عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وه‌ڵامی سێیه‌می ئه‌لیفاز 
1
ئه‌لیفازی تێمانیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
2
«ئایا مرۆڤ سوودی بۆ خودا هه‌یه‌؟
ته‌نانه‌ت كه‌سێكی دانا، ئایا سوودی بۆ خودا هه‌یه‌؟
3
ئایا خۆشی تێدایه‌ بۆ تواناداره‌كه‌ كه‌ تۆ ڕاستودروست بیت؟
ئه‌گه‌ر ڕه‌فتاره‌كه‌شت بێ كه‌موكوڕی بێت، ئایا قازانجی بۆ خودا تێدایه‌؟
4
«ئایا له‌سه‌ر له‌خواترسییه‌كه‌ت سه‌رزه‌نشتت ده‌كات و
تۆ ده‌داته‌ دادگا؟
5
ئایا خراپه‌كانت زۆر نین و
تاوانه‌كانیشت بێ كۆتایی نین؟
6
چونكه‌ به‌بێ هۆ بارمته‌ت له‌ برای خۆت وه‌رگرت و
جلت له‌به‌ر داكه‌ند ڕووتت كرده‌وه‌.
7
ئاوت نه‌دا به‌ تینوو و
ئاماده‌ نه‌بووی نان بده‌یته‌ برسی،
8
هه‌رچه‌نده‌ تۆ خاوه‌ن زه‌وی و پیاوێكی به‌ توانا بووی،
كه‌ وه‌ك كه‌سێكی ناودار تێدا نیشته‌جێ بوو.
9
بێوه‌ژنانت به‌ ده‌ستبه‌تاڵی به‌ڕێكرد و
ده‌ستی هه‌تیوانت شكاند.
10
له‌به‌ر ئه‌وه‌ چوارده‌ورت ته‌ڵه‌یه‌ و
ترسی له‌ناكاو ده‌تتۆقێنێت،
11
له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ تاریك بووه‌ كه‌ نابینیت و
لافاوێك داتده‌پۆشێت.
12
«ئایا خودا له‌ به‌رزی ئاسمان نییه‌؟
سه‌یری لووتكه‌ی ئه‌ستێره‌كان بكه‌ چه‌ند خۆیان بڵند گرتووه‌!
13
به‌ڵام تۆ ده‌ڵێیت: ”خودا چی ده‌زانێت؟
ئایا له‌ پشت هه‌وری ڕه‌شه‌وه‌ دادوه‌ری ده‌كات؟
14
هه‌وره‌كان په‌رده‌ن بۆ ئه‌و ئیتر نامانبینێت
كه‌ به‌سه‌ر بازنه‌ی ئاسمان هاتوچۆ ده‌كات.“
15
ئایا تۆش به‌و ڕێگا كۆنه‌دا ده‌ڕۆیت
كه‌ خراپه‌كاران پێیدا ڕۆیشتوون؟
16
ئه‌وانه‌ی پێش وه‌خت ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا،
ڕووبار به‌سه‌ر بناغه‌كه‌یاندا ڕژا.
17
ئه‌وانه‌ی به‌ خودایان گوت: ”لێمان دوور بكه‌وه‌!
خودای هه‌ره‌ به‌ توانا چیمان له‌گه‌ڵ ده‌كات؟“
18
به‌ڵام ئه‌و بوو كه‌ ماڵه‌كانی ئه‌وانی پڕكردووه‌ له‌ خێروخۆشی،
با ڕاوێژی خراپه‌كاران لێم دوور بێت.
19
ڕاستودروستان كه‌ وێرانییان ده‌بینن، دڵخۆش ده‌بن،
بێگه‌ردیش گاڵته‌یان پێ ده‌كات:
20
”بێگومان به‌رهه‌ڵستكارانمان له‌ناوده‌چن و
سامانه‌كه‌شیان ئاگر ده‌یخوات.“
21
«تكایه‌ له‌گه‌ڵ خودا ڕێك بكه‌وه‌ و له‌ ئاشتی به‌،
به‌مه‌ خێرۆخۆشیت بۆ دێت.
22
تكایه‌ فێركردنه‌كان له‌ ده‌میه‌وه‌ وه‌ربگره‌ و
قسه‌كانی بخه‌ دڵته‌وه‌.
23
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ لای خودای هه‌ره‌ به‌ توانا بنیاد ده‌نرێیته‌وه‌،
ئه‌گه‌ر سته‌م له‌ چادره‌كه‌ت دووربخه‌یته‌وه‌،
24
ئه‌گه‌ر زێڕ فڕێبده‌یته‌ سه‌ر خۆڵ و
زێڕی ئۆفیر بۆ ناو به‌ردی شیوه‌كان،
25
ئه‌و كاته‌ تواناداره‌كه‌ ده‌بێت به‌ زێڕه‌كه‌ت و
به‌ زیوی گرانبه‌ها بۆ تۆ.
26
بێگومان ئیتر خۆشی له‌ تواناداره‌كه‌ ده‌بینیت،
ڕووت له‌ خودا ده‌كه‌یت.
27
نوێژی بۆ ده‌كه‌یت و گوێت لێ ده‌گرێت،
نه‌زره‌كانت[a] به‌جێده‌هێنیت.
28
بڕیار ده‌ده‌یت و بۆت جێبه‌جێ ده‌بێت،
به‌سه‌ر ڕێگاكانت ڕووناكی ده‌دره‌وشێته‌وه‌.
29
كاتێك خه‌ڵك ده‌كه‌ون تۆ ده‌ڵێیت: ”هه‌ڵیانبستێنه‌وه‌!“
ئه‌وا خودا ماتومه‌لووله‌كان ڕزگار ده‌كات.
30
ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ بێگه‌رد نییه‌ ده‌ربازی ده‌كات،
به‌هۆی ده‌ستپاكییه‌كه‌ت ده‌رباز ده‌بێت.»
  1. a. 22‏:27 نه‌زر: داوا له‌ خودا ده‌كرێت بۆ ئه‌نجامدانی كارێك و پابه‌ند ده‌كرێت به‌ مه‌رجێكه‌وه‌. ئه‌گه‌ر خودا ئه‌و كاره‌ بكات، ئه‌وا ده‌رئه‌نجام ئه‌میش ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام ده‌دات كه‌ پێیه‌وه‌ پابه‌ندی كردووه‌. بڕوانه‌ \+xt سه‌رژمێری 21‏:2‏\+xt*‏.