۆدەکرێنەوە،
وەک سەری گوڵەگەنم دەبڕێنەوە.
25
«ئەگەر وا نییە، کێ بە درۆم دەخاتەوە و
قسەکانم وەک هیچ لێ دەکات؟»