عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قسه‌ی هه‌شته‌می ئه‌یوب 
1
ئه‌یوبیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
2
«هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆش سكاڵاكه‌م جه‌رگبڕه‌؛
له‌گه‌ڵ ناڵینم ده‌ستی خودا له‌سه‌رم هه‌ر قورسه‌.
3
خۆزگه‌ ده‌مزانی چۆن پێی بگه‌م؛
ده‌هاتمه‌ لای نشینگه‌كه‌ی!
4
به‌ ڕێكوپێكی كێشه‌ ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌می،
ده‌مم پڕ ده‌كه‌م له‌ به‌هانه‌،
5
هه‌تا بزانم چۆن وه‌ڵامم ده‌داته‌وه‌ و
له‌وه‌ تێبگه‌م كه‌ پێم ده‌ڵێت.
6
ئایا به‌ زۆری هێز مشتومڕم له‌گه‌ڵ ده‌كات؟
نه‌خێر، به‌ڵكو په‌لكێشی دادگام ناكات.
7
له‌وێ كه‌سی ڕاست به‌هانه‌ی بۆ ده‌هێنایه‌وه‌ و
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ ده‌ست داده‌وره‌كه‌م ده‌رباز ده‌بووم.
8
«به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات بچم له‌وێ نییه‌،
به‌ره‌و ڕۆژئاواش هه‌ستی پێ ناكه‌م.
9
كاتێك له‌ باكوور كار ده‌كات، به‌رچاوم ناكه‌وێت؛
كاتێك به‌ره‌و باشوور ده‌سووڕێته‌وه‌، نایبینم.
10
به‌ڵام ڕێگام ده‌زانێت،
دوای ئه‌وه‌ی تاقیم ده‌كاته‌وه‌ وه‌ك زێڕ ده‌رده‌چم.
11
پێیه‌كانم به‌ هه‌مان هه‌نگاوی ئه‌و ڕۆیشتوون،
ڕێگای ئه‌وم گرته‌به‌ر و لام نه‌دا.
12
له‌ فه‌رمانه‌كانی زمانی ئه‌و لام نه‌داوه‌؛
له‌ نانی پێویستی خۆم زیاتر قسه‌كانی ده‌می ئه‌وم له‌ گه‌نجینه‌ی دڵم هه‌ڵگرتووه‌.
13
«به‌ڵام ئه‌و تاك و ته‌نهایه‌ و كێ ڕێی لێ ده‌گرێت؟
ئه‌وه‌ی ئاره‌زووی لێ بێت، ده‌یكات.
14
فه‌رزی خۆی له‌ دژی من جێبه‌جێ ده‌كات،
پلانی وه‌ك ئه‌مانه‌ش زۆره‌ له‌لای.
15
له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌به‌رده‌می ده‌تۆقم؛
سه‌رنج ده‌ده‌م و لێی ده‌ترسم.
16
خودا دڵی بێهێز كردم؛
تواناداره‌كه‌ منی تۆقاند.
17
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاریكی و ته‌مه‌ چڕه‌كه‌ش
كه‌ ڕوخساری داپۆشیم بێده‌نگم ناكات.