عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قسه‌ی حه‌وته‌می ئه‌یوب 
1
ئه‌یوبیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
2
«به‌ گوێگرتن گوێ له‌ قسه‌كانم بگرن؛
با ئه‌مه‌ ببێته‌ دڵنه‌واییتان.
3
به‌رگه‌م بگرن كه‌ قسه‌ ده‌كه‌م و
پاش قسه‌كانم گاڵته‌ بكه‌ن.
4
«ئایا من سكاڵاكه‌م له‌ مرۆڤه‌؟
بۆچی ئارامیم لێ نه‌بڕێت؟
5
ڕووم لێ بكه‌ن، واقتان وڕبمێنێت و
ده‌ست بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌متان.
6
كاتێك به‌بیرم دێته‌وه‌ ده‌تۆقم؛
موچڕكه‌ به‌ له‌شمدا دێت.
7
بۆچی به‌دكاران ده‌ژین و پیر ده‌بن،
هه‌روه‌ها به‌ هێزه‌وه‌ زاڵ ده‌بن؟
8
نه‌وه‌یان له‌به‌رده‌میان له‌گه‌ڵیان ڕاوه‌ستاوه‌،
وه‌چه‌یان له‌به‌رچاویانه‌.
9
ماڵه‌كانیان له‌ ترس دڵنیایه‌؛
كوته‌كی خودا به‌سه‌ریانه‌وه‌ نییه‌.
10
گایه‌كه‌یان ده‌په‌ڕێت و هه‌ڵه‌ ناكات؛
مانگاكه‌یان ئاوس ده‌بێت و له‌ باری ناچێت.
11
منداڵه‌كانیان وه‌ك مه‌ڕ به‌ڕه‌ڵا ده‌كرێن؛
شیره‌خۆره‌كانیان سه‌ما ده‌كه‌ن.
12
ده‌ف و قیساره‌ به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرن؛
به‌ ده‌نگی دووزه‌له‌ دڵخۆش ده‌بن.
13
ڕۆژگاریان به‌ خێروخۆشی به‌سه‌رده‌به‌ن و
به‌ ئارامییه‌وه‌ بۆ ناو جیهانی مردووان شۆڕ ده‌بنه‌وه‌.
14
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ خودا ده‌ڵێن: ”لێمان دوور بكه‌وه‌!
دڵخۆش نابین به‌ ناسینی ڕێگاكانت.
15
تواناداره‌كه‌ كێیه‌ هه‌تا خزمه‌تی بكه‌ین؟
سوودی چی ده‌بینین كه‌ لێی بپاڕێینه‌وه‌؟“
16
به‌ڵام خێروخۆشییان له‌ ده‌ستی خۆیان نییه‌،
با ڕاوێژی به‌دكاران لێم دوور بێت.
17
«چه‌ند كه‌م چرای به‌دكاران ده‌كوژێته‌وه‌ و
كاره‌ساتیان به‌سه‌ردێت،
یان خودا له‌ تووڕه‌یی خۆیدا ئازاری كردووه‌ به‌ به‌شیان؟
18
یان وه‌ك كا بن له‌به‌رده‌م با و
وه‌ك ئه‌و سه‌ركۆزه‌ره‌ی ڕه‌شه‌با بردوویه‌تی؟
19
ده‌گوترێت: ”خودا تاوانی به‌دكاران بۆ كوڕه‌كانیان هه‌ڵده‌گرێت.“
با سزای گیانی خۆیان بدات تاوه‌كو بزانن!
20
با چاوه‌كانیان له‌ناوچوونه‌كه‌یان ببینن،
له‌ جامی تووڕه‌یی خودای هه‌ره‌ به‌ توانا بخۆنه‌وه‌،
21
چونكه‌ له‌دوای ئه‌وان، كه‌ ژماره‌ی مانگه‌كانیان ته‌واو ده‌بێت،
ئایا گوێ به‌ كه‌سوكاریان ده‌ده‌ن؟
22
«ئایا خودا فێری زانین ده‌كرێت،
ئه‌و كه‌ دادوه‌ری پایه‌داره‌كان ده‌كات؟
23
كه‌سانێك هه‌ن له‌وپه‌ڕی ته‌ندروستیدا ده‌مرن،
كاتێك به‌ ته‌واوی دڵنیا و ئارامن،
24
له‌شیان ساغن و
مۆخیان ناو ئێسكه‌كانیان هێشتا ته‌ڕن.
25
كه‌سانێكی دیكه‌ش به‌ په‌ژاره‌وه‌ ده‌مرن و
تامی خێروخۆشییان نه‌كردووه‌.
26
هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ له‌ناو گڵ ڕاده‌كشێن و
كرم دایانده‌پۆشێت.
27
«بیركردنه‌وه‌ی ئێوه‌ باش ده‌زانم و
ئه‌و پیلانانه‌ی بۆ سته‌ملێكردنم داتانناوه‌،
28
چونكه‌ ده‌ڵێن: ”كوا ماڵی گه‌وره‌ پیاوه‌كه‌؟
كوا چادری نشینگه‌ی خراپه‌كاران؟“
29
ئایا پرسیارتان له‌ ڕێبواران نه‌كردووه‌ و
سه‌رنجتان نه‌داوه‌ته‌ هه‌واڵه‌كانیان؟
30
به‌دكار له‌ ڕۆژی كاره‌سات هه‌ڵدێت،
ئایا له‌ ڕۆژی تووڕه‌یی ده‌رباز ده‌بێت؟
31
كێ به‌ره‌و ڕوو له‌سه‌ر ڕه‌فتاره‌كه‌ی سه‌رزه‌نشتی ده‌كات؟
كێ سزای ده‌دات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كردوویه‌تی؟
32
ئه‌و به‌ره‌و گۆڕه‌كان ده‌بردرێت و
له‌سه‌ر گۆڕستان شه‌واره‌ ده‌گرێت.
33
قوڕی دۆڵه‌كه‌ شیرینه‌ بۆ ئه‌و؛
هه‌موو مرۆڤ به‌دوایه‌وه‌ ده‌ڕۆن و
له‌پێشیشیه‌وه‌ به‌بێ ژماره‌.
34
«ئیتر چۆن به‌ قسه‌ی پڕوپووچ دڵنه‌واییم ده‌ده‌نه‌وه‌؟
له‌ وه‌ڵامه‌كانتان ته‌نها بێوه‌فایی ده‌بینم!»